لە دیمانەیەکی باسنیوز دا (سەعید جردۆ)، سەرۆکی نوێی دەستەیی باڵای بنکەی #لالش#ی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی گوتی:'' لەسەر هەمان خەبات و دروشمە بەناوبانگەکەی کە (لالش کە کانیاوێکی زوڵاڵە و دەچێتە نێو ڕووباری ڕۆشنبیری کوردی)یەوە و بە خوێنێکی تازە و یەکگرتوو و یەک تیم کاردەکەین، لە پێناو ناساندن و پاراستنی کولتووری ئێزدییان بە جیهان و دەست بە دروستکردنی کەناڵە ڕۆشنبیرییەکان دەکەین.
(باسنیوز) کۆنگرەی 14ی بنکەی لالش چۆن بەڕێوەچوو؟
سەعید جردۆ: کۆنگرەی بنکەی لالش لە سەرەتای مانگی ئاب بەڕیوەچوو و زیاتر لە 400 کەس بەشدارییان تێیدا کرد و لە هەموو ناوچە ئێزدی نشینەکان بەشدارییان هەبوو، هەموو ئەندامەکانی لالش بە ئازادانە و دیموکراسیانە بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد، 15 کەس بۆ دەستەی باڵای بنکەکە هەلبژێردران، دوای چەند ڕۆژ سەرۆک و جێگر و سەرۆک لیژنەکان دانران.
(باسنیوز) کارنامەی دەستەی نوێی بنکەی لالش چییە؟
سەعید جردۆ: ئەمجارە دەستەی باڵا بە یەک تیم لە هەموو ناوچە ئێزدینشینەکان کار بۆ ناساندنی چاند و کولتووری ڕەسەنی ئێزدییان بە دونیا دەدەین و هەوڵ دەدەین، و ئەو شتە ناڕاستانەی لە سەر ئێزدییان نووسراوە ڕاست بکەینەوە، هەروەها هەوڵ دەدەین، بە یەکگرتوویی خزمەت بە ئێزدیاتی و کوردایەتی بکەین لە بوارەکان ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی.
(باسنیوز) بۆ ناساندنی کەیسی ئێزدییان چی دەکەن؟
سەعید جردۆ: یەکێک لە کارە لە پێشینەکانمان بە جینۆساید ناساندنی کەیسی ئێزدیەکانە بە جیهان، لە ڕیگای هەموو لق و نووسینگەکانمان کار بۆ هاوکاری ئێزدییان و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانمان بەهێزتر دەکەین، چونکە ئێزدیەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵکووژیەکی گەورەبوون، دەبێت سەرجەمی ئەم تاوانانە دۆکیومێنت بکرێن.
(باسنیوز) بۆ کردنەوەی لق و نووسینگەکانتان چ بەڕنامە و پلانێکتان هەیە؟
سەعید جردۆ: ئامانجی بنکەی لالش کردنەوەی کەناڵە ڕۆشنبیرییەکانە لە هەموو شوێنەکانی دونیا و یەکێک لە ئامانجەکانمان کردنەوەی نووسینگەکانە لە هەموو شوێنەکانی ئێزدیی نشینەکان.[1]