دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ئايينی مەسيحی
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
لەگەڵ ئەوەی (ئایینی کریستیان) بە یەکێک لەو ئایین و بیروباوەڕانەی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت، کە زۆر بەزوویی بە کوردستاندا بڵاو بووەوە، بەڵام لەسەر دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی بیروڕای جیاواز هەیە. زۆرترین بۆچوونەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن، کە گەیشتنی ئەم ئایینە بە کوردستان، بۆ یەکێک لە خوێندکارانی (عیسای کوڕی مەریەم/ د.خ) پەیامبەری ئایینەکە دەگەڕێتەوە، کە ناوی (تۆما) بووه.
کاتێک لەو گەشتەیدا بۆ وڵاتی هیندستان بە خاکی کوردستاندا ڕەت بووە و پەیڕەو و لایەنگری بۆ ئایینەکە پەیدا کردووە. ئەم ڕووداوەش بۆ ساڵانی (50 - 52ز) دەگەڕێتەوە. تەنانەت چەندین مێژوونووس و خۆرهەڵاتناس و توێژەریش پشتگیریی ئەوە دەکەن، کە ئەم ئایینە لە سەدەی یەکەمی زایینیدا گەیشتووەتە کوردستان و باوەڕدارە کریستیانیەکانیش چەند بنکەیەکی قەشەنشینیان دامەزراندووە.
ئەوەش نەک هەر لە ناوچەکانی (میسۆپۆتۆمیا، جەزیرە، ئادیابینی، هەکاری) ی کوردستاندا، بەڵکوو لە ناوچەکانی (فارس و خۆزستان) يشدا، کە چەند مەڵبەندێکی کوردنشینی لێ بووە. دواتر لە سەرەتای سەدەی سێیەمی زایینی (دوو) کەسایەتیی کریستیان بە ناوەکانی (قەشە ئەحەی و قەشە مارماری) ڕوویان لە کوردستان کردووە و لە چەند ناوچەیەکی وەک (باقردی، بایەزید، مووسڵ، میسۆپۆتامیا) خەڵکیان بۆ ئایینەکە بانگهێشت کردووە. هەروەها (عەبد مەشیخا/ 190-225ز) ، کە دوا قەشەی سەردەمی دەسەڵاتی ئەشکانییەکان بوو لە ئەربێلا، لە سەرتاسەری کوردستاندا نزیکەی 25 قەشەنشینی هەبووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە تەنیا لە ماوەی دوو سەدەدا ئایینەکە بەو ڕادەیە بڵاو بووەتەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم ئایینەش بە کوردستاندا، دۆخی کریستیانیەکان وەک پێویست نەبوو، چونکە دەسەڵاتدارە ڕۆمەکان دژایەتیی کریستیانیەکانیان کرد، لەوانە (تەراجان/ 98-117ز) لە شاڵاوێکیدا بۆ سەر ناوچەکانی ئەرمەنستان و باکووری خۆراوای کوردستان لە ساڵی (115ز) دا کەوتە ئازار و ئەشکەنجە و ڕاوەدوونانی کریستیانییەکان، بە کوردە کریستیانیەکانيشەوە. هەروەها (ڤالریان/ 253-260ز) و (دقلدیانۆس/ 284-305ز) وەک (دوو) ئیمپراتۆڕی ڕۆمانی لە شاڵاوەکانیان بۆ سەر کوردستان و بەگژداچوونی ساسانییەکان لە ناوچەکانی (کوردوێنی، حەڕان، مەڵاتیە) ، لە ئازاردانی کریستیانیەکان درێغییان نەکرد.
بەڵام کاتێک (تیردادی سێیەم/ 287-330ز) پادشای ئەرمەنستان لە ساڵی (301ز) و (قوستەنتینی یەکەم/ 305-337ز) ئیمپراتۆری بیزەنتی لە ساڵی (313ز) باوەڕیان بەم ئایینە هێنا و کردیانە ئایینی فەرمیی دەوڵەتەکەیان، دەرفەتی زیاتر بڵاوبوونەوەی ئایینەکە بە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ژێر ئەو دەوڵەتانە ڕەخسا. دواتر (کڵێسا و دێر) وەک (دوو) پەرەستگای ئایینەکە لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو (دوو) دەوڵەتە دروست کران و بوار بە قەشەکانی کریستیانش درا بەئازادی کار بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینەکە بکەن. ئەمەش بەو واتایەی، کە ئەو ئایینە لە بەشێکی کوردستاندا کرایە ئایینی فەرمی.
ئەم دۆخە بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان وانەبوو، بەڵکوو لەلايەک کوردە مەسيحييە دووردەستەکان لەسەر ئایینەکانی (ئێزدی، کاکەيی، جوو، زەردەشتی) مانەوە، بەڵام شارنشین و پیشەوەران ئەم ئایینەیان وەرگرت. لەلايەکی ديکەوە، ئەو ناوچانەی کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی ساسانییەکان، دۆخێکی تریان هەبوو، چونکە ساسانییەکان بەدرێژایی دەسەڵاتیان، جگە لە هەندێک سەردەمی جیاواز نەبێت، فشاری قورسیان بۆ سەر کریستیانیەکان بە گشتی و کوردە کریستیانیەکان بەتایبەتی دروست کردبوو.
بەتایبەتی لە ناوچەکانی (ئەربێلا، کرخ سلوخ، هەکاری) ، کە پێگەی گرنگی کریستیانیەکان و ئەو ئوسقۆفانە بوون، سەرپەرشتیی چەندین کڵێسای ناوچەکانی دەوروبەريان دەکرد. هەروەها ئەرکی بڵاوکردنەوە و فێرکردنی باوەڕدارەکانی بە ئەرک و بنەماکانی ئایینەکەيان گرتبووە ئەستۆ. ئەو سیاسەتەشی (ئیمپراتۆریی ساسانی) دەرحەق بە کریستیانیەکان ئەنجامی دا، پرۆسەی بڵاوبوونەوەی کریستیانیەتی نەوەستاند و لایەنگرانی کەم نەکرد، بەڵکوو دەیان کەسایەتیی کوردی کریستیان گەیشتنە پایەی بەرز و پلەی گەورەیان پێ سپێردرا.
لە سنووری ئیمپراتۆڕیی بێزەنتیش دەرفەتەکان زیاتر بوون، چونکە ئایینی فەرمیی دەوڵەتەکە بوو. هەر ئەوەش وای کرد ئایینەکە بگاتە زۆرینەی ناوچە کوردنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە. تەنانەت دەرفەتی دەرکەوتنی دەیان کەسایەتیی ئایینی کریستیان ڕەخسا، کە لەنێویاندا چەندین کورد هەبوون. لەوانە (نەستۆر/ 378-453ز) ی خەڵکی شاری (مەڕەش) ی باکووری کوردستان، کاتێک لە سەرەتای سەدەی پێنجەمی زایینی گەیشتە پلەی (قەشەی کڵێسای ئەنتاکیە) ، کە ئەو سەردەمە بەناوبانگترین کڵێسای خۆرهەڵات بوو. پاشان لە (10ی نیسانی428ز) کرایە پاتریاریکی شاری (قوستەنتنییە) ی پایتەختی ئیمپراتۆرێتیی بیزەنتی. کاتێکیش گەیشتە ئەو قەناعەتەی، کە (عیسای مەسیح/ س.خ) یەک سرووشی خودایی نییە، کە کریستیانیەکانی ئەو سەردەمە باوەڕیان پێ بوو، بە پاپا و دامەزراوەکەیەوە، بەڵکوو (دوو) سرووشی هەیە، یەکێکیان خودایی و ئەوی تریان مرۆیی، بۆيە لەلایەن (سیۆدسیۆسی دووەم/ 408-450ز) ئیمپراتۆڕی بێزەنتی لێ درا.
ئەوەش دوای ئەوەی (پاپا کالستۆسی یەکەم/ 422-432ز) باوەڕەکانی قەدەغە کرد. ئەو ڕووداوەش دەرفەتی دایە پادشاکانی ساسانی، ئەو هەلە بقۆزنەوە و لە دژی ئیمپراتۆڕیی بێزەنتی پشتیوانی لە (نەستوور) و پەیڕەوانی بکەن و لە سنووری دەسەڵاتیان پەرە بە ئازادیی ئایینی بدەن. ئەو ڕووداوەش دەرفەتی بڵاوکردنەوەی ئەو ئایینەی لەسەر باوەڕی نەستووری زیاتر کرد و هەلی باشتر بڵاوکردنەوەی بە ناوچە کوردنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی ساسانی ڕەخساند، بەڵام ئەم هەوڵەش کەوتە نیوەی دووەمی سەدەی پێنجەمی زایینیی بەدواوە، نەوەک پێشتر. بەم شێوەیەش ئایینی کریستیان بە پەیڕەوە جیاجیاکانییەوە بووە یەکێک لە باوەڕەکانی بەشێکی کورد و دانیشتوانی کوردستان، بەر لە دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام.[1]