ڕێگای (هاملتۆن) چۆن درووستکرا و کێ درووستی کرد؟ بۆچی پێی دەوترێت هاملتۆن؟
نووسینی: مەریوان مەسعود
زیاتر لە 100 ساڵە ڕێگاکە هەیە و هەر ستراتیژییە و هەولێر بە دەرەوە دەبەستێتەوە.
مەلیک فەیسەڵ لەمەراسیمی کردنەوەکەدا چی وت؟!
لە ساڵانی 1928 تا 1932 بە فەرمانی مەلیک فەیسەڵی یەکەم، بڕیاری درووستکردنی سەختترین بەڵام گرنگترین ڕێگای ستراتیژی درا لە ئێراق ئەویش ڕێگای هاملتۆن بوو لە شاری هەولێر چونکە چەندین شاخ و چیا و بەردی گەورەی بۆ شکێندرا تا ڕێگاکە درووستکرا کە لە هەولێرەوە دەستپێدەکات بە گەلی عەلی بەگ و تەنیشت #ڕواندز# ڕەت دەبێت تا دەگاتە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و سنووری ئێران.
ئەم ڕێگا ستراتیژییە کە لەلایەن ئەندازیارێکی نیوزلەندی بەناوبانگ سەرپەرشتی دەکرا بەناوی (ئارشیا مایڵن هاملتۆن) کە پەڕتووکێکێشی هەیە لەسەر کوردستان، بۆ ئەو سەردەمە زۆر گرینگ و وەچەرخانێکی ئەندازیاری گەورە بوو.
لەبارەی کارەکەی هاملتۆنەوە، لیوا ڕۆبنسن-ی بەریتانی دەڵێت:
ئەندازیاری وام نەدیبوو بۆ پێنج ساڵ بێ وچان لەسەرمای سەختی ناوچەکەش هەر بەردەوام بوو لە کارەکانی، پشتی بە تەقەمەنی دەبەست بۆ تەقاندنەوە و بڕینی شاخ و چیاکان، بەدەستی خۆی مووچەی دەدا بەکرێکارەکان و وەکوو ئەوان لە یەک سفرە نانی دەخوارد، تا کارەکەی تەواوکرد!
ئەمەش وایکرد لە مەراسیمی کردنەوەی ڕێگاکە مەلیک فەیسەڵ بڵێ بەراستی ڕێگاکە، ڕێگای هاملتۆنە.[1]
تێبینی: ساڵی 2009 کچەکەی و هاوسەرە پیرەکەی سەردانی شارۆچکەی ڕواندزیان کرد، بۆ ئەوەی ئەو کارە سەختە ببینن کە هاملتۆن 100 ساڵ پێش ئێستا ئەنجامی داوە.