کاشییەکان؛ دانیشتوانی کۆنی کوردستان
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
کاشییەکانیش وەک کۆمەڵێکی تری کوردستان لە قۆناغی مێژووی کۆندا، سەرباری ئەوەی مێژووییەکیان بۆ خۆیان لەو قۆناغەدا دروست کرد، لایەنێکی تری شارستانیەتی کوردستانیان پیشانی سەردەمەکە و دوای خۆیان دا. ئەو لایەنەش بۆ مێژووی کوردستان لەلایەک و مێژووی کورد، کە ڕیشەکەی بۆ کاشی و گوتی و لۆلۆبی و سوئيیەکان دەگەڕێتەوە، کەمبایەخ نەبوو.
ئەوان، کە نیشتەجێی ناوچەی لوڕستانی ئیمڕۆی وڵاتی ئێران بوون، بە یەکێک لە پێکهاتەکانی کوردستان ئەژمار کراون. هۆیەکەش ئەوە بووە، ناوچەی لوڕستان لە دیدگا و تێڕوانینی کوردەوە و بە چەندین بەڵگەی مێژوویی، بەشێک بووە لە خاکی کوردستان. لێرەوە کاشییەکان وەک کۆمەڵێکی کوردستانی کۆن ئەژمار کراون.
پێوەند بە زاراوەی کاشی، بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام بەهێزترین بۆچوونی مێژوويی، کە ڕای زۆرینەی شوێنەوارناس و مێژوونووسانی لەسەر بێت ئەوەیە، کە لە ناوی خوداکەیان (کاش) وەرگیراوە. (کاش)یش خودای خۆر بووە، کە لە باوەڕی ئایینی کۆندا بە (میترایی) ناسراوە. بە دیوێکی تردا، کاشییەکان میترایی و خۆرپەرست بوون، هەر بۆیە بە (کاشییەکان)، واتە (پەیڕەوانی خودای کاش) ناویان چووەتە ناو تۆمارەکانی مێژووەوە.
دەرکەوتنیشیان بۆ نیوەی یەکەمی هەزارەی دووەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، کاتێک لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی سۆمەرییەکاندا وەک جووتیار و کرێکار، کاریان دەکرد. ئەوەیشی پاڵی بە بەشێکی کاشییەکانەوە نا ڕوو بکەنە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی میسۆپۆتامیا و خاکی سۆمەر، عەوداڵبوونیان بوو بە شوێن ژیان و کار و بژێویی باشتردا.
هەر بۆیە پۆلێک لە کاشییەکان بۆ پەیداکردنی کار و دابینکردنی بژێویی خۆیان و خێزانەکانیان، ڕوویان کردە وڵاتی سۆمەر و لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی خاوەن موڵکەکانی سۆمەری دەستبەکار بوون. بەهۆی ئەوەشەوە، دوای ساڵانێک کارکردن و خزمەتکردن بە خاوەن موڵک و بازرگانە سۆمەرییەکان، توانییان بگەنە داراییەکی باش و پۆلێکی دەوڵەمەندیان لێ دروست ببێت.
ئەو ڕووداوەش هانی دەسەڵاتدارانی کاشیی دا، لە مەڵبەندەکانی خۆیانەوە، شاڵاوێکی سەربازی بکەنە سەر وڵاتی سۆمەر و داگیری بکەن. ئەوە ڕووداوەش کەوتە سەردەمی پادشاکەیان (کوریکالزو) کاتێک لە ساڵی (1695 پ.ز)دا پەلاماری خاکی سۆمەر و بابلی دا و داگیری کرد. ئامانجی کاشییەکانیش لەو شاڵاوە، گەیشتن بوو بە زەوییە کشتوکاڵییە بەپیتەکانی سۆمەری و بابلی.
بە گەیشتنی کاشییەکانيش بەو خاکە، سەردەمێکی نوێ لە دەسەڵاتدارێتیی وڵاتی سۆمەر و بابل دەستی پێکرد، کە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی کاشییەکان بوو. ئەو قۆناغەش، تا ساڵی (1162پ.ز)ی درێژەی کێشا، کە خۆی زیاتر لە (پێنج سەدە) دەبينييەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شاڵاوی کاشییەکان بۆ سەر ئەو خاکە داگیرکاری بوو، بەڵام بەپێی دەیان دەقی سۆمەری و بابلی، سەردەمی دەسەڵاتی ئەوان لەو ناوچەیە بە درێژترین سەردەمی مێژوویی وڵاتی سۆمەر و بابل تۆمار کراوە، کە ئاسایش و ئارامی تێدا بەرقەرار بووبێت.
ئەوەش بەهۆی ئەوەی، کەمترین ستەم ڕووی دا و ناوچەکە لە شەڕ و ململانێ بەدوور بوو. هەر بۆیە پێدەچێت شاڵاوی کاشییەکان تەنیا بۆ گەیشتن بووبێت بە داهاتی ناوچەکە بۆ خزمەتی هەموان، نەوەک دروستکردنی شەڕ و ململانێ و ناکۆکی.
لێرەوە ناوی (کاشییەکان) وەک پێکهاتەیەکی نەژادیی کەوتە نێو ناوان و بەشێکی مێژووەکەیان لەلایەن سۆمەری و بابلییەکانەوە بۆ داهاتوو پارێزرا. واتە ئەگەر سۆمەری و بابلییەکان نەبوونایە، یان کاشییەکان پەیوەندییان بە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی سۆمەری و بابلييەکانەوە نەکردایە و لە ڕێگای بایەخی ئەو زەوییانەوە دەستیان نەگەیشتایەتە ئەو خاکە، ئەستەم بوو ناوێکیان لە مێژوودا هەبێت، تەنیا لە ڕێگای هەندێک شوێنەوار و هەڵکەنراوەوە نەبێت.
بەپێی ئەو تۆمارانەش بێت، ڕۆڵ و پێگەیان لەسەر بنیاتنانی شارستانیەت و ڕەوتی مێژوو بەرچاوە. وەک دروستکردنی شاری (کۆریکالزو) لە باکووری خۆرئاوای شاری (بابل)، لەلایەن پادشای کاشی (کوریکالزو)، کە هەر بە ناوی خۆیەوە ناوی نا. ئەو شارەی دواتر بە (عەقەرقووف) ناسرا. تەنانەت بڕواش وایە (قەڵای زەقوورە) لە باشووری عێراقی ئەمڕۆ، بۆ سەردەمی ئەم پادشایە بگەڕێتەوە و لەلایەن ئەوەوە بنیات نرابێت.
سەرباری ئەو بوارەش، بایەخیان بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پیشەی دەست دا. کاروباری باجیشیان ڕێک خست و داڕشتەوە، تا خزمەت بە ئابووریی وڵاتەکەیان بکات. هەموو ئەوانەش پێویستی بە دۆخێکی ئارام هەبوو، تا پشتیوانیی بکات. هەر بۆیە پادشاکانی کاشی زەمینەی ئەوەیان ڕەخساند، تا ئابووریی دەسەڵاتەکەیان گەشە بکات و دەرفەتی خزمەتکردنیان لە چەندین بوار پێ بدات.
ئەوەش وای کرد لەپاڵ باشبوونی دۆخی دارایی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان، ئەدەب و وەرگێڕان گەشە بکات. دیارە پشتیوانیی کاشییەکان بۆ بەرهەمی ئەدەبی و کاری وەرگێڕان لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، تا خزمەتی زیاتر بە بوارەکانی تری ژیانیان و سيستەمی سياسیيان بکات و دەسەڵاتێکی تۆکمە بنیات بنێن.
هەر بۆیە کار بۆ وەرگێڕانی نووسراوەکانی (سۆمەری، ئەکەدی، بابلی، ئاشووری، میسری کۆن) بۆ سەر زمانی کاشی کرا. زمانی کاشیش لقێکی زمانی هیند و ئەوروپایی و زمانی سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی کاشییەکان بوو. بەتایبەت لەو کاتەی فەرمانڕەوایەتیی وڵاتی سۆمەر و بابلیان کرد. ئەم دۆخەش بەردەوام بوو، تا ئەو کاتەی دەوڵەتەکەیان لەسەر خاکی سۆمەر و بابل، لە ئەنجامی هاوپەیمانیی (ئاشووری- ئیلامی) کۆتایی هات.
ئەوەش کاتێک هەردوولا لە هاوپەیمانییەکی سیاسی و سەربازیدا بڕیاری لێدانی دەسەڵاتی کاشییەکانیان دا. بەو هۆیەشەوە ئاشوورییەکان لە باکوور و ئیلامییەکان لە خۆرهەڵاتەوە پەلاماری دەوڵەتی کاشییان دا و لە ساڵی (1162پ.ز) شاری (کۆریکالزۆ)یان داگیر کرد و کۆتاییان بەو دەوڵەتە هێنا، بەڵام بوون و هێزی ئەوان لە مەڵبەندی دێرینی خۆیان هەر بەردەوام بوو.[1]