شەکر لە ئیدیۆمی کوردەواریدا
شەکر، بەرهەمێکی ڕووەکییە، چ لە قامیشی شەکر چ لە چەوەندەری شەکر بێت، شیرینە و لە زۆرێک لە خواردنەوە وە خۆراکەکاندا، کەرەسەی سەرەکییە، لە بەر شیرینیەکەی بووە بە ئاوەڵناوی ستایش بۆ مرۆڤەکان و لە زۆر ئیدیۆمدا جێگەی گرتووە، وەک: شەکرەسێوە، شەکرە پیاوە، شەکرە ژنە، شەکرە کوڕە، هەریەک له و دەستەواژە و ئیدیۆمانە بۆ مرۆڤێکی شیرین زار و ڕەفتار جوان و هەڵس و کەوت باش دەوترێن، وتراویشە: فڵانە کەس شەکرە بە هەموو شێکەوە دەخورێت، واتە: دەتوانێت لەگەڵ هەموو کەسێک بگونجێت.
شەکر لە دەمی دەبارێت، هەندێ لە مرۆڤەکان کە دەکەونە ئاخاوتن، سەرنج و هۆشی دەوروبەر بە تەواوەتی بەلای خۆیانەوە ڕادەکێشن، بەهۆی زمان پاراویی و قسەزانی و گفتار و ڕەفتار شیرینی، هەموو وشەکانی وەک نوقڵ بارینە، به و جۆرە کەسانە دەوترێت: شەکر لە دەمی دەبارێت.
هەندێجار لەکاتی قسە بڕین بە کەسێک، ئه و کەسەی کە قسەکەی لێ وەردەگرێت ئه و دەستەواژەیە بەکاردەهێنێت: قسەکەت بە شەکر بێت، ئەوە وەکو ڕێزە و داوای لێبوردنیشە لە هەمان کاتدا، تا ئه و کەسەی قسەکەی پێ دەبڕدرێت، نەکەوێتە دۆخی شلەژان و نیگەرانییەوە.
بۆ گاڵتە پێکردن و کەیف و کات بەسەر بردن و خۆشیش دەوترێت: شەکرەکی بشکێنە، واتە: قسەیەکی بکە، چ باش چ خراپ، ئەمە زیاتر بۆ سەیر و سەمەرە یان بۆ بێ دەنگ بوونی کۆڕ و کۆبوونەوەیەک، کەسێک بە کەسێک دەڵێت: شەکرەکی بشکێنە.
ئامێری (شەکرشکێن) شەکرلەمەی پێ دەشکێنرا، ئه و کەسەی ئه و کارەی دەکرد، پێی دەوترا: شەکرشکێن، ئەوەش بووە بە ئیدیۆم و بۆ بەرپەرچدانەوەی قسەی توند و ڕەق و نابەجێ و ناڕێک، کە ناچێتەوە دڵەوە، بە توڕەییەوە دەوترێت: شەکرت خوارد یان شەکری خوارد.
هەندێ داب و نەریتیش لە شیرینی شەکرەوە ناوی هاتووە، وەک: شەکراو خواردنەوە، لە کاتی خوازبێنی کیژان و نوقڵ و شەربەت و شیرینی دابەشکردن دەوترێت: شەکراو خواردنەوەیە، هەروەها بۆ ئاوێکی خۆش بۆ خواردنەوە دەوترێت: شەکراوە، واتە: شیرینە.[1]