بەوپەڕی پەرۆشی و نيگەرانييەوە لە پێشهاتە سياسييەکانی عێراق دەڕوانين که تا دێت بە ئاراستەی پەرتەوازەيی و قووڵتربوونەوەی زياتری قەيرانەکان و دوورکەوتنەوەی ئاسۆی چارەسەر دا دەڕۆن. دۆخەکە وا خەريکە داهاتووی وڵات و ئاشتيی کۆمەڵايەتی دەخاتە مەترسييەکی جیدييەوە و کۆی پرۆسەی سياسی و حوکمڕانی و دامەزراوەکان پەکدەخات.
خۆپێشاندانی مەدەنيی ئاشتيانە، مافێکی ڕەوا و دەستووريی پارێزرا وە، بەڵام پەکخستنی دامەزراوەی دادوەری دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بۆيە داوا لە هەموو لايەنەکان و لە خۆپێشاندەران دەکەين دامەزراوەکان و ئاشتيی کۆمەڵايەتی بپارێزن و لە ڕەوتی ئاشتييانه و مەدەنی دوورنەکەونەوە. وڵات چيتر بەرگەی ئەم هەموو قەيرانە سەخت و بارگرژييە ناگرێت و درێژەکێشانی زياتری ئاڵۆزی، دواجار بە زيانی تەواوی گەلی عێراق تەواو دەبێت.
ئێمه لە هەرێمی کوردستان جارێکی ديکه جەخت لەوە دەکەينەوە کە وەک هەميشە بەشێکين لە چارەسەر و هەموو هاوکارييەک دەکەين بۆ لێکگەيشتن و پێکهاتنی لايەنە عێراقييەکان. وڵات پێويستی بە گفتوگۆيەکی جدديی نيشتمانی و بەرپرسيارانەی لايەنە سياسييەکانە بۆ دۆزينەوەی چارەسەر لەسەر بنەمای دەستوور، هەر ئەوەش تاکه ڕێگەی دروستە بۆ دەرچوون لە قەيران و بنبەستی سياسی و گەياندنی وڵات بە کەناری ئارامی.
#نێچيرڤان بارزانی#
سەرۆکی هەرێمی کوردستان. [1]