🔻ڕوخسارێکی ونبوو!
بە بۆنەی ڕووخانی خانووە مێژووییەکەی، یادەوەریی #نەجمەدین مەلا#، لە چەند پەڕەگرافێکی کتێبی: لە خەیاڵەوە بۆ خۆڵی #کامەران سوبحان#
✹یەکەم:
هەر کاتێک بە شەقامی سابوونکەراندا دەڕۆم، هەست دەکەم درەخت و دوکان و خانووەکانی ئەو گەڕەک و ناوچەیە، بەشێکی زۆری یادەوەرییەکی ئەم شارەی تێدا شارابێتەوە. ئەوەی بۆ من جێگەی بایەخە، ڕۆح و ژیانی ئەو دار و پەنجەرە و دەرگا و کەرەستانەیە، کە ئەم خانوانەی لێ دروست کراوە. ئایا ئێستا ئەوان هەست بەو فەرامۆشی و پەراوێزخستنەیان ناکەن؟ ئایا هەست بەو نامۆییە قووڵە ناکەن، کە بەسەر سیما و ڕوخساری شار و کوچەکەیاندا هاتووە؟ بەدەم بیرکردنەوە لە وەڵامی ئەو پرسیارانەوە زۆر جار کە بە گەڕەکەکانی گاوران و مەڵکەندی و سابوونکەراندا دەڕۆم، لە بەردەم یەکێک لەو خانووە کۆنانەدا دەوەستم و لێی ڕادەمێنم و بە زمانی خۆی لەگەڵی دەدوێم. لەو ساتەدا وا هەست دەکەم لە بەردەم مرۆڤێکی بەتەمەنی بەئەزمووندا وەستاوم و گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەم، نەک پیرەخانوویەکی سەد ساڵە. لەو خانووە وا ڕادەمێنم کە سەری پڕە لە خەون و یادەوەریی فەرامۆشکراو. بەڵام کەس نییە گوێ بۆ گێڕانەوەی خەون و یادەوەرییەکانی بگرێت! ئەم یادەوەری و بیرکردنەوانە تازە نین و دەمێکە لەگەڵمدا دەژی.
✹دووەم:
لە ئێوارەیەکی ساردی زستاندا، لەگەڵ چەند ناسیاوێک چووین و سەردانی قوتابخانەکەیمان کرد، لەسەر دەرگای قوتابخانەکە وێنەی کەشتییەک کێشرابوو، قوتابخانەیەک تەنها یەک ژوور بوو. درێژییەکەی 23 پێ و پانییەکەی 17 پێ. لە بەردەم چرایەکی بچووک، ئەم مامۆستا گەورەیە دەرسی دەوتەوە. قوتابییەکان هەموویان لە چینی چەوساوە بوون، بۆ ئەوە هاتبوون مامۆستا لە نەخوێندەواری ڕزگاریان بکات! مامۆستاش لە ناوەڕاستی پۆلەکەدا ڕاوەستابوو، تەمەنی لە شەست تێپەڕی کردبوو. پاڵتۆیەکی پانوپۆڕی لە بەردا بوو، مشکییەکی بە سەرەوە بوو. چاوی بە ئێمە کەوت، دەستی لە تەپوتۆزی تەباشیرەکە سڕییەوە و بەخێرهاتنێکی گەرمیکردین.
ئەم چەند دێڕەی سەرەوە، پەڕەگرافێکە لە یاداشتی (میرۆسلاڤ زیگمۆند)ی گەڕیدەی چیکۆسلۆڤاکی، لە کاتی هاتنی بۆ کوردستان و سەردان و بینینی مامۆستا نەجمەدین مەلا نووسیویەتی. نەجمەدین مەلا، ئەو مرۆڤەی دەبێت بکرێتە سیمبۆڵی خوێندەواری لەناو کورداندا، چونکە لە ماوەی چل ساڵ ماندووبوون و کۆششی بەردەوام لە ماڵەکەی خۆیدا، زیاتر لە 7 هەزار منداڵی کوردی فێری نووسین و خوێندەواری و زمانی فارسی کردووە.
کاتێک بتەوێت بەدوای کار و بەخششە گەورەکانی ئەو مرۆڤە مەزنەدا بگەڕێیت، جگە لە کۆمەڵێک بەرهەمی خۆی لە ڕۆژنامەی ژین و کتێبەکەی مستەفا نەریمان (توێژینەوەیەک لە پێنج بەهرەی نەجمەدین مەلا) و نامیلکەیەکی ساجید ئاوارە، نووسینێکی وا لە بارەیەوە دەستناکەوێت.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە، کۆمەڵێک کەسایەتی هەن، زانیارییان سەبارەت بە بەرهەم و نهێنییەکانی ژیانی هەیە، بەڵام هیچیان لەسەر ئەو یادگاری و ڕۆژانە نەنووسیوەتەوە، تەنها زانیاریی زارەکین. گرنگە هەموو ئەو یاداشت و زانیارییانە لەسەر بەرهەم و دەستنووس و کەسایەتیی نەجمەدین مەلا بنووسرێتەوە.
✹سێیەم:
ئێستا بەیانییەکی مانگی (ڕەشەمێ) یە. نزیکەی 20 ساڵ پێش ئەوەی من (کامەران سوبحان) بێمە ئەم دنیایەیە. ئەم چیرۆکە دەگێڕمەوە. بەڵام لە خەیاڵدانمدا پێش لەدایکبوونم، وەک ئەم چرکەساتەم کە ئەم دێڕانەی تێدا دەنووسمەوە و تەمەنم نزیک دەبێتەوە لە چل ساڵ و سەرم یەک پارچە سپی بووە. بیرکردنەوەیەکی فیزیکیی کەمێک ئاڵۆزە، مرۆڤ بیر لە چرکەساتێک بکاتەوە، یان وێنەی دیمەن و ڕووداوێک بنووسێتەوە کە پێش لەدایکبوونی خۆی بە 20 ساڵ ڕوویدابێت! (ئێستا لە کۆمپیوتەرەکەدا، ئەو چرکەساتە دەنووسمەوە) تیشکی خۆر بە هێواشی لە پەنجەرە دارینەکەی (#کەشتیی نوح# )ەوە خۆی دەکات بە پۆلی وانە خوێندنی قوتابخانەکەی نەجمەدین مەلادا.
ئەو بەیانییە من لە تەنیشت پەنجەرەی پۆلەکەوە دانیشتووم. هەر وەک وتم، تەمەنم 39 ساڵ بوو، قوتابییانی پۆلەکەی نەجمەدین مەلاش لە 15 بۆ 20 ساڵ دەبوون و لە منیش بەتەمەنتری تێدا بوو. هەریەکەمان لەسەر تەنەکە و قوتوویەک دانیشتبووین. لە ڕوخساری مامۆستا نەجمەدینم دەڕوانی، ڕیشێکی زۆر کەمی ماش و برنجیی هەبوو، ڕەنگە تەنها چەند ڕۆژێک بێت ڕیشی نەتاشیبێت و تاڵەکانی لەسەر پێستی ڕوخساری سەریان دەرهێنابوو. تەختەڕەشێک لە پۆلەکەدا بوو، وێنەیەکی عەبدولکەریم قاسم بە ڕەشوسپی لە سەرووی تەختەڕەشەکەوە هەڵواسرابوو. لای دەستەچەپی تەختەکەڕەشەکەش، گۆچانێک و تەسبیح و چەند وێنەیەکی شاخوداخی کوردستانی تێدا هەڵواسرابوو. چوارینەیەکی شیعری پیرەمێردیش بە خەتێکی جوانی ڕەنگاوڕەنگ نووسرابوو، لە تەنیشتی تەختەڕەشەکەدا هەڵواسرابوو. لای دەستەڕاستی تەختەڕەشەکەش، لەسەر مێزێکی بچووکی نزم، کۆمەڵێک لاپەڕە دانرابوون، کە ڕۆژانە پێش ئەوەی ئێمە بچین بۆ وانەخوێندن و پاش تەواوبوونی وانەخوێندنی ئێمەش، مامۆستا نەجمەدین مەلا خەریکی نووسینەوە و شەنوکەوکردنی ئەو لاپەڕانە بوو. زۆر جار خۆی باسی دەکرد بۆمان و دەیوت ئەو لاپەڕانە وتار و چیرۆک و بابەتەکانمن، کە بۆ ڕۆژنامەی ژین دەیاننووسم. هەندێ ڕۆژ پێش ئەوەی بابەتەکە بنێرێت بۆ ژین، بە دەنگی خۆی بۆ ئێمەی دەخوێندەوە. کە دەستیدەکرد بە وانەوتنەوەش، بە تاموچێژێکی وا باسی بابەتەکەی بۆ دەکردین، حەزمان نەدەکرد وانەکە زوو تەواو بێت. بیرم دێت ئەو ڕۆژەی ئەم یادەوەرییانەی تێدا دەگێڕمەوە، وانەکەمان تێکەڵەیەک بوو لە فێربوونی نووسین و وشەزانیی کوردی و فارسی و خوێندنەوەی هەندێ دێڕەشیعری کوردی. نزیکەی 30 خولەکێک بە بەردەوامی فێری نووسینی دەکردین و پاشان یەک یەک هەڵیدەستاندین، بۆ نووسین و فێرکردن.
لە خولەکەکانی کۆتایی وانەکەدا، لەو لاپەڕانەی کە لەسەر مێزە بچووکەکەی بەردەمی بوو، بە دەنگی خۆی هەندێ لە شیعرەکانی تایەر بەگی جاف و مستەفا بەگی کوردی و عەبدوڵڵا زێوەری بۆ خوێندینەوە. میاوەمیاوی (قەتوول و بەتوول) دوو پشیلەی ماڵەکەی و هاوڕێی هەمیشەیی مامۆستا نەجمەدین، وەک زەنگی کۆتایی وانەخوێندن وا بوو. هەر ئەوان دەیانمیاواند و نزیک دەبوونەوە لە ژووری وانەخوێندن، هەمومان تێدەگەیشتین کاتی وانە تەواو بوو. ئەو ساتەی (قەتوول و بەتوول) هاتنە ژوورەوە، بینیم مامۆستا نەجمەدین دانەوییەوە بۆ لایان و بە هێمنی دەستی بە سەریاندا هێنا. وردەوردە ئێمەش ماڵئاواییمان لە مامۆستا و کەشتیی نوح کرد و ئەو ڕۆژە کۆتاییمان بە وانەخوێندنهێنا.
✹پۆرترێتی جوانی نەجمەدین مەلا/ هێڵکاریی هونەرمەند #ئاکۆ غەریب# .[1]