بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە بیست و پێنجی ئابی 1988 هەتا شەشی ئەیلوولی 1988 لە درێژەی زنجیرە تاوانەکانی ڕژێمی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، بەشێکی زۆری ناوچە و گوندەکانی دەڤەری بادینان کەوتنە بەر هەڵمەتی نا مرۆڤانەی کیمیابارانکردن و گرتن و کوشتن و ڕاگواستن و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێ تاوان لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی ئەو کاتی عێراقدا. لە ئەنجامی ئەو تاوانە نا مرۆڤانەیە بە هەزاران هاووڵاتیی کوردستان شەهید و بێ سەرو شوێن و ئاوارە کران و سەدان گوندیش خاپوور بوون.
مەبەستی ڕژێم لەو ڕەفتارە شۆڤینی و ئەو تاوانە گەورەیە گۆڕینی دیموگرافی کوردستان و شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان لەڕێگەی چەک و زەبروزەنگ و ستەمکاری بوو. بەڵام ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ مانەوە و ئازادیخوازی سەرکەوت و ئەوە دوژمنان و نەیاران و تاوانباران بوون کە کەوتنە زبڵدانی مێژوو.
لە یادی سی و چوار ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی کوردانی فەیلی و ئەنفالی بادینان و گەرمیان و بارزان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەنێرین. لەو یادە دڵتەزێنەدا ڕایدەگەیێنین کە گەلەکەمان هەرگیز زمانی زۆرداری و تاوان قبووڵ ناکات و دەبێ دەوڵەتی عێراقیش قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و ستەمەکارییانە بدات کە لە دژی میللەتەکەمان ئەنجام دراوە. [1]
#مەسعود بارزانی#
25ی ئابی 2022