شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی #پارتی کرێکارانی کوردستان#- پەکەکە بووەتە هۆی چۆڵکردنی سەدان گوند لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک. قایمقامی ئامێدی دەڵێت، تەنیا لە سنووری شارەکەی ئەو 195 گوند بەهۆی شەڕەوە چۆڵکراون.
رۆژی شەممە 20-8-2022، وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەوە لە ساڵانی 1990ەوە 195 گوند چۆڵکراون و چی دیکە دانیشتوانیان لەو گوندانەدا ناژین.
وارشین سەلمان گوتیشی، جگە لەو 195 گوندە، شەڕی تورکیا و پەکەکە کاریگەری زۆری هەبووە و وایکردووە ئاوەدانکردنەوەی ژمارەیەک لە گوندەکانی دیکەش پەکیبکەوێت.
گوندەکانی سەر بە قەزای ئاکرێش بە دوور نەبوون لە کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە. مازن محەممەد، قایمقامی قەزای ئاکرێ ڕۆژی شەممە 20-8-2022 بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لەوکاتەوەی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە هەیە، 25 گوند لە سنووری ئاکرێ چۆڵکراون. بەشێک لەو گوندانە پەکەکەیان تێدایە و دانیشتووانەکەیان بەهۆی ترسەوە لە هێرشی تورکیا بۆ سەر پەکەکە چۆڵیان کردووە.
بە گوتەی قایمقامی ئاکرێ، پێشتر چەند گوندێکی دیکەش چۆڵکرابوون، بەڵام دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە چوونە گوندەکان و ئاسایشی گوندەکانیان پاراست، دانیشتووانەکەیان گەڕانەوە.
موشیر بەشیر، قایمقامی قەزای زاخۆش لەبارەی کاریگەریی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەوە گوتی، ئەو شەڕە بووەتە هۆی چۆڵکردنی 25 گوند بە تەواوی.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخانیش لەبارەی چۆڵبوونی گوندەکانی سنووری شارەکەیەوە بە ڕووداوی گوت: 10 گوند چۆڵکراون کە زۆرترینیان دەکەونە سنووری ئەترووش و قەسرۆک. لە چەند ساڵی ڕابردوودا دانیشتووانی ئەو گوندانە بۆ کشتوکاڵ سەردانی گووندەکانیان دەکرد، بەڵام چەندین جار لە لایەن پەکەکەوە ڕێگرییان لێکرا، بۆیە هیچ ئارامییەکیان نەما و بە تەواوی چۆڵکران.
لە سنووری پارێزگای هەولێریش دەیان گوند چۆڵکراون. هەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕۆژی شەممە 20-8-2022 بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: لەو کاتەوەی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە هەیە، 183 گوند لە سنووری ئیدارەکەی چۆڵکراون. بە جۆرێک لە مێرگەسوور 65 گوند و لە سیدەکانیش 118 گوند چۆڵکراون.[1]