وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی
41 ساڵ بە سەر فتوای #خومەینی# و هێرشی هەمەلایەنەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوردستان تێدەپەڕی.
لە 28ی گەلاوێژی 1358، خومەینی کە چەند مانگێک بوو بەدەسەڵات گەیشتبوو، فتوای جیهادی لە دژی کورد دەرکرد. خومەینی کوردی بە کافر هەژمار کرد و ڕژاندنی خوێنی کوردی بە حەڵاڵ دانا، بۆیە سوپای ئێران هێرشی کردە سەر کوردستان و خەڵکێکی زۆری بێ تاوانی شەهید کرد.
لەم دیمانەیە لەگەڵ بەڕێز ''ناسر ساڵحی ئەسڵ'' بەرپرسی پێوندییەکانی #حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران# لە کۆیە، هۆکار و چونییەتی دەرکردنی ئەم فتوایە و هەروەها چەند لایەنی ئەم بابەتەمان خستووەتە بەر باس کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.
-هۆکار چ بوو کە خومەینی، ڕێبەری ئەو کاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران فەرمانی جیهادی بە دژی کورد دەرکرد؟
- هەر چەند لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357ی هەتاویدا، نەتەوەی کورد لە کوردستان وەک باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بۆ ڕزگاربوون لە دەست زوڵم و زۆرداری و گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانی و بۆ ڕووخانی ڕێژیمی حەمەڕەزاشای پەهلەوی تێکەڵی شەپۆلی خۆپیشاندانەکان بوون و خوازیاری دەستەبەربوونی مافە زەوتکراوەکانیان بوون بەڵام ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی خومەینی، هەر لە سەرەتاوە دژایەتی لەگەڵ مافه ڕەواکانی نەتەوەی کورد دەست پێکرد. یەکەم نەورۆزی بەهاری ئازادی شاری سنەیان بە هێرشی نیزامی خوێناوی کرد. کەوابوو ڕێژیمی خومەینی هەر لە سەرەتاوە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆی لە دژی ئازادی و دێموکراسی و دژی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد دەرخست. لە وەها بارودۆخێکدا ڕێبەرانی گەلی کورد و بە تایبەت دوکتور قاسملوو، هەر لەسەرەتاوە نیازپاکی خۆیان نیشان دا و بەناردنی شاندی دانوستانکار لەگەڵ ڕێژیمی خومەینی هەوڵی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکانی لەگەڵ ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو دا بەڵام خومەینی، خومەینییە ڕووکەشکراوەکەی پاریس نەبوو، بەڵکوو پاش گەیشتن بە کورسی دەسەڵات، نەک هەر باوەڕی بە دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد نەبوو، بەڵکوو باوەڕی بە ئازادی و دێموکراسی و مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش نەبوو و ڕووی ڕاستەقینەی خۆی نیشان دا و ئیدعای ئوممەتی واحیدەی ئیسلامیی لە ئێراندا دەکرد. هەر بۆیە ڕێژیم بەبێ ئاکامکردنی وتووێژ لە نێوان هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بڕیاری دا کێشەی کورد لە ڕێگای هێرشی نیزامیی و گەمارۆی ئابوورییەوە یەکلا بکاتەوە. چوونکە کوردستان ببوو بە سەنگەری ئازادی بۆ ئازادیخوازان و حیزب و ڕێکخراوەکانی ئێرانی و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، و ڕێژیمی خومەینی هەستی بە مەترسی دەکرد و کوردستانێکی ئازاد و دێموکراتیکی پێ قەبوول نەدەکرا کە ببێتە ئۆلگوو بۆ هەموو گەلانی ئێران. ئەوەش هۆکار و بیانوویەک بوو تا ڕێژیمی خومەینی ڕووی ڕاستەقینەی خۆی نیشان بدات. هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزی بەهاری ساڵی 1358ی هەتاویدا هێرشێکی بەربڵاوی نیزامیی لە پادگانی شاری سنە بۆ سەر خەڵکی بێ دیفاعی شار دەست پێکرد. پاشان خومەینی بەبیانوی شەڕ لە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان بە دەرکردنی فتوای جیهاد لە 28ی گەلاوێژی 1358ی هەتاویدا لەشکرکێشی پاسدارانی جەهل و نەزانی ڕێژیم، لە لایەک بۆ کوشتاری ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد و لەلایەکی دیکەوە بۆ کپکردنی دەنگی ڕەوای داخوازیی و ویستی مافە نەتەوایەتییەکان گەلی کورد و سەرکوتی خوێناوی ئازادیخوازان لە کوردستان و ئێران دەستی پێکرد کە هەتا ئێستاش بە شێوەی جۆراوجۆر هەر بەردەوامە.
-خومەینی له کاتی دەرکردنی ئەو فتوایە وتبووی کە ئێمە لەگەڵ کورد شەڕ ناکەین بەڵکوو لەگەڵ کوفر شەڕ دەکەین، ئەم قسەی خومەینی چۆن دەخوێننەوە؟
-لە وڵامی ئەو پرسیارەدا دەبێ بڵێم کە ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی خومەینی، بە هەموو شێوەیەک دژایەتی ئەو فەزا ئازاد و دێموکراتیکەی دەکرد کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا پێکهاتبوو و ببوو بە قیبلەگای ئازادیخوازانی گەلانی ئێران، هەر بۆیە هێزە چەکدارەکانی کۆمیتە و پاسدار و ئەرتەشی ڕەوانەی کوردستان کرد هەتا هەم ئەم فەزا ئازاد و دێموکراتیکە بە بیانووی دوژمنی وەهمی و شەڕ لەگەڵ کوفار، لە ناو ببەن و هەم خەڵکی کوردستان لە ویست و داخوازییەکانی نەتەوەیی پاشگەز بکەنەوە و ڕێگەی زیندان، ئێعدام و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی کورديان گرتەبەر. کەوابوو ئەو وتەیەی خومەینی هیچ واتا و مەفهومێکی ئایینی و یاسایی نییە کە بە دژی نەتەوەیەکی موسوڵمان کە داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆی دەکات، فتوای جیهاد و کوشتاری خەڵکی بی دیفاع بدات. هەروەها ڕێژیم لەلایەک دەیەویست به گرتنەوەی شار و گوندەکان و سەرکوتی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردی، دەنگی ئازادیخوازی و مافویستیی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێراندا کپ بکات و لەلایەکی دیکەشەوە بە کوشتاری خەڵکی سڤیلی گوندەکان، ورەی هێزی پێشمەرگە و جەماوەری خەڵکی کوردستان تێک بشکێنیت. خاڵێکی گرینگی دیکە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ بێدەنگکردن و سەرکوتکردنی هەر جۆرە دەنگێکی ئازادیخوازیی و مافویستی، کە پایەکانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی سست دەکات، لەژێر پەردە و بە بیانووی پاراستنی تەواویەتی ئەرزی و (توهم توطئه) و دوژمنی وەهمی و شەڕ دژی کافرەکان، لە ماوەی ئەو 41 ساڵەدا خەباتی ڕەوا و مافویستیی نەتەوەکانی ئێران و گەلی کوردی سەرکوت کردووە.
-خەسارەکانی ئەو شەڕە بۆ کورد چ بوون؟
-دیارە شەڕ لە کوردستاندا هەم خەساری مادی و هەم خەساری گیانیی زۆری بۆ خەڵکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا هەبووە. زیاتر لە 50 هەزار کەس لە خەڵکی بێ دیفاعی سڤیل لە شار و گوندەکانی کوردستان و 5 هەزار پێشمەرگە شەهید بووە و بە هەزاران میلیارد تمەن زیانی مادی وە خەڵکی شار و گوندەکان گەیشتووە. هەروەها دەیان گوند لە کوردستان بە تەواوی وێران و سوتێندراوە و بە هەزاران کەس لە زێدی خۆی ئاوارەی هەندەران بوون بەڵام لە هەمان کاتدا شەڕی چەکداری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پێناو ئازادی و مافی نەتەوایەتی گەلی کورددا بە یەکێک لە بڕگە زێڕینەکانی مێژووی خەباتی هاوچەرخی سیاسی نەتەوەی کورد بووە.
هەر بۆیە ئه و هەموو تاوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەرحەق بە خەڵکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، وەک پەڵەیەکی ڕەش لە کارنامەی دسەڵاتداریی ڕێژیمدا دەمێنێتەوە. چوونکە خەباتگێڕانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرگرییان لە کەرامەت و خاک و نیشتمان و مافەکانی خۆیان کردووە. هەر بۆیە ئەگەر دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێیان وایە بە گرتنەبەر و پێڕەوکردنی سیاسەتی گرتن، زیندان و ئێعدام و فتوای جیهاد بۆ کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی سڤیل بە ئامانجەکانیان دەگەن و خەڵکی کورد لە ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانیان دوور دەخەنەوە، دەبێ باش بزانن کە نە فتوای جیهاد و نە هێرشی نیزامی و سوتاندنی شار و گوندی کوردستان، تۆزقاڵێک لە ورە و باوەڕی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوایەتییەکانیان و ئازادی و دێموکراسی کەم ناکاتەوە، بەڵکوو زیاتر بە گوڕوتینتری دەکات.
-ڕۆڵی حیزبە کوردییەکان بە تایبەت حیزبی دێموکرات کە دەنگی ئازادیخوازیی و مافویستی خەڵکی کورد بوو، لە بەرانبەر ئەو شەڕە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان و بە تایبەت ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە یەکێک لە گرینگترین حیزبەکانی کوردستان و ئێران و ناوچەیە، ڕۆڵی دیار و شوێندانەریان هەبووە لە پاراستنی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر هێرشی نیزامی ڕێژیمی خومەینیدا و زۆر جار بۆ پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک، خۆیان لە شەڕ لە شار و گوندەکان پاراستووە و ئەو شوێنانەیان چوڵکردووە. شەڕی 24 ڕۆژەی سنەی خوێناوی و شەڕی نەغەدە و شەڕی شاری پاوە، بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی گیانی خەڵک و وێراننەکردنی شار لەلایەن ڕێژیمەوە شارەکانیان چۆڵ کردووە. ئەوە لە کاتێکدا بووە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی 3 مانگەدا دەیتوانی بەرگری قارەمانانە بکات و شارەکان چوڵ نەکات. بەڵام هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی بێ دیفاع، شارەکانی چۆڵ کرد و لە دەرەوەی شارەکان شکستێکی مێژوویی بە هێرشی نیزامی پاسدار و ئەرتشی ڕێژیمی خومەینی بۆ کوردستان دا و خومەینی ناچار کرا لە 26ی خەزەڵوەری ساڵی 1358ی هەتاوی، فەرمانی ئاگربەست لە کوردستان ڕابگەیەنێت.
-دوای تێپەڕینی 41 ساڵ بە سەر ئەو فتوایە، ئایا ڕێژیمی ئێران هەر لە درێژەی ئەو فتوایەدا هەڵسوکەوت لەگەڵ کورد دەکات؟
- بەڵێ سیاسەتی ڕێژیم لەو کاتەوە واتە لە فتوا بەدناوەکەی خومەینییەوە هەتا ئێستا نەک هیچ گۆڕانکارییەکی بەنیسبەت خەڵکی کورد نەکردووە، بەڵکوو فەزای کوردستان زیاتر لە جاران ئەمنییەتی کراوە. گرتن، زیندان و ئێعدامی خەڵکی کوردستان زیاتر بووە و زۆرترین ڕێژەی زیندانییانی سیاسی له ئاستی ئێراندا لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردە. ئێستا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر جووڵە و ناڕەزایەتییەکی خەڵکی کورد و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش بە چاوی ئەمنییەتییەوە سەیر دەکات. لەلایەک باسکردن لە بێکاری، گرانی، گەندەڵی، خوێندن بە زمانی کوردی، ژینگەپارێزی، ئەنجومەنە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان، ڕەخنەگرتن لە کاربەدەستانی گەندەڵ و دزی ڕێژیم و... لەلایەن ڕێژیمەوە تاوانی ئەمنییەتییە و لەلایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەوەندە لاواز بووە کە هەر چەشنە داواکارییەکی ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خەڵک، دەخاتە خانەی ئەمنییەتییەوە و سەرکوتی دەکات و بەگرتن و زیندان وڵامی داوا ڕەواکانی خەڵک دەداتەوە و ویست و داخوازییەکانی بزووتنەوەکانی کرێکاران، ژنان و خوێندکاران و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا تەحەموول ناکات و بە گرتن، زیندان و ئێعدام وڵامی داخوازییەکان دەداتەوە. ڕۆژنامەڤانان بە تۆمەتی سەیر و سەمەر زیندانی دەکرین؛ کەوابوو فەزای ئێستای کوردستان و ئێران زیاتر ئەمنییەتی کراوە، چوونکە هەم ناڕەزایەتییەکان زیادی کردووە و هەم گەلانی ئێران ماهییەتی ئەو ڕێژیمەیان بە باشی ناسیوە.
-ئایا ئه و جینایەتەی ڕێژیم کە کوشتوبڕی گەلێکی لێکەوتەوە، لە ئاستی نێونەتەوییدا دەنگدانەوەی هەبووە؟
- بۆ وڵامی ئه و پرسیارە بەداخەوە لەو سەردەمەدا بەهۆی شەڕی سارد و جیهانی دوو جەمسەریی و بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی وڵاتانی زلهێز، نەبوونی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و ئاگادارنەبوونی بیروڕای گشتیی جیهان لە فتوای جیهادی خومەینی بە دژی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەو جینایەتەی ڕێژیمی خومەینی وەک ئەوی هەبوو دەنگدانەوەی جیهانی باشی نەبووە بەڵام هەر لەو سەردمەدا بە هیمەتی گەورە دیپلوماتی کورد شەهید دوکتور قاسملوو بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی داوە لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی و حیزبە سوسیالیست و دێموکراتەکانی ئورووپا باسی کێشەی کورد و هێرشی نیزامی و کوشتاری خەڵکی سڤیل بکات و لەوەش گرینگتر هەوڵی بەجیهانیکردنی کێشەی کوردی داوە کە چیتر کێشەی کورد کێشەیەکی نێوخۆیی نەبێت بەڵکوو بکرێتە کێشەیەکی جیهانی. هەر بۆیە هەوڵەکانی دوکتور قاسملوو لای بەشی زۆری ڕووناکبیران و ڕۆژنامەنووسانی ئورووپایی و ئامریکایی و کەسایەتییە سیاسییەکان، جێگای سرنج و بەدواداچوون و تێگەیشتن لە ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد بووە. دوکتور قاسملوو لە هەموو دەرفەتەکان کەڵکی وەرگرتووە بۆ ئەوەی کێشە و مەسەلەی مافی نەتەوایەتی گەلی کورد شی کاتەوە و بیانناسێنێت و دوست و پشتیوانی سیاسی بۆ کورد پەیدا بکات. ئەرکی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و چالاکانی سیاسی لە ئێستادا کە سەردەمی شۆڕشی زانیارییه، ئەوەیە کە بە دێکۆمێنتکردن و کۆکردنەوەی بەڵگەی جینایەتەکانی فتوای خومەینی و کوشتاری خەڵکی سڤیلی کورد، لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا باس بکرێ و بە مەترەحکردنی ئەو جینایەتە سامناکە لە ژوورە بڕیاردەر و بڕیارسازەکانی نێودەوڵەتی، زیاتر زەق بکرێتەوە و بدرێت بە دادگا نێونەتەوەییەکان، تاکوو بڕیاردەران و بەڕێوبەرانی ئەو جینایەتە سامناکه کە بەشێکیان ئێستا لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەرپرسایەتی باڵایان هەیە. لە دادگا سەربەخۆکانی نێونەتەوەیی دادگایی بکرێن.[1]