ناو: عەلی
نازناو: عەلی ڕەسوڵ شەناغەیی
ناوی باوک: ڕەسوڵ
عەلی ڕەسوڵ شەناغەیی
ناوی تەواوی (مام حاجی عەلی ڕەسوڵ حسێن) ە، ناسراو بە مام (حاجی عەلی مام ڕەسوڵ شەناغەیی) لە عەشیرەتی سیانە و ساڵی (1930) لە گوندی #گردەشینە# لە دایکبووە. تاقانەی دایک و باوکیەتی نە برا، نە خوشکی نەبووە. لە (1938) هاتۆتە #باشتەپە# دانیشتووە، دەکاتە خوارزای مام حاجی عزیز و مام حاجی حسێن زێڕین. دایکی ناوی (مەریەم تەها بامۆکی) خەڵکی گوندی #تاڵەبانی گەورە#یە.
لە ساڵی (1953) لە سەروبەندی سوێندخواردنی خەڵک و لە دەورانی ئاغایەتی کە بە ساڵی سوێندخواردنەکە ناسراوە، و هەر لەو ساڵەشدا بوو ڕاپەڕینی جوتیارانی دەشتی #هەولێر# لە دژی ئاغایان بەرپابوو. باشتەپەی جێهێشتووە، چۆتە گوندی (شەناغە) ی نزیک #دوبز#، لە ساڵی (1975) بە هۆی شاڵاوی تەعریبی ناوچەکە دەچێتە گوندی (#گابەرەکە#) تا (1979) لەوێ نیشتەجێ دەبێت پاشان بە یەکجاری دەستبەرداری ژیانی گوند بووەو هاتۆتە هەولێر گەڕەکی باداوە نیشتەجێبووە. هەر لەو ساڵەشدا دەبێتە فەرمانبەر لە چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە ژمارە(2).
لە ژیانی خێزانداریدا دوو جار پڕۆسەی هاوسەرگیری کردوە، لە یەکەمیاندا لە ساڵی (1948) لەگەڵ خاتوو (زلێخا ئیبراهیم مستەفا سیان) خەڵکی گوندی #گردلانکە#ی دەشتی هەولێر لەم خێزانە بەڕێزەدا چوار کوڕ بەڕێزان (عومەر، هاشم، کەریم، سەباح) لەگەڵ چوار کچی بووە، هاوسەرگیری دووهەم لە ساڵی (1968) لەگەڵ خاتوو (سافیە ڕەسوڵ حەمەد گۆران) خەڵکی گوندی (#کاریتان#)ی کەندێناوە بووە، ئەم خێزانەی ژن بە ژنی بووە، لە بەرامبەردا خاتوو (سێوە) ی کچی داوەتە مام (رەسول حەمەد). لەم خاتوونەش شەش کوڕ وچوار کچی بووە، کوڕەکانی (عەبدوڵڵا، سەعدی، یوسف، دەرباز، دلێر، سەرباز).
لە ساڵی (1982) چۆتە حەجی ماڵی خودا. لە ساڵی (1998) لە پیشەکەی خانەنشینکراوە.
مام حاجی عەلی کاسێتی تۆمارکراوی دەنگ و ڕەنگی تایبەت بە خۆی هەیە، کە لە خوارەوە نموونەی دەقی سەربەندی حەیرانێکی تۆمارکراوی مەرحومی مام حاجیمان تۆمارکردوە.
مام حاجی عەلی لە ژیانیدا ئارەزووی دەنگی مام #مەحمود سەید بەسێ#، و مام خورشید فەقێ عەزیز شەناغەیی کردوە.
شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، ڕێکەوتی (13/14 -06- 2005) بە هۆی نەخۆشییەوە لە نێو ماڵەکەی خۆیدا کۆچی دوایی کردووە، و لە هەولێر لە گۆڕستانی (#گردەڕەشە#) لە تەک گۆڕی مەرحومی خاتوو (زلێخا) هاوسەری یەکەمی بە خاکسپێردراوە.
(٭) نمونەی سەربەندی دەقێکی حەیران بە دەنگی خودا لێیخۆشبێت (مام حاجی علی مام ڕەسول) :
نادری... بە من نادری...
لە چاوان بازی... لە برۆیان سەقەڕی...
بە لێو نەباتی... بە زار شەکری...
حەیرانەکەی من کارمامزەکی سۆری چۆغەرە..
دەلەوەڕا لە بنارێ زوورگەزراوێ..
هەموو چێشتانان لەبەر خاترێ درێ بابێ عومەری..
چێشتاوێ خۆی دەهاوێشتەوە باشتەپەی قادری[1]