وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی
هاوپەیمانیی ''فەتح'' بە ڕێبەریر ''هادی عامری'' و چەند هاوپەیمانیی دیکەی نزیک لە میلیشیاچەکدارەکانی ئێراق کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانە پشتیوانیان لی دەکرێت، لە پێنجەمین خوڵی هەڵبژرادەنەکانی ئێراق ژمارەیەکی زۆر کورسییەکانی ئێستای خۆیان لە پەڕڵەمانی ئێراق لەدەست دا.
ڕەوتی سەدر، بە ڕێبەریی ''موقتەدا سەدر'' بە 76 کورسی زۆترترین کورسی لە کۆی 329 کورسیی پەڕڵەمانی ئێراق بەدەست هێنا.
لەو هەڵبژاردنانەدا هاوپەیمانیی ''ئەلتەقدۆم'' 38 کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 37 کورسی و پارتی دێموکراتی کوردستان 32 کورسیی پەڕڵەمانی ئێراقیان بەدەست هێناوە.
لەم وتووێژەدا شکستی لایەنەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە هەڵبژرادنەکانی ئێراق لەگەڵ بەڕێز ''ماردین ڕەحیم نژاد'' چالاکی سیاسی خستووە بەر باس کە سەرنجاتی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشێن.
1-ئاکامی هەڵبژرادنەکانی پەڕڵەمانی ئێراق، شکستێک بۆ ڕێژیمی ئێران و سیاسەتەکانی لە ئێراق دێتە ئەژمار؟
لە دوای ڕووخانی سەرەکیترین نەیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، واتە سەدام و هاتنە سەر کاری گرووپە شێ=یعەکان هاوسەنگیی هێز بە قازانجی کۆماری ئیسلامیی ئێرانئێران گۆڕانکاری بەسەردا هات و کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاستەوخۆ بوو بە داڕێژەری سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندی ئێراق. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شکست دانی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە، لە ئێراق دەستی کرد بە سازکردنی گرووپی توندئاژۆ و بەهێزکردنی بەرەی مۆقاومەت. ئاکامی ئەو هەموو گرووپە چەکدارە کە لەنێو ئێراقدا سازی کردن دوو دەیە شەڕ و ئاڵۆزی و لێکترازان و وێرانی بوو. ئەمە بوو بە هۆکاری ماندووی و تووڕەبوونی خەڵکی ئێراق لەو گرووپانە کە لە جیاتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێراق، کەوتبوونە گێژاوی شیعەئیزمی ویلایەتێ فەقیهەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خۆی ئاڵترناتیڤ و بە نوێنەری وتارێکی نە ڕۆژاوایی و نە ڕۆژهەڵاتی پێناسە دەکرد، تەنیا لە چوارچێوەیەکی پڕۆپاگەندەییدا بۆ فریودانی شۆنکەوتووەکانی خۆی، ماوەیەک ئێرزای ڕۆحی کران. بەڵام نە لە ئاستی گۆتاریدا توانای کێبڕکێی هەبوو لەگەڵ نەزمی نوێی جیهانی و لیبراڵیزم کە هەڵگری پەیامی دێموکراسی و ئازادی و بازاڕی ئازاد و.... و نە لە ئاستی خۆشبژێوی و گەشە پێشکەوتنیشدا نەیتوانی نوێنەرێکی سەرکەوتوو بێت بۆ هیوای دواڕۆژی خەڵکی ئێراق. چوونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک بۆ ئێراق بەڵکوو بۆ نێوخۆی ئێرانیش لە هەموو ڕەهەندەکاندا شکستی خواردووە و پووکاوەتەوە و دیارە وڵاتێکی پووکاوە ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکی پۆزەتیڤی بۆ وڵاتانی دیکە هەبێت.
ڕەهەندێکی دیکەی شکستی ئێران لە ئێراقدا مەرجەعییەتی شیعەیە کە هەم لە ڕووی هزری سیاسی و هەم لە ڕووی کێی؟ و کوێنە؟ مەرجەع بوونەوە جیاوازیان هەیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواوی هەوڵی ئەوە بوو کە قۆم ئۆمۆلقۆڕای دنیای ئیسلام بێت و نەجەفیش پەیڕەو و گوێڕایەڵی بێت.
2-ئاکامی گشتی ئەو هەڵبژاردنە چ پەیامێکی بۆ ڕێژیمی ئێران هەیە؟
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەسەر ئابوورییەکی بەهێز و هێزی سەربازی بەهێز و تەکنۆلۆژی و زانست و گۆتار و فەلسەفەی سیاسی بەهێز بۆنیاد نەنراوە بەڵکوو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر پەروەردەکردن و پڕچەککردنی کۆمەڵێک گرووپی تۆندئاژۆ دامەزراوە کە هەموویان لەسەر ئابوورییە نەخۆش و لاواز و ڕانتییەکەی ئێران بارگرانیین و شکستی ئەو گرووپە هاوپەیمانانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانلە هەڵبژاردنەکانی ئێراقدا کاریگەرییەکی بەرچاوی لە پاشەکشەیدا هەیە و مانۆڕی ئێران بۆ هێز نواندن لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراقدا بەرتەسک دەکەنەوە.
کاتێک سەیری هەموو ڕووداوەکانی ناوچەکە دەکەین بەڕوونی شکستی ستراتیژی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانهەست پێەکەین. لە لایێکەوە کێشەی ئازەربایجان و تورکیا لەگەڵ ئێران لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتگرتنی تاڵەبان و ئەگەری چوونی هێزە تۆندڕەوەکان بۆ ئەفغانستان و ئێستایش شکستی هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانلە ئێراق ئەمانە هەموویان ئاماژەن بۆ لاوازبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانلە ناوچەکەدا.
لاوازبوونی بەرەی مۆقامەت دەتوانێت بۆ ئامریکا و هاوپەیمانەکانیشی لە ناوچەکەدا پەیامی تێدا بێت. یەکەم ئەوە کە ڕەنگە لە داهاتوودا ئامریکا لە دەوڵەتی ئێراق داوا بکات کە ڕێکەوتنێکی نوێی سەربازی مۆر بکەن. دووەم بە لاوازبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانلە ناوچەکەدا گۆشارەکانی ئامریکا بۆ ڕێکەوتنی نوێی ئەتۆمی زۆرتر دەبن هەروەکوو چۆن چەند ڕۆژ پێش ئێستا ئانتۆنی بلینکێن وتی ئەگەر لەگەڵ ئێراندا دیپلۆماسی شکست بێنێت هەموو بژاردەکان لەبەر دەستدا دەبن. یان نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەکانی تۆندتر کردووەتەوە. ئەمانە هەمووی پەیامن بۆ لاواز بوونی کۆماری ئیسلامی.
3-گرووپەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە ئێراق، بۆ چی دەڵێن ئاکامی هەڵبژاردنەکان قەبووڵ ناکەین؟
ئەو گرووپانە دەستپەروەردەی سپای قۆدسن و فەلسەفە و هزری ئەوان بۆ داڕشتنی کۆمەڵگەیێکی دێموکراتیک دانەمزراوە و بڕوایان بە هیچ پڕۆژەیەکی دێموکراتیک نییە. ئەوان دەیانهەوێت لە ڕێگای هێزەوە دەسەڵات بسەپێنن و کۆمەڵگەی ئێراق کە کۆمەڵگەیەکی فرە ڕەنگ و ناتەبایی یەکدەست بکەن کە بە بڕوای من مۆمکین نییە بتوانن ئەو کارە بکەن. ئەگەر سەیری هەڵبژاردنەکانی ئێرانیش لە ساڵی 88 هەتاویدا بکەین ئەحمەدی نژاد بە شێوەیەکی ڕوون و بەرچاو دۆاڕاندی بەڵام بە بەکار هێنانی سپا و بەسیج و هێزی سەربازی و سەرکوت سەرۆککۆماری دڵخوازی خۆیان بردە سەر کورسی. ئەم سێناریۆ لە ئێراق دووبارە نابێتەوە نە مەرجەعی شیعە پشتی دەگرێت نە سەدریەکان، نە گرووپە میانڕەوەکان نە سونە و نەکوردیش. و ئەو ملیشیایانەیش دەسەڵاتی ئەوەیان نییە و بەهۆی سەرکوتی بێبەزەییانەی ناڕازیانی ئێراق و کوشتنی زیاتر لە 600 کەس، بێزراون و جارێکی تر ناتوانن لە گۆڕەپانی ئێراقدا تەڕاتین بکەن.
4-جەریان سەدر چییە و چ ڕۆڵێک لە سیاسەتی ئێراق دەگێڕێت و لەگەڵ ڕێژیمی ئێران چۆن مامەڵە دەکات؟
مۆقتەدا سەدر کوڕی سەید محەمەد سەدرە و ڕێبەری ڕەوتی سەدر کە دەتوانیین بەم چەند تایبەتمەندیانە ڕەوتی سەدر ئاماژە بکەین. یەکەم؛ ڕەوتی سەدر ڕەوتێکی شیعەی ملی-مەزهەبییە و بەپێچەوانەی ئایەتۆڵڵا سیستانی کە بڕوای وایە دەبێت ئایین ڕۆڵی ڕاوێژکاری ببینێت لە دەسەڵاتدا (کەفالەتی فەقێ)، سەدریەکان بڕوایان بە بەشداری ڕاستەوخۆ لەنێو دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەتێکی ئیسلامی شێعی هەیە. دووەم؛ ڕەوتی سەدر مەرجەعییەتی شیعی عەرەبیان قەبووڵە و نەجەف و کەربەلا بە ئۆمۆلقۆڕای دنیای ئیسلام دەزانن و دژی مەرجەعییەتی عەجەمن و ئەمە خاڵی دەستپێکی ڕووبەڕوووبوونەوەیانە لەگەڵ ویلایەتی فەقێی ئێراندا. سێیەم؛ مۆقتەدا سەدر تا ئێستا دژبەرێکی سەرسەختی میلیشیاکانە و بڕوای بە دەوڵەتێکی مەدەنی هەیە و دەڵێت دەبێت چەک تەنیا لە دەستی حکومەتدا بێت و هەموو میلیشیاکان یان بچنە ناو سپای ئێراق یان چەک بکرێن. و ئەگەر ئەم شتە بگەیێنێتە ئەنجام هەموو ئەو گرووپانەی کە قاسم سڵێمانی دایمەزراندن بۆ دەستێوەردان لە گۆڕەپانی ئێراقدا کۆتاییان پێدێت و ئەمە ئێران بە لێدانی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەیزانێت و دەیەوێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە یان لانی کەم بەشێوازێکی سیاسی بگەڕێتەوە ناو کایەکانی ئێراق و مل بە چەک داماڵینی میلیشیاکانی بدات. چوارەم؛ سەدر دەیەوێت دژی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکەیە لە ئێراقدا و دەیەوێت هەم سەروەری و هەمیش شۆناسی عەرەبی ئێراق پارێزراو بێت و لانی کەم هاوسەنگیێک لەنێوان ئێران و تورکییە و وڵاتانی عەرەبیدا هەبێت. چوارەم؛ ڕاستە مۆقتەدا سەدر ڕێبەرایەتی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێراقی کرد دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگۆزاری و... بەڵام بەگشتی ڕەوتی سەدریش چوونکە ڕەوتێکی ئایینییە و بە خوێندنەوەیەکی ئایینی دەیەوێت ساختاری سیاسی دابڕێژێت پێیناچێت ئاسۆیەکی ڕووناک لە بەردەم خەڵکی ئێراقدا بێت.
5-بە سەرنجدان بە ئاکامی ئەو هەڵبژادنانە پێگەی کوردستانی باشوور لە دەسەڵاتی داهاتووی ئێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
هەم گۆڕانکارییەکانی بەغدا و هەم گۆڕانکارییەکانی هەولێر بە ئاڕاستەیەکدا چوونکە دەتوانن سەنگ و قورسایی بۆ باشووری کوردستان بگەڕێننەوە. جیا لە ڕەوتی سەدر کە بەوردی باسمان کرد کۆتلەی ئەلحەلبووسیش کە سوننەیە و 37 کورسی هێناوە لە دەوڵەتی داهاتوودا دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت. ئەگەر سوننییەکانیش بتوانن کۆدەنگیێک درووست بکەن ڕەنگە دوور نەبێت ئەوانیش بەپێی یاسا داوای سیستمی فیدراڵی بکەن بۆ ناوچەکانیان و ئەمە دەتوانێت خاڵێکی وەرچەرخان بێت لە ئێراقدا. لە باشووری کوردستانیش هەر وەکوو بینیتان پارتی دێموکراتی کوردستان کە پارتێکی نەتەوەییترە 32 کورسی هێنا و هەموو پارتەکانی تر تێکڕا تەنیا 27 کورسیان هێناوە. خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج ئەوە بوو گۆڕان کە هەڵبژاردنی پێشوو هێزی دووەم بوو هیچ کورسی نەهێنا لەجێی ئەو نەوەی نوێی 9 کورسی بردەوە. خاڵێکی دیکە کە جێگای ئاماژە پێکردنە لە ناوچە دابڕێنراوەکان زۆرینەی کورسییەکان بۆ پارتی دێموکراتی کوردستان بوون. بەتایبەت شنگال و کەرکووک و ئەمە هەمووی لە سیاسەتدا حیسابیان لەسەر دەکرێت و خاڵی بەهێزن. بەگشتی من پێم وایە ئەم جارە کورد زۆر ئاسانتر بتوانێت لە پاڕلەمانی ئێراق هاودەنگ بێت و چوونکە زۆرینەی کورسییەکان لای پارتی و یەکییەتییە و پارتە ئێراقییەکانیش ئەوە باش دەزانن دەبێت لەگەڵ ئەوان مامەڵە بکەن. تا ئێستا جۆرێک تارمایی لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبوو و هەندێک دەنگی کوردی نەشازی دژە کورد لە بەغدا هەبوون کە بە پاڵپشتی نەیارانی کورد شێوازی مامەڵە و بابەتی نەتەوەییان دابەزاندبوو بۆ بودجە و مووچە، هەموویان شکستیان هێنا و ئێستا بە بەرچاوڕوونییەوە دەتوانن بچنە بەغدا و بەغدایش بەردەنگی کوردی و پەیامی کوردی ڕوونتر دەبینێت.
6-ئایا ئەو دۆخەی کە لە ئێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتووەتە پێش ئەگەری هەیە لە وڵاتای دیکەی وەکوو لوبنان دووپات بێتەوە؟
لەمێژە لوبنان زەرفیەتی دژایەتی ئێران و شکاندنی پڕۆژەی ئێرانیان تێدایە. لوبنان تا پێش لە چوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دامەزراندنی حیزبۆڵڵا لەلایەن عەلی ئەکبەر مۆحتەشەمی پوورەوە وەکوو بووکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرا و ساڵانە هەزاران کەس لە سەرتاسەری دنیاوە بۆ سەفەر و ڕابواردن دەچوون بۆ لوبنان و ساڵانە سەدان کۆنسێرت لەلایەن هۆنەرمەندانی بەناوبانگی عەرەبی و غەیرە عەرەبییەوە لەوێ بەڕێوە دەچوون، یەکێک لە کۆنترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی ئامریکا لە لۆبنان دامەزرا و.... بەڵام دوای دەستێوەردانی سپای قودس هەموو ئەو چالاکییانەی کە ئاماژە بوون بە هەبوونی ژیان لەو وڵاتەدا وردەوردە کۆتاییان پێهات و ئێستا لوبنان یەکێک لە هەژارترین وڵاتەکانی ناوچەکەیە و تووشی هەڵاوسان و گەندەڵی و هەروها کە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان خەڵک بە چەکەوە هاتبوونە ناو شەقامەکان و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی و... هەمووی لە ئارادایە. و ئەگەر بڕیار بێت گۆڕانکاریێک بێتە ئاراوە بەدڵنیاییەوە خەڵک مۆدێلی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵنابژێرن و وەدەری دەنێن چوونکە هەم مۆدێلی گۆتارێکی شکستخواردووە هەم بێجگە لە کارەسات و ماڵوێرانی هیچ خاڵێکی پۆزەتیڤی بۆ هیچکام لەو وڵاتانە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستێوەردانی تێدا کردن، نەبووە.
[1]