ماوەی چەند ڕۆژێکە، شاندێکی ئیدارەی #ڕاپەڕین# لە ئێرانن، بۆ تەواوکردنی بە نێودەوڵەتیکردنی دەروازەی #کێلێ#.
لە ساڵی 2011 ەوە تا ئێستا چەندین نوسراو ئاراستەی حکوومەتی عێراق کراوە بۆ ئەوەی دەروازەی کێلێ بەفەرمی بناسێنرێ، لەلایەن حکومەتی عێڕاقیشەوە 11 جار شاندنی هەڵسەنگاندن سەردانی ئەو دەروازەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە کارەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو دەروازەیە تەواو بکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ماوەی چەند ڕۆژێکە، شاندێکی ئیدارەی ڕاپەڕین، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆ بوونەتەوە.
ئیدارەی ڕاپەڕین بڵاوی کردەوە، پاش دیدار و گفتوگۆی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ئێران، یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی ئیداەی ڕاپەڕین، ئامانج لەو سەردانە، بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و باسکردنی دواین هەوڵەکان بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی مەرزی کێلێیە.
لەلایەن ئێرانەوە ئامادەیی پێشان دراوە ئەو مەرزە جگە لە کاروباری بازرگانی، ئێستە ئامادەییان هەیە بۆ ڕێی گەشتیاریش بەکاری بهێنن، ئەمەیش بەمانای تەواوبوونی ڕێکارەکان و قبووڵکردنیەتی لەلایەن ئێرانەوە. [1]