دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ئايينی مانی
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
ئەم ئایینە یەکێک بوو لەو ئایینانەی بە شێوازێکی خێرا و بەربڵاو بە کوردستاندا بڵاو بووەوە. بڵاوبوونەوەشی بۆ دەرکەوتنی ''مانی'' کوڕی پاتک (216-277 ز) دەگەڕێتەوە کاتێک لە ساڵی 241ی زایینی بانگەشەی هاتنەخوارەوەی سروشی کرد و خۆی وەک دوایەمین پەیامبەری خودا ناساند. ئەو ساڵەش هاوکات بوو لەگەڵ کۆچی دوایی ئەردەشێر کوڕی بابەک, دامەزرێنەری ئیمپراتۆریی ساسانی کە زۆر هۆگری ئایینی زەردەشتی و نەیاری ئایینەکانی تر بوو.
بە کۆچی دوایی پادشای ساسانی، کۆتایی بەو گەشتەی هێنا کە بۆ ناوچەکانی خۆرهەڵات و نیمچەدوورگەی هیند ڕێکی خستبوو، بۆیە بەرەو پایتەختی ئیمپراتۆریی ساسانی گەڕایەوە، تا پشتیوانیی شاپووری یەکەم (242-272 ز)، دووەمین پادشای ساسانی بۆ قبووڵکردنی ئایینەکەی وەربگرێت. لە گەڕانەوەشیدا بە مەڵبەندە کوردنشینەکانی وەک پارس، خووزستان، لوڕستان، شارەزوور، کرخینی، ئەربێلا، جزیرە و نوسێبیندا تێپەڕی و پەیڕەوانی بۆ ئایینەکەی پەیدا کرد.
دوای گەیشتنی مانی بە شاری تەیسەفونی پایتەخت و دیداری لەگەڵ پادشای ساسانی، کاری لە شاپووری یەکەم کرد و توانیی لە ساڵی (242 ز) پەیامەکەی وەک ئایینی فەرمیی دەوڵەتەکە قبووڵ بکات. هەروەها دەرفەتی پێ درا کار بۆ بڵاوکردنەوەی بکات. بۆ ئەو مەبەستەش، چەند گەشتێکی بۆ ویلایەتەکانی (ئەدیابێنێ، ئەکباتانا و ئاوسروێنێ)ی سنووری ئیمپراتۆریی ساسانی کرد و کۆمەڵانی خەڵکی بۆ ئایینەکەی بانگهێشت کرد.
ئەوەیشی ڕۆڵی لە زوو باوەڕهێنانی پێکهاتەکانی نێو ئیمپراتۆریی ساسانی، لەوانەش کورد گێڕا، کە هەرچی زووە باوەڕ بە ئایینەکە بهێنن، باوەڕهێنانی پادشای وڵات بوو بە ئایینەکە. هەروەها ئەو بانگەشانە بوو کە ''مانی'' وەک پەیامبەری ئایینەکە کردی، لەوانە بانگەشەکردن بۆ ئەوەی دوایەمین پەیامبەری خودایە و پەیامەکەی ڕاستترین و پاکترین و دوایەمین ئایینی مێژووی مرۆڤایەتییە.
لەو گەشتانەشدا کە لە وەرزەکانی (بەهار و هاوینی) ساڵی (242ز) ئەنجامی دا، سەردانی چەندین گوند و شاری کوردنشینی کرد. لەوانە سەردانی شاری (کرخ سلوخ) کرد و دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە. دواتر چووە شاری (ئەربێلا) و سێ ڕۆژ لێی مایەوە. بە دوایدا سەردانی شارەکانی (نەینەوا، ڕوها و نوسێبین) و هەروەها مەراغە، کەنگاوەر و حولوانی کرد و باوەڕی بەشێکی دانیشتوانەکانی بەدەست هێنا.
چەندین نامەشی بۆ خوێندکار و پەیڕەوانی لەو شارانە نووسی، تا بە بەردەوامی ئەرک و بنەما و داواکانی ئایینەکەی بۆ پەیڕەوانیان ڕوون بکەنەوە و لە بڵاوکردنەوەی درێغی نەکەن. هەروەها خودی (مانی) سەردانی هەر شار و شارۆچکە و گوندێکی کردبێت، یان لە ڕێگای هاوەڵ و خوێندکارەکانیيەوە، کاری بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی کردبێت، بایەخ و پێگەی خۆی لەنێو پەیامبەرانی پێش خۆی و پەیامەکەشی لەنێو پەیامەکانی پێش خۆی خستبووە ڕوو. ئەوەش وای کردبوو، زیاتر بچێتە ناو خەڵک و باوەڕی پێ بهێنن.
بایەخ و گرنگیی ئەم ئایینەش لای ئەو مەڵبەندە کوردنشیانە تەنیا باوەڕهێنان نەبوو بە ئایینێکی نوێ و سوودوەرگرتن لە پەیامێک کە دەسەڵاتداری ساسانی باوەڕی پێ هێنابێت، بەڵکوو کۆمەڵی کوردەواری لەو قۆناغەدا ئامانجی وەرگرتنی پەیامێک بوو کە پەیامبەرەکەی لەنێویاندا بێت و وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژیان بداتەوە. سەرەڕای دوورکەوتنەوە لەو چەندین ئایین و بیروباوەڕانەی، یەکێتیی ڕۆحیی کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەیان بەرەو پەرتەوازەیی و پەشێوی بردبوو.
هەروەها دوورکەوتنەوەیان بوو لەو کۆت و بەندە بەردەوام و بێسنوورەی، مووغەکانی زەردەشتی بۆ سەر پەیڕەوانیان دروستیان کردبوو. بەتایبەت لەنێو توێژی (بازرگان، کاسبکار، پیشەوەر و جووتیار)ی ناوچە کوردنشینەکاندا. لەم بوارەدا بازرگانان و پیشەوەرانی شارەکانی (ئەربێلا، کرخ سلوخ، ڕوها، نوسێبین، ئەکباتانا، کەنگاوەر و حولوان) لە پێشەنگی یەکەمین باوەرهێنەرانی ئایینەکە بوون و پشتیوانییان لێ کرد.
ئەم دۆخەش تا ساڵی (252ز) مایەوە، چونکە لەو ساڵە بەدواوە (شاپووری یەکەمی ساسانی) وازی لەو ئایینە هێنا و پشتی تێ کرد و بۆ ئایینی زەردەشتی گەڕایەوە. بەوەش ئەوانەی باوەڕیان بەو ئایینە هێنابوو، بوونە هاووڵاتیی پلە دوو و وەک پێشوو مافی دامەزراندن و پاداشتیان نەما. بەپێچەوانەوە، دووچاری سزا و کاردانەوەی توندی بەرپرسانی ساسانی بوونەوە. لەم دۆخە سیاسییە نوێیەشدا، لاپاڵی چیاکانی کوردستان بوونە یەکەمین وێستگەی داڵدەدانی مانی و باوەڕدارانی و دەربازکردنیان لە دەست بەرپرسانی ساسانی.
ئەمەو جگە لەوەی فشار و چاودێریکردن و ڕاوەدوونان، مانییەکانی کوردستانیشی گرتەوە، بۆیە بڵاوبوونەوەی ئایینی مانی دوای ساڵی (252ز) لە کوردستاندا سنووردار کرا و باوەڕهێنان پێی بە قۆناغی نهێنیدا تێپەڕی.
کاتێکيش، بەتایبەت دوای ئەوەی (مانی) لەسەر فرمانی بارامی یەکەم (273-277ز) و لەژێر کاریگەریی (کەرتیر)، موغی گەورەی زەردشتییەکان لەخاچ درا و دوای گوڕینی پێستەکەی، سەری لە لاشەی جیا کرایەوە و بە دەرگای شاری (جوندیشاپوور)ەوە هەڵواسرا، بەمەش فشارێکی توندتر کەوتە سەر پەیڕەوانی و بڵاوبوونەوەشی لە کوردستاندا بەرتەسک بووەوە.
بەم شێوەیە ئایینی مانی، تا دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام سەرباری فشاری زۆری ساسانییەکان، وەک یەکێک لە ئایینەکانی سەردەمەکە مایەوە و بوونی خۆی سەلماند. ئەمەو سەرباری چاودێریی توندی بەرپرسانی ساسانی لەسەریان، لەسەر باوەڕەکەیان مانەوە و کێبرکێیان لەگەڵ ئایینەکانی (ئێزدی، کاکەيی، جوو، زەردەشتی، مەسیحی و مەزدەکی) کرد.[1]