دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ئايينی جوو
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی (ئایینی جوو) لە کوردستان بۆ سەدەی حەوتەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەوەش کاتێک پادشای کلدانی (نەبوخوزنەسر کوڕی نەبوبلاسەر) لە دواشاڵاویدا بۆ سەر شاری (ئۆرشەلیم) پایتەختی میرنشینی باشووری جووەکان لە ساڵی (587پ.ز)دا، سەرباری ئەوەی شارەکەی داگیر کرد و دەوڵەتەکەشی ڕووخاند، نزیکەی سێ هەزار جووی بە دیلی ڕەوانەی شاری (بابل)ی پایتەخت کرد. دوای گەڕانەوەشی لەو شاڵاوە، نزیکەی 1000 جووی بە دیاری وەک کۆیلە نارد بۆ (ئەستیاگزی کوڕی کەی ئەخسار)ی پادشای ماد، چونکە برای (ئامیتس)ی خێزانی بوو.
بەو ڕووداوەش نەک هەر کۆمەڵێک پەیڕەوی جوو هاتنە نێو سنووری دەوڵەتی ماد، بەڵکوو لەگەڵ خۆیشیان ئایینەکەیان گەیاندە کۆشکی شاهانە و (ئاکباتانا)ی پایتەختی دەوڵەتەکە و ناوچەکانی دەوروبەری. دوای ڕووخانی دەوڵەتی مادیش (کۆرش کوڕی کەمبوجیە) دامەزرێنەری ئیمپراتۆڕیی هەخامەنشی، بەهۆی ئازادیدان بە جووەکان و لابردنی کۆتوبەندی کۆیلایەتی لەسەریان و گەڕانەوەی دیلەکان بۆ خاک و نیشتمانیان، دەرفەتی بڵاوبوونەوەی باشتری بۆ ڕەخسا. دوای ڕووخانی ئیمپراتۆڕیی هەخامەنشی لە ساڵی (331پ.ز)، سنوور بۆ چالاکیی جووەکان دانرا، بەڵام بە دامەزراندنی ئیمپراتۆریی ئەشکانی لە ساڵی (250پ.ز)، جارێکی تر دەرفەت درایە جووەکان کار و چالاکیی خۆیان بە ئازادی درێژە پێ بدەن. کار گەیشتە ئەوەی، لە سەدەی یەکەمی پێش زایین (ویلایەتی ئەدیابێنێ) وەک یەکێک لە ویلایەتەکانی ئیمپراتۆریی ئەشکانی، ئایینەکەی بکاتە ئایینی فەرمیی ویلایەتەکە. تەنانەت پشتیوانیی دروستکردنی چەندین پەرەستگای لە شاری (ئەربیل)ی مەڵبەندی ویلایەتەکە و ناوچەکانی دەوروبەری کرد.
ئەمەو خودی جووەکان لەژێر دەسەڵاتی (سەرۆک جالووت) وەک پێشەوای ڕۆحیی خۆیان، کاریان لە پادشاکانی ئەشکانی کرد و لەبەرامبەر پێدانی باج بە دەوڵەت، هەموو ئازادییەکیان وەرگرت. بەو هۆیەشەوە دەرفەتی بڵاوبوونەوەی ئایینەکە بە چەندین ناوچە و شار و شارستان و شارۆچکە و گوندی کوردستاندا ڕەخسا و پەیڕەوانیان بۆ پەیدا بوو. لەو نێوەندەشدا چەندین خاوەنمڵک و بازرگان و توێژەکانی تری کۆمەڵگای کوردی باوەڕیان پێ هێنا.
کاتێکیش (تەورات) کتێبی پیرۆزی ئایینەکە، بەر لە دەرکەوتنی ئایینی مەسیحی لە هەردوو شاری (بابل و ئەدیسا) لە زمانی عیبرییەوە بۆ سەر زمانی ئارامی وەرگێڕدرا، زۆری نەخایاند بە شار و ناوچەکانی تری ئیمپراتۆڕیی ئەشکانیدا بڵاو بووەوە. ئەوەش دەرفەتی دایە پێکهاتەکانی نێو قەڵەمڕەوی دەوڵەتەکە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی، لە ڕێگای ئەو کتێبەوە ئاشنای ئایینەکە ببن، چونکە تا ئەوکات نەک هەر پێکهاتە ئایینییەکانی تر، بەڵکوو خودی باوەڕدارانی جووش، کەمترین زانیارییان لەسەر ئایینەکە هەبوو. لەگەڵ ئەو ئازادییەش بە جووەکان درا، ئەوانی لە ڕووی ئیمپراتۆریی ئەشکانیدا بێدەنگ نەکرد، تا گەیشتە ئەوەی، جووەکانی شاری (ئەدیسا)، بە ڕووی سیاسەتی (بەلاشی یەکەم/51- 77ز) وەستان، کاتێک ئازادی و چالاکیی ئەوانی لەژێر کاریگەریی مووغەکانی زەردەشتی سنووردار کرد. بەم شێوەیە دۆخی جووەکان تا کۆتایی ئیمپراتۆڕیی ئەشکانی لە نێوان ئازادیدان پێیان و بەرتەسککردنەوەی ئازادی و چالاکیی ئایینییان درێژەی کێشا.
ئەوەشی پێويستە لەم قۆناغەدا سەرنجی بخەینە پاڵ ئەوەیە، کە جووەکان لە کوردستاندا، یان بە واتایەکی تر، کوردە جووەکان بە چەندین جۆر پیشەوە سەرقاڵ بوون، هەر لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، تا بە پیشەی دەست و دووکانداری و زێڕەنگەری و کاری بازرگانی و کاری سوو دەگات. هەروەها لە هەر شار و شارۆچکەیەکیش گەڕەکی تایبەتی بە خۆیان هەبوو و هەر بە ناوی خۆیشیانەوە ناو نرابوو (گەڕەکی جووەکان). واتە زۆر کەمتر تێکەڵ بە پێکهاتە ئایینییەکانی دیکە دەبوون.
کاتێکیش ئیمپراتۆڕێتیی ساسانی دامەزرا، ماوەیەک بوو پەیڕەوانی جوو و بە چەندین شار و چارۆچکەی ساسانیدا بڵاو بووبوونەوە، کە بەشێکیان کەوتبوونە خاکی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانەوە، وەک (ئەکباتانا، ئەربێلا، کرخ سلو، ئیلام، ..تاد). دیارە بەهۆی دۆخی باشیی جووەکانیش، بەردەوام لەبەردەم مەترسیی پادشاکان و بەرپرسانی ساسانیدا بوون، چونکە بەردەوام فشاریان بۆ دەهێنرا و بە ناو و پاساوی جیاجیا، داوای پارە و سەرانەیان لێ دەکرا.
ئەمەو جگە لەو باجانەی خرابووە سەریان. هەربۆیە کوردە جووەکان سەرباری باشیی دۆخی دارایی و هەوڵی بەردەوامیان بۆ ژیان و پێکەوەنانی سامان، ئەوەندی لە خزمەت هاوپەیڕەوانی خۆیاندا بوون، کەمتر لە خزمەت کوردانی مەسیحی و زەردەشتی و مانی و مەزدەکیدا بوون، بەڵکوو بە چاوی نەیار سەیری یەکتریان دەکرد. هۆیەکەش ئەوە بوو، لەو سەردەمەدا هەستی ئایینی بەهێزتر و پیرۆزتر بوو لە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی.[1]