راگەیاندراوی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان
قۆناغی هەشتەمی ئەنفالی بادینان دوا قۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو، کە بەخاتیمەی ئەنفال ناسراوە.
لە 25ی ئاب دەستی پێکردو تا 6ی ئەیلولی ساڵی 1988 بەردەوام بوو. جوگرافیای شاڵاوەکە هەموو دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەتایبەتی ناوچەکانی ئامێدی و زاخۆ و ئەتروش و ئیمنکی و باتوفە و دێرەسورو کانی ماسی و شێخان لەگەڵ ناوچەی کوردنشینەکانی دەشتی نەینەوا.
لەم قۆناغەدا زیاتر لەحەفتا گوند بەر هێرشی کیمیاوی کەوتن و تایبەتمەندی قۆناغی هەشتەمی ئەنفالی بادینان لەوەدایە، مسوڵمان و ئیزیدی و کریستیان ئەنفالکران. بۆ وەبیرهێنانەوە، لەم قۆناغەدا زیاتر لە پێنج هەزار ژن و مناڵ و پیرو جوان بونەتە قوربانی شاڵاوو پەلامارەکانی سوپای ڕژێمی بەعس و، هێشتا چارەنوسی هەموویان نادیارە.
وەک یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان جەخت دەکەینەوە لە ئاوڕدانەوە لە دۆسیەی ئەنفال لەلایەن حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. بەتایبەتی هێشتا یەک ئێسک و پروسکی قوربانیانی ئەنفالی بادینان نەگەڕێنراونەتەوە.
هاوکات پێشنیار دەکەین حکومەتی خۆجێی دهۆک قەڵای دهۆک (سەربازگەی نزارکێ) بکەنە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەنفال و جینۆساید.
لەم ڕۆژەدا جەخت لە جیبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان دەکەینەوە.
لەم ڕۆژەدا یادی ئەنفالکراوان بەرز ڕادەگرین.
یەکێتی نوسەرانی بواری جینۆسایدی کوردستان[1]
2022-08-25