بۆچی قەلەڕەش هێمایە بۆ نەگبەتی؟
لەلای هەموو نەتەوەکان قەلەڕەش هێمایە بۆ نەگبەتی، هەموومان هەر لە منداڵییەوە، وا وێنامان بۆ کراوە کە باڵندەی قەلەڕەش نەگبەتی دێنێ، هەر دەم بۆ پێشبینی خراپ و ناخۆش بەکاردێ، تەنانەت لەناو ئەوانەشی کە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ باڵندە هەیە، قەلەڕەشیان خۆش ناوێ، بە باڵندەیەکی (بەرد و ناخۆشی هێنەر) ناوی چووەتە مێژووەوە، لە هەموو کەلتوور و میللەت و نەتەوەیەکدا ئەم پێشبینییە ڕاستە بەڵام کەم کەسمان ئەفسانە و ڕووداوی پشت ئەم لێکدانەوەی دەزانین، ئەسڵی ئەفسانەکە بەم شێوەیەیە کە قەلەڕەشی تێدا نەگبەت کرا.
ئەفسانەی شوومی قەلەڕەش:
وەکو هەموو ڕووداوە مێژووییەکانی تر، ئەمەش پەیوەندی بە سەردەمی یۆنانییە کۆنەکانەوە هەیە، کاتێک (ئەبوو لولو) خواوەنی پێشبینی، (قەلەسپی) وەک هێمایەک بۆ گەیاندنی پەیامی خواوەندەکان بۆ ئادەمیزاد وەسف دەکات، لەو زەمەنەدا پیرۆزترین باڵندەبووە، تا ڕۆژێکیان (ئەبوو لولو) قەلێکی سپی وەکوو چاودێر ئەنێرێ. بۆ سۆراغی خۆشەویستەکەی کە ناوی (کۆرۆنیس) بووە، کاتێک قەلەسپییەکە دەگەڕێتەوە، هەواڵی زۆر ناخۆشی بۆ (ئەبوو لولو) پێیە و پێی دەڵێت: کۆرۆنیس خیانەتت لێدەکات و پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ پیاوێک هەیە، ناوی (ئیچیس) ە و تەنانەت دووگیانیشە لێی! ئەم ڕووداوە بەس بوو تا خواوەندی پێشبینییەکان زۆر تووڕەبێت و لە ئەنجامی تووڕەییەکەی گڕ لە هەردوو باڵی قەلەسپییەکە بەردەدات و بەمەش لەو ڕۆژەوە، هەموو قەلەکان پاشگری (ڕەش) چووە تەنیشت ناوەکەیان، بوونە هێمای هەواڵی ناخۆشی و نەگبەتی.
چەند تایبەتمەندییەکی قەلەڕەش:
لە تەفسیری خەونەکاندا، خەوبینین بە قەلەڕەشەوە بە واتای لەدایکبوونی کوڕێکی سەرسەریی یان جیابوونەوەی دوو خۆشەویست هاتووە، دیارە ڕووداو و پەندی بیانی لەسەر قەلەڕەش زۆرە، هەروەها لەناو پەندی کوردیدا چەندین پەند لەسەر قەلەڕەش هەیە وەکوو (قەل بە قەلی وت: ڕووت ڕهش بێ، قەل ئەگەر مەلێکی شەریفبووایە، گووی نەدەخوارد، قەل بەخێوکەی چاوت دەردێنێ، ...زۆر پەندی دیکەش) هەموویان ئاماژەدانە بە ڕۆڵی خراپی قەلەڕەش کە لەبنەڕەتیا سپی بووە.
قەلەڕەش قەبارەی مێشکی بەراوورد بە لاشەی لە هەموو باڵندەکانی تر گەورەترە و بەزیرەکترین باڵندە ئەژمار دەکرێ، هەندێکجار بۆ خۆشی خۆیی و کات بەسەربردن، ئاژەڵەکانی دیکە بێزار دەکات و زۆرجار بەشەڕیان دەدات، باڵندەیەکی کۆمەڵایەتییە بۆ مردنی هاوتوخمەکانی خۆی بێزار دەبێت، بەپێی توێژینەوەکان سەلمێنراوە کە قەلەڕەش توانای فێربوونی هەیە.
بە کەمێک دەسکارییەوە وەرگیراوە لە کوردستانی نوێ، ئا: مەریوان مەسعود، 21-8-2022.[1]