ناو: عومەر
نازناو: عومەری بیر لێدەر
ناوی باوک: عەبدولڕەحمان
$ژیاننامە$
عومەری بیر لێدەر
ناوی تەواوی (عومەر عەبدوڵرەحما داود) ناسراو بە وەستا عومەر ی بیر لێدەر، پیاوێکی دیندار، ڕەوشت بەرز، حەڵاڵ زادە، دەستڕەنگین، نەرم ونیان و لەسەرخۆ، چاو و دڵ تێر، بەو نانە ژیاوە بە بەری ڕەنجی خۆی پەیای کردووە، لە گوندی (#بانەمورد#) ی ناوچەی #دێدەوان# لە ڕێکەوتی (01 -07 -1907) لە دایک بووە، تەنیا تاقە برایەک بە ناوی مام (داود) کە ئەویش لە گوندی (#تەتەراوە#)ی دەشتی #هەولێر# دادەنیشت، و برازایەکی بە ناوی سەلیم هەبووە، و لە عەشیرەتی (#شێخانی#)ن. وەک باس دەکرێت مەرحومی مام حاجی عومەر لە کۆتایی ساڵانی چلەکان ماڵی هێناوەتە #باشتەپە#، تا گوند وێران بووە لە ساڵی (1987) ماڵ وحاڵی مابوو، پاشان هاتۆتە کۆمەڵگەی (#دارەتوو)#ی هەولێر جێنشینبووە.
ئەو لە گوند، کاری بیرلێدانی دەکرد، و لەنێو ماڵەکەیدا بە پیشەی دەستی دیکە خۆی دەگوزەراند، تەنەکەچییەکی شارەزا و دەستڕەنگین بوو، بە سەلیقەی ورد و جوانی خەریکی درووستکردنی سوپای قشپل، دەرگای بە گرێژنە و لا شیپانەی مەحکەم، مەسینەی حەوتجۆش و تەشت و قازان، مەقەڵە، کۆلی ئاوی ئاژەڵان، وچەندان پێداویستی تر بووە. ئەمە جیا لەوەی کە دەگێڕنەوە لە گوند بیرلێدەرێکی کارامەش بووە.
مام عومەر، لە گوند پارچە زەویەکی شەست دۆنمی لە (عەلیەدۆڵ) هەبوو. ماڵەکەی کەوتبووە بەردەم مزگەوت و ببووە هاوماڵی هەر یەکە لە ماڵی مام عومەر سەرکار، مام حاجی ڕەسوڵ، و مام سادقی ئۆمەر.
مام عومەر لە باری کۆمەڵایەتیدا دوو جار پڕۆسەی خێزانداری پێکهێناوە: لە جاری یەکەم لەگەڵ خاتوو (ئامینە) بووە لەم خاتوونە تەنیا کچێکی دەبێت بە ناوی (سەبریە) کە پاشان بۆ هاوسەرگیری دووەمی لە بەرانبەر خاتوو (شوکریە) خەڵکی گوندی #قورشاغڵو# بۆ خۆی ژن بە ژنی پێکردووە.
لە سەرەتای حەفتاکان بە خۆی و خاتوو (ئامینە) ی هاوسەری فەریزەی حەجی ماڵی خودای بەجێهێناوە.
مام عومەر تەمەنێکی درێژی بەرەکەتداری بەسەربردووە، ئەو لە (2004) دوای (97) ساڵ تەمەن لە ماڵەکەی خۆیدا لە دارەتوو کۆچی دواییکردووە و لە گۆڕستانی (#گردەڕەشە#) لە هەولێر نێژراوە. هەروەها پلکە (ئامینە) ی هاوسەریشی بە دوای ئەودا مردوە.
خودا لێیخۆشبێت (مام عومەر) هیچ تۆمارکراوێکی حەیرانەکانی بە دەنگی خۆی نییە. کەچی ئەوانەی یادگاریەکانی لێ دەگێڕنەوە پەسنی حەیرانەکانی دەکەن و بە کەسێکی دەنگ زوڵاڵ ناوی دەهێنن[1]