وتووێژ: بێهزاد قادری
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 21ی خەرمانان، دەوڵەتی بەحرەین و دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی ئاشتی. ئەو دوو وڵاتە پێوەندییەکانیان ئاسایی کردووەتەوە و بەو ئەنجامە گەیشتوون کە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ بکەن.
پاش کەمتر لە یەک مانگ لە ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، باس لە ڕێککەوتنی بەحرەین و ئیسرائیل دەکرێت.
لەمبارەوە وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا، پێک هێناوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:
- چۆن بوو کە وەها خێرا و پاش کەمتر لە یەک مانگ لە ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، ئیسرائیل و بەحرەینیش پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردووەتەوە و باس لە ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوانیان دەکرێت؟
پێم وا نییە کە ئەمە کاری لەسەر نەکرابێت. بەپێچەوانەوە پێم وایە ئەم ڕێکەوتنە گوزارشت لە گۆڕانکارییەکی قووڵ دەکات کە چەندین ساڵە خەریکی ڕوودان و فۆرم گرتنە لە تێگەیشتنی جیهانی عەرەب لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئەمە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە وڵاتانی عەرەبی بەو قەناعەتە گەیشتوون کە مەترسیی سەرەکیی ئەوان لە ناوچەکە ئێرانە نەک ئیسرائیل. ئەم تێگەیشتنە بەرهەمی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە لە دە ساڵی ڕابردوو لە سیاسەتی جیهانی هاتوونەتە ئاراوە. واتە، سیاستی ئامریکا بۆ کەمکردنەوەی تەعوهداتی ئەمنییەتیی خۆی لە ناوچەکە خەریکە بۆشاییەک ساز دەکات کە دەتوانێت بە تێکچوونی باڵانسی ناوچەیی لە بەرژەوەندیی تورکیە و ئێراندا تەواو ببێت. هەڵسوکەوتی ئێران وەکوو وڵاتێک کە ڕێچکەی زێدەخوازی لەنێو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیدا بەهێزە، مەترسییەکی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و ئەم وڵاتانە چەندین ساڵە کە لە پرۆسەی نزیکبوونەوە بە ئیسرائیلن. لە کۆنفرانسی وەرشەو کە بۆ پێکهاتنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لە دژی ئێران پێک هاتبوو، وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لە کۆبوونەویەک کە میدیایی نەکرابووەوە ڕاشکاوانە ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان لە هەموو تەمەنی خۆیاندا بەو بیرۆکەیە گەورە بوون کە ئیسرائیل مەترسییە بۆ سەر ئەوان، بەڵام ئێستا ئەوان بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئەوە ئێرانە کە مەترسییە سەرەکییەکە پێک دێنێت نەک ئیسرائیل. ئەم بیرۆکەیەش هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئیسرائیل وڵاتێکە کە تا ڕادەیەکی زۆر خۆی دەروەست بە ئوسووڵی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەزانێت کەچی ئێران جووڵەیەکی بۆ خۆی تەعریف کردووە کە ئامانجی هەناردەکردنی شۆڕشە ئیسلامییەکەیەتی بۆ ناوچەکە کە بەحرەین یەکێک لە گرینگترین قوربانییەکانیەتی. ئایا ئیسرایل هیچ کات ڕێگە بە خۆی دەدات کە بەپێچەوانەی عورفی نێودەوڵەتی هەوڵ بدات لە ڕێگەی شیعەکانی بەحرەینەوە ڕێژیمی ئەو وڵاتە بگۆڕدرێت؟ ئێران چی؟ وڵامی ئەو دوو پرسیارە زۆر سادە دەریدەخات کە بەحرەین دەبێ کێ بە مەترسی بۆ سەر خۆی بزانێت و بۆ؟
- تا ئێستا ئیسرائیل لەگەڵ کام یەک لە وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتنی ئاشتیی واژۆ کردووە و بە ڕای ئێوە لە داهاتوودا ئیسرائیل لەگەڵ کام وڵاتی دیکەی عەرەبی ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ دەکات؟
لەدوای ڕێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ هەر یەک لە وڵاتانی میسر (1979)، ئۆردۆن (1994)، ئیمارات (2020)، ڕێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ بەحرەین چوارەم ڕێککەوتنی ئاشتییە کە ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی واژۆی دەکات.
ئەگەری ئەوە زۆرە کە عومان یان موراکۆ مەغرێب یەکێکیان ولاتی عەرەبیی داهاتوو بن کە لەگەڵ ئیسرائیل پێوەندییەکانی نۆرماڵ دەکەنەوە. موراکۆ هاوپەیمانێکی بەهێزی ئامریکایە و هەر ئێستاش هەندێک پیوەندیی توریستی و لەو بابەتانە لەنێوان موراکو و ئیسرائیلدا بوونی هەیە، بۆیە ئەگەری زۆرە وڵاتی داهاتوو ئەو بێت. ئەگەری عومانیش زۆرە لەبەر ئەوەی نێتانیاهوو ساڵی 2018 سەردانێکی عومانی کردووە و لەگەڵ عومانییەکان کۆ بووەتەوە.
- ئەم ڕێککەوتنەی ئیسرائیل لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە عەرەبییە (ئیمارات و بەحرەین)، چ مەبەستێکی سیاسیی لە پشتە؟
ئەم ڕێکەوتننانە بە مەبەستی ئەوە دەکرێن کە باڵانسێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر ئێران و تورکیە بێتە ئاراوە. هەتا ئێستا عەرەبەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان بە تەواوەتی وابەستە بە ئامریکا بوونە. ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوو هاتوونەتە ئاراوە وای لە ئامریکا کردووە کە دەیەوێت تەمەرکوزی خۆی لە دەروەستیی ناوچەیی بگوازێتەوە بۆ ململانێی نێوان زلهێزەکان، هەر بۆیە هێدی هێدی بۆشایی ئامریکا لە ناوچەکەدا هەستی پێ دەکرێت. ئەمە وا دەکات کە ئێران و تورکیە هەوڵ بدەن هەرکامیان بە ئاراستەیەکی تایبەتی ئەمپریالیستییەوە بەسەر ناوچەکە زاڵ ببن. تەنیا ڕێچارە بۆ عەرەبەکان بۆ پاراستنی ئەو هاوسەنگە کە ئێستا هەیە یان ئێستیڵاحەن بۆ گەڕاندنەوەی پارسەنگ، پەنا بردنە بەر ئیسرائیل و ڕێککەوتنە لەگەڵ ئەو وڵاتە.
- لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ڕێککەوتنانەی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، ناوچەکە تووشی چ گۆڕانکاریگەلێک دەبێت؟
لە ئاوا ئەگەرێکدا دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکە زۆر کەمتر دەبێتەوە و ئاسایشی ناوچەکە زیاتر پارێزراو دەبێت. هەروەها ئەمە دەتوانێت چارەسەری کێشەی فەلەستین نزیکتر بکاتەوە. فەلەستینییەکان ناچارن کە هەندێک ئیمتیاز بە ئیسرائیل بدەن، ئەمەش وا دەکات کە ئاسایشی ناوچەکە لە دۆخێکی باشتردا بکەوێت؛ ئاکامێکی تری زیاتر ئیزۆلەبوونی ئێرانە لە ناوچەکەدا. هەروەها ئیمکانی ئەوەش هەیە کاریگەری لەسەر پێگەی تورکیە لە ناوچەکە هەبێت و تورکیە ناچار بکات زیاتر لە ڕووسیە و ئێران نزیک ببێتەوە. بە باوەڕی من ئەمە کاریگەریی لەسەر خێراتربوونی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی وڵاتانی عەرەبی دەبێت و ئەو وڵاتانە تا ڕادەیەک لە کرانەوە نزیک دەکاتەوە.
- ڕێژیمی ئێران بە بەنیسبەت ڕێککەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات هەڵوێستی توندی هەبووە، لەهەمبەر ڕێککەوتنی ئیسرائیل و بەحرەینیش بە هەمان شێوە؛ ڕێژیمی ئێران بۆ وەها هەڵوێستێکی توندی هەیە؟ لە چی دەترسێت؟ ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی چ کاریگەرییەک لەسەر ئێران دادەنێت؟
هەروەها کە لە پرسیاری پێشوودا باسمان لێوە کرد ئەو ڕێکەوتنە دەتوانێت بە شێوەیەکی گشتی ئێران لە ناوچەکە ئیزۆلەتر بکات. هەروەها دەتوانێت بەربەستێکی گرینگ لەهەمبەر ئێران و بەرنامەی ئەو وڵاتە بۆ دەسبەسەرداگرتنی ناوچەکە ساز بکات. هەر بۆیە ئێران ئێستا بەنیسبەت وڵاتانی عەرەبی لە دۆخێکدا قەراری گرتووە کە لە ئیستڵاحی ڕەوابێتی بەینولمێلەل پێی دەڵێن ئێسپایرەڵ. واتە هەر حەرەکتێکی بۆ عەرەبەکان مەترسییە و عەرەبەکان ناچارن بۆ ئەو بەرپرچدانەوەی ئەو مەترسییە هەنگاوێک هەڵگرن کە ئەو هەنگاوەی وڵاتانی عەرەبی ئاسایشی ئێران زیاتر تووشی مەترسی دەکات. بۆیە لە ڕاستیدا پێکهاتنی هەرجۆرە ڕێککەوتنێک لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلدا گەورەترین مەترسیی لەسەر ئێران دەبێت. هەروەها دەبێ بزانین کە ئەگەر وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنیان بکردایەت ئەوا بۆ ئیسرائیل مەترسیی ساز دەکرد و هەروەها هەرچەشنە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەتوانێت مەترسی بێت بۆ سەر ئێسرائیل.
- تورکیاش بەنیسبەت ئەم ڕێککەوتنەوە وتوویەتی: بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری بەحرەین دەڕوانین. هۆکارەکەی چییە؟
هۆکارەکەی هەر هەمان هۆکاری پێشووە کە لەسەر ئێران باسمان کرد. ئەم ڕێکەوتنە دەتوانێت هاوسەنگی و باڵانس بە شێوازێک بگەڕێنێتەوە کە بەرنامەی تورکیە و ئێرانیش بۆ بوون بە هێزی هێژموونی ناوچە و دنیای ئیسلام تووشی کێشەی بنەڕەتی بکات. سەرەڕای ئەوە تورکیە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی کە سەردەمانێک بەشێک لە ئیمپراتۆریی عوسمانی بوون بە قووڵایی ئێستراتێژیکی خۆی و هەندێکیان بە حەوزەی نفووزی خۆی دەبینێت، هەر بۆیە ئەم دۆخە وا دەکات کە تورکیە خۆی لەم ناوەدا بە زەرەرمەند ببینێت. بۆیە ئەو هەڵوێستەی نواندووە. هەروەها ئەگەر ئەم دۆخە نوێیە ببێتە هۆی چارەسەری کێشەی فەلەستین، تورکیەش وەکوو وڵاتێکی ئیسلامی یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیاستی نێوخۆ و دەرەوەی تووشی کێشە دەبێت.
- ئامریکا لەم نێوانەدا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟
ئامریکا لەبەر چەند هۆکار هەرکات لە هەوڵدا بووە کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل لە یەک نزیک بکاتەوە. یەکەمیان ئەوەیە کە فێرقەی مەسیحیی ئێڤانجیلیکال کە دەنگەکانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار گرینگە، بە گرینگ چاو لە ئاسایشی ئیسرائیل دەکەن. بۆیە هەر سەرکۆمارێک هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی دۆخی خۆی و حیزبەکەی باش بکات گرینگی بە ئاسایشی ئیسرائیل بدات. هۆکاری دووەم ئەوەیە کە هەم عەرەبەکان و هەم ئیسرائیل هاوپەیمانی ئامریکان و ئامریکا بۆی باشتر دەبێت کە ئەوان بتوانن پێکەوە ڕێک بکەون و لە چوارچێوەی ئەو دیسیپلینەدا بجووڵێنەوە کە ئامریکا بۆی گرینگە. هەروەها بابەتی تر ئەوەیە کە ئامریکا دەیەوێت بەو کارە مەهار و کۆنترۆڵی ئێران باشتر بباتە پێشەوە. هۆکاری تر دەتوانێت ئەوە بێت کە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئامریکا بیەوێت تەرکیزی زیاتر لەسەر کێبڕکێی نێوان زلهێزەکان بکات و تەرکیزی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوین کەم بکاتەوە. لە ئاوا ئەگەرێکدا بۆشاییەک دێتە ئاراوە کە دەبێ بۆ ئامریکا گرینگ بێت کە چۆن پڕ ببێتەوە کە یاریکەرە بەرپرسەکان بتوانن ڕۆڵی باشتری تێدا بگۆڕن و نەزمی ناوچەیەک تێدا ساز بکەن کە پارێزەی ئاسایشی ناوچەیی و جیهانیش بێت.[1]