لە گوندێکی بچووکی سەر بە شاری خانەقین، خانمێکی کوردی خانەقینی بە ناوی (زەینەب ئەرکەوازی) لەڕیی هونەر و نووسین و کولتوورسازییەوە، توانیویەتی ناوی خۆی و گوندەکەی بە هەموان بناسێنێت و پەنجەمۆری خۆی لە ڕێگەی چەندین ئیشی جیاوازدا بەجێ بێڵێت و ببێتە قوتابخانەیەک بۆ فێرکردنی پیشە جۆراوجۆرەکان بە نەوەکانی داهاتوو، لە هەمان کاتدا گرنگی بە ڕۆڵی ئافرەت لەنێو کۆمەڵگادا بدات.
(باسنیوز و باسکورد) بە پێویستیان زانی، لەم دیمانەیەدا تیشک بخاتە سەر چیرۆکی سەرکەوتن و بەرهەمەکان و بەناوبانگیی ئەم کچە کوردە خانەقینییە:
(باسنیوز) زەینەب ئەرکەوازی کێیە و چۆن پێناسەی خۆی دەکات؟
زەینەب ئەرکەوازی: هەرچەندە من پێم جوانە خەڵک پێناسەی من بکات و بە قسە و لوتفی شیریسنیان جوان دڵخۆشم بکەن، بەڵام من (زەینەب حوسێن مووسا) کچێکی کوردی شاری خانەقینم و بە زەینەب ئەرکەوازی ناسراوم، خۆم ئەم ناسناوەم بۆ خۆم داناوە، چونکە ئەرکەوازی ئەو گوندەیە لە شاری خانەقین، کە تیایدا لەدایک بوومە، هەر لە شاری خانەقینیشدا سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنم تەواو کردووە و خاوەن بڕوانامەی پەیمانگای مامۆستایان و بەکالۆریۆسی کۆلێژی یاسام، لە چەندین بواری جیاوازدا ئیش دەکەم و چالاکم، خۆشبەختانە سەرکەوتنم بەدەست هێناوە و ناوی خۆم وەکو کچە کوردێکی خانەقینی بە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ناساندووە.
(باسنیوز) ئاماژەت بەوە دا، کە لە چەندین بواری جیاوازدا ئیش دەکەیت و چالاکیت، ئەو بوارانە چین؟
زەینەب ئەرکەوازی: بەڵێ من لە چەندین بواری جیاواز ئیش دەکەم، ئەگەر بە شێوازی ڕیزبەندییەوە ئاماژەیان پێ بدەم، سەرەتا من هونەرمەندم، ئیش لە بواری وێنەکێشان دەکەم و ڕۆژنامەنووسم، هەروەها ماوەی ساڵێک دەبێت دەستم کردووە بە کاری دیزاین بۆ جلوبەرگی خۆم و دووبارە نۆژنکردنەوەی جلوبەرگە کوردییەکانم و دروونی جلی کوردی بە شێوازی فۆلکلۆری، نووسەرم و تا ئێستا چەندین وتارم لەسەر بابەتە جیاوازەکان نووسیوە، جگە لەمانەش، کار لە دروستکردنی ئیشی دەستی دەکەم و هەرچەندە من شاعیر نیم، بەڵام بۆ ماوەیەک حەز و خولیای شیعریم لا دروست بوو و ناوبەناویش شیعر و پەخشان بە زمانی کوردیی سۆرانی و زاراوەی کەلهوڕی و بە زمانی عەرەبی دەنووسم، بەشداریشم لە چەندین کۆڕ و فێستیڤاڵی شیعری لەناوخۆدا کردووە.
(باسنیوز) ئەو بوارانەی ئاماژەت پێ دان، هەریەکەو بابەتێکی جیاوازن لەوەی دیکە، چۆن خۆت لە دەریای هونەر دۆزییەوە؟
زەینەب ئەرکەوازی: مرۆڤ دەبێت هەوڵ بدات بۆ دۆزینەوەی هەر بابەتێک، کە توانای ئەنجامدانی هەیە و حەز و خولیای بۆ هەیە، منیش هەوڵم دا و خۆمم لە دەریای هونەر دۆزییەوە. لەسەرەتای تەمەنی منداڵیمدا، پێش ئەوەی بڕۆمە قوتابخانە، هەستی هونەری لەنێو ناخ و ڕۆحی مندا هەبوو، چونکە باوکم وێنەکێش بوو، هەموو کات حەزی دەکرد بە ڕازاندنەوەی دیوارەکانی ماڵمان بە وێنەی جۆراوجۆر، بۆیە بینینی ئیشی باوکم و پشتیوانیی لە من، بوو بە هێزێکی پاڵنەر بۆ ئەوەی ئەم خولیایە بۆ من ببێت بە ڕاستی، لەکۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، وەکو هونەرمەندێک توانیم ناوبانگ بەدەست بێنم، هەتاکو ئێستاش بەردەوامم لە پێشوەبردنی هونەر و توانیم ئەندامێتیی لە سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بەدەست بێنم.
(باسنیوز) ئەو بوارە هونەرییانە چین کە تێیدا چالاکیت؟
زەینەب ئەرکەوازی: هونەر وەک دارێکە و هەر بابەتێک کە پەیوەندیی بە هونەرەوە هەبێت، دەبێتە لقی ئەم دارە، من ژوورەکەم کردووە بە کارخانەیەکی بچووک بۆ بەرهەمەکانم، کە سەرجەم چالاکییەکانم تێیدا بەڕێوە دەبەم، بەتایبەت وێنەکێشان، من وێنە دەکێشم و زۆرتریان (پۆرترێت و شەناشیلی بەغداییە)، من ئەمانە لەسەر کاغەزی A3، A4 و کانفەس و تەختەدار و بەرد، هەندێ جاریش لەسەر دیوارەکانی شار و قوتابخانە و باخچەی ساوایان وێنەی گوڵ و کەسایەتیی فیلمی کارتۆنیی منداڵان دەکێشم، بۆ ئیشەکانیشم (بۆیاخ و زەیت و ئەکرلیک و خەڵووز) بەکار دەهێنم.
تا ئێستایش لە ناوخۆ خاوەن 100 تابلۆی هونەریم و لە 50 پیشانگای هونەری هاوبەش و دەیان پیشانگای تایبەت بەشدارییم کردووە، جگە لە بەشداریکردنەکانم لەدەرەوەی وڵات بە شێوازی ئۆنلاین، تابلۆکانم هەریەکەو خاوەن چیرۆکی تایبەت بە خۆیانن، بەڵام زیاتر گرنگیی بە ڕۆڵی ئافرەت دەدەم و خۆشبەختانە لە ڕێگەی نماییشکردنی تابلۆکانم، ڕۆڵی ئافرەتم لەنێو کۆمەڵگە پیشان داوە و زیاتر لە سەدان خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنانم بەدەست هێناوە، جگە لەمانەش، ئیشی دروستکردنی کاری دەستی دەکەم و هەر شتێک کە لە ماڵەوە کۆن دەبێت، من سەرلەنوێ هەوڵی دروستکردنی دەدەمەوە و دروستی دەکەمەوە، هەر جارێک لەگەڵ پیشانگای هاوبەش و تایبەتەکانم، زیاتر لە دەیان پارچەیان بە نمایش دادەنێم.
(باسنیوز) چۆن پەیوەندیت لەنێوان هونەر و ڕاگەیاندندا دروست کرد؟
زەینەب ئەرکەوازی: دوای ئەوەی شوێنی خۆم لەژێر چەتری هونەر کردەوە، لە ساڵی 2004 خولیای ڕاگەیاندنم لا دروست بوو، هەر لەو کاتەوە دەستم بە ئیش کرد، هەرچەندە من بڕوانامەی پەیمانگا، یان زانکۆی ڕاگەیاندنم نییە، بەڵام بە هەوڵ و کۆششی خۆم و لە ڕێگەی خوێندنەوە و بەشداریکردن لە خولەکانی ڕاگەیاندن و بنەماکانی ڕۆژنامەوانی، خۆمم گەیاندە ئەمڕۆ و لە چەندین ڕۆژنامە و و ئاژانس و گۆڤار، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە کوردستان و عێراق، تەنانەت لەدەرەوەی وڵاتیش ئیشم کردووە، لە ڕێگەی مایک و پێنووسەکەم بەناوبانگیم بەدەست هێناوە و ژمارەیەکی زۆر بەرهەمم بە پەنجەمۆری خۆم بۆ مێژوو بەجێ هێشتووە، هەروەها ئەندامم لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و خاوەن ناسنامەی ڕاگەیاندنم لە سەرجەم ئەو شوێنانەی ئیشم تیایدا کردووە، هەتاکو ئێستایش لە کارەکانم بەردەوامم و دڵنیام، کە دەتوانم بەرهەمی زۆرترم هەبێت و زیاتر خزمەتی ڕاگەیاندن بکەم، هەوڵی ئەوەش دەدەم سەرجەم ئەو فێرخوازانەی کە خولیای ڕۆژنامەوانی، یان ڕاگەیاندنیان هەیە، یارمەتیان دەدەم و پاڵپشتیان دەبم.
(باسنیوز) ئایا کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر ئیش و چالاکییەکانت هەبوو؟
زەینەب ئەرکەوازی: دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەکی زۆر کەم کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر ئیش و چالاکییەکانم هەبووە، ئەویش تەنیا نەمدەتوانی وەکوو پێشتر بڕۆمە دەرەوە و تێکەڵی خەڵک بم و ڕاستەوخۆ ئیش بکەم، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە زۆر سوودی بۆ من هەبوو، لەو ماوەیەدا ئەو بارودۆخە کاتێکی زیاتری بۆ فەراهەم کردم، کە تیایدا دەمتوانی زیاتر گرنگی بە کێشانی تابلۆ و دروستکردنی کاری دەستی و نووسینی چەندین وتار و فیچەر و چەندین بابەت و ڕاپۆرت بۆ ڕۆژنامە و ئاژانسەکان دروست بکەم، هەروەها چەندین خولی فێرخوازی و بنەماکانی ڕۆژنامەنووسی، بە شێوازی ئۆنلاین و پیشانگای هونەری بۆ منداڵەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ڕێک بخەم و خۆشبەختانە ئەمساڵ دەبێتە سێ ساڵ، کە لەم ئیشەدا بەردەوامم، هەروەها ڕێکخستنی خولە ئۆنلاینەکان بۆ گەنجانی شارەکەم و دەوروبەری و چەندین چالاکیی جۆراوجۆر، کە هەموویان خاوەن سوود بوون بۆ خانەقینەکەم.
(باسنیوز): دیزاینکردنی جلوبەرگی فۆلکلۆریی کوردی چۆنە؟ ئامانجت لەم ئیشە چییە؟ وتا ئێستا چەند دانەت دیزایین کردووە؟ ئایا پیشانگایەکی تایبەتیان بۆ ساز دەکەن؟
زەینەب ئەرکەوازی: هەرچەندە من ساڵانێک پێش ئێستا پیشەی بەرگدرووییم خۆشویستووە و شارەزاییم لەم ئیشەدا هەبووە، بەڵام ئەمە ساڵێک دەبێت، کە زیاتر گرنگیی بە دیزایین ڕدن و درووینی جلوبەرگەکانی خۆم دەدەم، تەنانەت دەستم بە دیزایینکردنی جلوبەرگە کوردییەکانم بە شێوازی فۆلکلۆری کردووە و تەنانەت قوماشی جلی کوردی دەکرم و خۆم بە شێوازێکی فۆلکلۆری ئامادەیان دەکەم و بە پوولەک و لێرە دەیانڕازێنمەوە، بەلای منەوە ئەم ئیشە ئاسانە، چونکە ئیشی دیزایین و بەرگدووری جۆرێکە لە جۆرەکانی هونەر، ئامانجم لەم ئیشە دووبارەکردنەوەی جلە کوردییە کۆن و فۆلکلۆرییەکانە، کە سەردەمانی کۆن خانمە کوردییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر بە کاریان دەهێنا، بەڵام ئێستا بەهۆی دیزاینە نوێیەکان، بەداخەوە لەو جۆرە جلوبەرگانە بە دەگمەن دەبینین، کە ئەویش یان لە ڕێگەی ئافرەتە بەتەمەنەکان، کە هێشتا جلوبەرگی کوردیی کۆن دەپۆشن، یانیش لە مۆزەخانەکان، ئەم جۆرە جلوبەرگانە سەرنجمان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، هەروەها ئامانجیشم لەم ئیشە ئەوەیە، کە ئەم جلوبەرگانە لەناو نەچن و بە ڕێژەیەکی زیاتر بەرچاو بخرێن و بخرێنتە بازاڕەکانەوە و خەڵک سەرلەنوێ بەکاریان بێنن. تا ئێستا چەند دانەیەکەم ئامادە کردووە و هیوادارم بتوانم لە ئایندەیەکی نزیکدا پیشانگایەکی تایبەت بە جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی ساز بکەم.
(باسنیوز) ئایا ئافرەت توانیویە خۆی وەکوو نیوەی کۆمەڵگە بسەلمێنێت، لەکاتێکدا کۆمەڵگاکە پیاوسالارییە؟
زەینەب ئەرکەوازی: من هەوڵم داوە لە زۆربەی تابلۆکانم ڕۆڵی ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە پیشان بدەم، چونکە لەڕاستیدا ئافرەت نیوەی کۆمەڵگەیە، هەروەها ئافرەت چ لەڕابردوودا و چ ئێستاکەی، توانیویەتی پەنجەمۆری خۆی بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبێڵێت، هەرچەندە کە پیاوسالارییشە، بەڵام هەندێ ئافرەت ئەم بابەتە بۆیان بەربەست نییە، کە پێشنەکەون. هەر بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە، ئافرەت لە سەدەکانی ڕابردوودا هەرچەندە تەکنەلۆجیا وەکوو ئەمڕۆ گەشەی نەکردبوو و هەموو دنیای نەگرتبووەوە، کەچی ئافرەت هەر توانیی خۆی بسەلمێنێت و بە ڕۆشنبیریی خۆی پاڵپشتیی پیاو بێت، هەر بۆ نموونە، ئێمە بە دەیان ئافرەتمان هەبووە، کە لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا ناویان دیارە، چ وەک هونەرمەند، نووسەر، ڕاگەیاندنکار، شاعیر، ڕۆژنامەنووس... تد. ئێستەش سەردەمی تەکنەلۆجیا و زانستە، خۆشبەختانە ناو و دەنگی ئافرەتی کورد لە زۆربەی بوارەکان، بەتایبەت لە بواری هونەر و ڕاگەیاندن گەیشتووەتە جیهان، ئافرەتانی خانەقینیش لەو هەزاران ئافرەتانەن، منیش بەپێی توانای خۆم، هەمیشە هەوڵم داوە لە ڕێگەی کارەکانمەوە، ناوم وەکوو کچێکی کوردی خانەقینی بە دنیا بناسێنم.[1]