دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ئايينی يارسان-کاکەيی
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
ئایینی کاکەیی وەک ئایینێکی تری کوردستانی، مێژووییەکی ناڕوونی لەنێو تۆمارە مێژووییەکاندا هەیە. تەنانەت یەکێکە لەو ئایینانەی، بە چەندین زاراوەی جیاجیا هاتووە، وەک (کاکەیی، یارسان، عەلی ئیلاهی، قەڵغانی، درووز).
سەرەتای دەرکەوتنی ئەو ئایینە ڕوون نییە، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکان دەگەینە ئەوەی، کە دوای ئایینی ئێزدی دەرکەوتووە و شوێنی دەرکەوتنیشی خاکی کوردستان بووە. بەپێی چەند تۆمارێکی مێژوویی، لە سەردەمی دەوڵەتی ماد ئاماژە بە زاراوەی (کاک) وەک پێکهاتەیەکی نێو دەوڵەتەکە کراوە.
(ئەلمەسعوودی)ش وەک گەشتیارێکی عەرەبی و ئیسلامی، ئاماژەی بە هۆزێکی کوردی چیانشین کردووە، کە ئەو بە (کاهکاهی) ناوی هێناوه. زۆریش پێدەچێت مەبەستی ئەو گەشیتارە ئیسلامییە، بوونی کۆمەڵێکی ئایینی بووبێت لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، کە لە چوارچێوەی سیستەمی هۆزایەتیدا ژیابن. ئەوەش دیاردەیەکی ئاسایی و باوی سەردەمەکە و تەنانەت قۆناغەکانی دواتریش بووە.
(فەیروز ئابادی)ش وەک فەرهەنگناسێکی عەرەبی و ئیسلامی، ئاماژەی بە زاراوەی (کاکا) کردووە، بەڵام وەک کۆمەڵێکی ئایینی نا، بەڵکوو وەک ناوێک بۆ مانای (ترسنۆکی هەڵاتوو و دوژمنی دز). مەبەستیش لێی ئەوانە بووە، کە یان ترسنۆک بوون، یان دژایەتیی کاری دزییان کردووە و هەوڵی بنبڕکردنیان داوە. بەو بۆچوونەش بێت (کاک) لە مانای یەکەمدا بۆ کەسێکی بێدەسەڵات و لە مانای دووەمدا بۆ کەسێکی ڕەوشتبەرز هاتووە، کە دژی دیاردەی دزیکردن بوون. هەردوو ماناکەش لە پەیڕەوانی ئایینی کاکەییدا کۆبوونەتەوە، بەوەی زۆر لە ئایینەکەیان ترساون و هەوڵی شاردنەوەی ناوەڕۆکی پەیام و ڕێوڕەسمە ئایینییەکەیان داوە. هەروەها دیاردەی دزی و دزیکردن لایان تاوان و قەدەغە بووە.
(پارێزەر عەباس ئەلعەزاوی)یش بە (کاکەیی) ناوی هێناون و زاراوەکەشی بۆ وشەی (کاک)ی کوردی گەڕاندووەتەوە و پێی وابووە، لە ڕووداوەکەی (سوڵتان ئیسحاق) وەرگیراوە. ڕووداوەکەش ئەوە بووە، کە کاتێک ‘‘(شێخ مووسا و شێخ عیسا) کوڕانی (شێخ بابا عەلی هەمەدانی) لە زێدی خۆیانەوە هاتوونەتە گوندی (بەرزنجە) و ویستوویانە مزگەوتی گوندەکە نۆژن بکەنەوە، دەستیان داوەتە کارەکە و گەیشتووەتە ئەوەی سەری مزگەوتەکە دارەڕا بکەن و بیگرن، کاتێک کارەکەیان ئەنجام داوە، یەکێک لە دارەکان کورتی هێناوە و نەگەیشتووەتە ئەو سەری دیوارەکە، بۆیە لەو کاتەدا (شێخ عیسا) بە (شێخ مووسا)ی برا گەورەی گوتووە (کاکە بیکێشە). واتە (کاکە دارەکە ڕابکێشە).
دواتر (ئیسحاق)، کە یەکێک بووە لە کوڕەکانی شێخ (عیسا) و لەگەڵ برا گەورەکەی هاوکاریی باوکی و مامی کردووە، ئەویش بە بە برا گەورەکەی گوتووە (کاکە بیکێشە). کاکیشی دەستی داوەتە دارەکە و دواتر (ئیسحاق)یش ئەمسەری دارەکەی گرتووە و ئیتر دارەکە درێژ بووە و گەیشتووەتە ئەوسەری دیوارەکە. بەوەش کارەکەیان تەواو کردووە‘‘.
ئەو ڕووداوە لای کاکەییەکان بە موعجیزەیەکی (شێخ ئیسحاق) زانراوە، کە دواتر بە (سوڵتان ئیسحاقی بەرزنجی) یان (سوڵتان سەهاکی بەرزنجی) وەک گەورە کەسایەتیی ئایینەکە ناسراوە.
لەو تۆمارانەشەوە دەگەینە ئەوەی کە مێژووی دەرکەوتنی ئایینەکە بۆ پێش دەرکەوتنی (سوڵتان سەهاک) دەگەڕێتەوە، کە لای بەشێکی پەیڕەوانی ئەم ئایینە و ئایینناس و مێژوونووسان و توێژەران، بە ڕابەر و دامەزرێنەری ئایینەکە دانراوە.
تەنانەت پێش ئەویش چەندین کەسایەتی و پێشەوا و ڕابەڕی ئایینەکە هەبوون، وەک (بەهلوولی ماهی، شاخوشینی لۆرستانی). واتە ئەوەندە کۆن نییە هێندەی ئایینی ئێزدی، وەک لە (سەرەنجام) کتببی پیرۆزی ئەم ئایینەدا هاتووە. ئەوەندەش نوێ نییە، وەک سەرچاوەکانی مێژووی ئیسلام باسی دەکەن، بەڵکوو بۆ چەندین سەدە پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەمەو سەرچاوەکەشی بۆ شوێنکەوتووانی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب/ڕ.خ) ناگەڕێتەوە، وەک هەندێک سەرچاوە باسیان لێ کردووە، بەڵکوو خودی ئایینەکە مێژووییەکی دوورتری بەر لە دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام و ئەو کەسايەتييە ئيسلامييە هەیە، بەڵام بەهۆی دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام و ئەو فشارەی لەلایەن دەوڵەتانی خەلافەت و بەتایبەت دەوڵەتانی (ئومەوی و عەباسی) کرديانە سەريان، ناچار کران بکەونە ژێر کاریگەریی ئایینی ئیسلام و ئەو کۆمەڵ و ئایینزایانەی لە ناواخنی ئایینی ئیسلام جیابوونەوە.
کاتێکیش لە مێژووی ئەو ئایینە و پێشەواکانیان ورد دەبینەوە، دەگەینە ئەوەی کە زۆربەی هەرە زۆری پێشەواکانیان کورد و خەڵکی کوردستان بوون. تەنانەت مەڵبەندی یەکەمی دەرکەوتنی ئایینەکەش هەر خاکی کوردستان بووە، بۆیە بوون و بڵاوبوونەوەشی بە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا، دیاردەیەکی نامۆ نەبووە.[1]