دیموکراسی بە بێ کچە مۆدێل!
#شەماڵ بارەوانی#
بەر لەوەی بچەمە سەر کڕۆکی بابەتەکە (دیموکراسی بەبێ کچە مۆدێل)، دەمەوێ ئاماژە بۆ گاڵتەجاڕی و مەهزەلەیەکی تری ئیسلامی سیاسی بکەم سەبارەت بە چەمکی(زۆرینە و کەمینە).
ئیسلامی سیاسی هەرجارەی گەر بیانەوێت ڕێگری لە ئازادی خەڵکێک بکەن و فشار دروست بکەن و عاتیفەی مێگەڵ و خەڵکێکی خالیولزیهن و ناڕۆشنبیر و سادە لەوح و بێ پاکگراوەند بجووڵێنێن، لە دژی ئازادی تاک و کرانەوەی جڤات و هەر نوێگەریەک و چەمکێکی تازەی دنیای مۆدێڕنێتە و بەرهەمی ئەقڵی ئازاد و جیهانی سیکۆلار، بە گوتاره خوڕافی و ئەقڵیەتە کلاسیکی و کۆنە خوازەکەی خۆیان، پەنا بۆ یاریەکی مناڵانە و فێڵێکی فێندەمێنتالستانە دەبەن و دێن و دەڵێن: کۆمەڵگای کوردی سەتا نەوەت پێنج و نازانم ئەوەندەی موسڵمانە و نابێت ڕێگە بەکارێکی وابدرێت و خۆیان لە خەڵک و خوا دەکەن بە پۆلیسی دابوو نەریت و ئەخلاقی گشتی و دەرگاوانی بەهەشت.
جارێ لە کامە داتا دەڵێت: 95٪ کۆمەڵی کوردی موسوڵمانە؟
دەڵێی هەرچی چەپ و کۆمەنیست و لائیک و ئەتایست و زەردەشتی و کاکەیی و مەسیحی و ئێزدی و جووی کوردستانە، حیسابیان کردووە!
دواتر دینی ئیسلام هەزار و یەک گروپ و حزب و مەزهەبی هەیه، کامە مەزهەب، شافیعی، حەنەفی، حەمبەلی، مالیکی، جەعفەری، زەیدی، موعتەزیلە، قورئانی، مورجیئە، باتنی، ئەبازییه، عەدنانی، قاعیدە، بۆکۆ حەرام، تاڵیبان، داعش، کۆمەڵ، یەکگرتوو، بزووتنەوە، سەلەفی جیهادی، سەلەفی مەدخەلی..تاد.
بە درێژایی مێژووی ئیسلام هەموو یەکتری تەکفیر و تەبدیع و ڕەتدەکاتەوە.
دواتر بەو لۆژیکەی ئیسلامگەراکان بێت، مادام سەتا نەوەت پێنج گووتی: دەبێت کچە مۆدێل و هەرکرانەوەیەکی کۆمەڵ و ئازادیەکی تاک و تازەگەریەک و تێکەڵی هەردووک ڕەگەز لە قوتابخانە قەدەغە بکرێت.
کەواتە لە وڵاتانی ئۆروپا، کە موسڵمان و ئیسلام کەمینەی ناو کەمینانن، تەواو دروست و ڕەوایە، حەملەیەک بکرێت و بڵێن دەی دەبێت ئیسلام و موسڵمان بوون قەدەغە بکرێت!؟
ئەزیزم ئەو ئیسلامیه دیماگۆجانە بەرەواژو و هەڵە لە چەمکی زۆرینە و کەمینە حاڵی بوونە، زۆرینە بە واتای عەنتەری و سەپاندن و دکتاتۆریەت نایەت.
لە دیموکراسیەتدا، 99٪ لەسەر بۆچوونەک بن و یەک کەسیش تەنها لەسەر بۆچونێکی دژ و پێچەوانەبێت، دەبێت حیساب بۆ بۆچوونی ئەو تاکە کەسە بکرێت و ڕێز لە حەز و خولیاو ئازادیەکانی بگیرێت.
ئینجا بابێمەوە سەر دیموکراسیی بە بێ کچە مۆدێل!
بیرمە لە فەقێیاتی بووم، ڕۆژێک لە کتێبخانە بووم، کتێبێک ناونیشانەکەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام و یەکسەڕ کڕیم و بردمەوە حوجرە و خوێندمەوە، کتێبەکە هی ژنە ئیسلامیەکی سیاسی ئیخوانی تورکی بوو، بەناوی(مەروە سەفا قەواقچی).
لەو کتێبه ئەو خاتوونە ئیخوانیستە فێندەمێنتالستە باسی لە مەزلومیەتی خۆی و کچە باڵاپۆش و لەچک بەسەرەکانی تورکیای سەردەمی دەسەڵاتی سیکۆلارستەکان دەکرد و لەوە دەدوا کە عەلمانیەتی تورکیا لێگری دەکەن ژن و کچکەکان ئازادی خۆیان مومارەسە بکەن و لەچک و باڵاپۆشی بکەن و لە تورکیا قەدەغەیە بەو ستایلە ئیسلامیه سیاسیە و مۆدێلە ئیخوانیه بڕۆیتە دام و دەزگاکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن.
منیش ئەوکاتە هەم فەقێ و هەم ئییسلامیەکی عاتیفی و دۆگمایی و فێندەمێنتالست بووم، لەژێر لێوەوە لەگەڵ خوێندنەوەی هەر دێڕێک و هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەکی کتێبەکە، ڕق و نەفرەتێکی بێ ئەندازە هەموو بوونی دادەگرتم و دنیایەک جوێن و نەفرەتیم بۆ عەلمانیەت و دیموکراسیەت حەواڵەدەکرد و لەخۆمم دەپرسی و دەمگووت: مەعقولە دیموکراسی بە بێ حیجاب!؟
مەعقولە بانگەشەی دیموکراسیەت بکەیت و ڕێگریش لە لەچک و شتی خەڵکێک بکەیت؟
بێگومان بە زۆر لادانی لەچک و قەدەغەکرنجی حیجاب، هەمان شێوەی سەپاندنەکەی نموونەی:ئێران و ئەفگانستان و سعودیای پێشوو و دەوڵەتە گۆڕبەگۆڕەکەی داعشی تیرۆرست، کارێکی قێزەون و دژە ئازادی تاک و ئەنتی دیموکراسیەتیشە.
ئێستاشی لەگەڵ دابێت، هەموان و بەتایبەتی ئیسلامی سیاسی لە کورستان بەردەوام گلەیی لە دیموکراسیەت دەکەن و بە گەمەی غەرب و وڵاتانی کفری دادەنێن و تەنها وەکو پەیژە هەندێک شتی سادەی دنیای دیموکراسیەت بەکاردێنن و هەرگیز باوەڕیان بە گەوهەری دیموکراسیەت و حەقیقەتی چەمکی دیموکراسی نییە و دوژمنێکی سەرسەختی دیموکراسینە و خوا نەکات، دەسەڵات بکەوێتە دەستیان، کاکە دیموکراس گۆشە و گۆش سەر دەبڕن.
ئەو دیموکراسیه بەستەزمانەی کە ئیسلامی سیاسی پێی دەڵێن کەم و کوری هەیه و لێناگەرێت بە ئازادی بانگەشە بۆ دۆگم و ئیدەلۆجیا و بیر و باوەڕە ئیخوانچی و ئەجێندا تەعریبیەکەی خۆیان بکەن.
کە لەحەققەتدا درۆی دەکەن و ئەوە هەرگیز ڕاست نییە، ئەو ئازادیەی لێره هەیانە، لە هیچ وڵاتێکی تر بڕواناکەم هەیان بێت، لە کوردستان ئیسلامی سیاسی شەو ڕۆژ بانگەشە بۆ بیری شۆڤینی و فێندەمێنتالستەکەی خۆی دەکات و قسە به دیموکراسیەت و عەلمانیەت و فێمێنیزم و ئاژەڵدۆستی و مافی مرۆڤ و هەموو شتێک دەڵێت و بە هەرشتێک دا هەڵدەشاخێت کە لەگەڵ میزاجی داعشیانەو ئیدەلۆژیا کۆنزەرڤاتیڤ و کۆنەخوازەکەی یەکنەگرێتەوە و دژ و پێچەوانەبێت.
چەندان حزبی ئیسلامی سیاسی و دەیان کەناڵ و ڕادیۆ و ماڵپەڕ و ڕۆژنامەو گۆڤاریان هەیە و سەتان مزگەوت لەژێر دەستیانە و بەوپەڕی ئازادی کاردەکەن و بیری داعشیانە و دژە تۆلێرانسانە و دژە پێکەوە ژیان و نادیموکراسیانەیان بڵاو دەکەنەوە، بێ ئەوەی کەس پێیان بڵێت: سەرووی لێوەکانتان لوتێکە.
ئەو ئیسلامگەرایانەی دوژمنێکی سەرسەختی دیموکراسیەت و ئازادی و مافەکانی مرۆڤن.
جا دواڵیزم و دەبڵ مۆڕاڵی ئەو ئیسلامیه سیاسیانە لەوەدایە، فرمێسکیان بۆژنانێک دەڕشت کە لە تورکیا، بەناو عەلمانیە دژە دیموکراسیەکانی ئەوێ لێنەدەگەڕان بە لەچکی خەلیجی و حیجابی عەرەبی بڕۆنە زانکۆ و پەیمانگاکان(نەک قەدەغەکردنی تەواوی لەچک و حیجاب لەوڵات)،
کەچی پێش دوو ڕۆژە، لە سۆشیال میدیا ڤیدۆیەکم بینی لە ئێران کۆمەڵەک ژنی مەزهەبی خەرەفاو، کۆمەڵێک جەلاد و داچۆڕاو لە مۆڕال و ڕەوشت، کە ناویان لەخۆیان ناوە(پۆلیسێ ئەخلاق)، لە ناوەندی بازاڕ لە خانمێک دەدەن، بە پاساوی ئەوەی لەچک و ستایلی پۆشینی ئیسلامیانەو مەزهەبیانە نییه، سەدان کۆمێنتم خوێندەوە، هەموو ئیسلامیەکان و ئەو موسڵمانە بێ مۆڕاڵانەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری گۆتار و ئایدێۆلۆجیەتی داعشیانەی ئیسلامی سیاسی(ڕێزی زۆرم بۆ موسڵمانە ڕێزدار و باشەکان)، هەموان نووسیبوویان:(ئای دەستیان خۆش بێت) و زۆرێکیان ئیمۆجی پێکەنینان دانابوو وخۆشحاڵیان دەربڕیبوو، بەو لێدان و ئازاردانە.
جا لەهەمووی مەهەزەلەتر، کچ و ژنی واکۆمێنتی دەستخۆشییان بۆ پۆلیسی بێ ڕەوشتی و جەلادەکانی سەربە یاسای بەرد و مەزهەبی جەهالەت نووسی بوو، بێ لەچک و سینگ و قژ ڕووت و سمت پڕ سلیکۆن و کوڵمە و لێو لێوان لێو لە فیلەر و بۆتۆکۆس!
ئینجا بۆ قەدەغەکردنی کاری مۆدێل و ڤێتۆ خستنە سەر کچە مۆدێلەکان، باوەڕناکەم
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی هێندە کەسێکی دۆگمایی و دژە ئازادی تاک بێت، دڵنیام ئەو بڕیارەی چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، کە لەدژی کچه مۆدێلەکان دەریکرد، لە ژێر فشاری مێگەڵ(کۆمەڵ)ی کوردی و توڕەیی ئەو حەشامەتەی سۆشاڵ میدیا بوو، ئەو حەشامەتە قورمیشکراو ڕۆبۆتە بێ پاکگراوەندەی بووەتە بووکەڵەی دەستی ئەقڵیەت و خیتابی ئیسلامی سیاسی.
گەرنا لەکوێی دیموکراسیەت ئەوە جێگای دەبێتەوە، تۆ ڕێگری لە کچە مۆدێل بکەیت؟
بەڕێز سەرۆکی حوکومەت: لە نووسینیتریشم ئەو قسەیەم کردووە و لێرەش دووبارەی دەکەمەوە:
ئەوەی شارەزای ئەلفبێی دیموکراسیەت و ئازادی و مافی مرۆڤ بێت، باش دەزانێت، کە کۆمەڵی کراوە و شارستانی و پێشکەوتوو و سیکیولەر و مۆدێڕن، هەرگیز، بە تەنها شوێنی ئایینێک و موڵکی فیکرێک و تاپۆی ئاڕاستەیەک نییە، بەڵکو چۆن مەعبەد و ئاتەشگا و کلێسا و مزگەوتی تیایە، ئاواش سۆزانیخانە و باڕ و مەلها.
چۆن مرۆڤی ئایینداری تیایه، ئاواش بێ ئایین و ئەتایست و مولحید و گومانگەرا.
چۆن مەلا و واعیزی تیایه، ئاواش کچە مۆدێل و گۆڕانی بێژ و شاجوان و سێکس فرۆش.
ئاخر مەعقولە دیموکراسی بەبێ کچە مۆدێل؟
تکایەکی برا بچووکانە، لەبرا گەوە دەکەم و پێت دەڵێم:
بەڕێز سەرۆکی حوکومەت، ئیتر واز لە چوار پێنج کچە مۆدێڵ بێنن و چیتر ڕادەستی داواکاری و مەتڵەبی ئیسلامی سیاسی نەبن، ئەو کچە مۆدێلانە هەڕەشه نین لەسەر داهاتووی جڤات و پێکەوەژیان و لێبووردەیی و یەکترقبوڵکردن و بە تەعریبکردنی ناو ناسنامەو فەرهەنگ و کلتور و هەموو شتێکی کوردی لە ژێر ناوی ئایین لەسەر دەستی ئیسلامگەراکان.
وەرن سەیرکەن بزان چۆن کۆمەڵی کوردی و تاکی کورد زۆربەی بووە بە داعش بیر و جوێندەر و دەمشڕ و توندڕۆ و کەوتووەتە ژێر کاریگەری گوتاری مەڵاو بانگخوازە ئێسلامەگەرا و فێندەمێنتالستەکان و گەمەی دەستی ئەجێندا وئیدلۆژیای ئیسلامی سیاسی.
وەرن سەیرکەن، لە سۆشیال بۆت جیاناکرێتەوە کامە: دەروێشی حزبێکی ئیسلامی سیاسیە و کامەی ئەندامی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێی ئیسلامیە.
نەوەیەک درووست بووە، نەوەیەکی داعش بیر، نەوەکی تۆتالیتار و داخرا، نەوەیەک لە دژی هەموو تازەگەریەک و شتێکی نوێ و جیاواز، لە دژی هەموو ئایینەکانی تر و دید و ڕوانگەکانی تر، دژی مۆسیقا و هونەر و تابلۆ و پەیکەر و هەرجیاوازیەک، هەمووی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی لەیەک سەنگەردان لە جوێندان و سوکایەتی پێکردن و دژایەتی کردن.
واز لەو چوار پێنج کچە مۆدێلە بێنن و وەرن فریای کۆمەڵی کوردی و ئەوە بکەون وسەیری ئەوە بکەن، ئەو پێکەوە ژیان و لێبوردەیی و ئاشتیە کۆمەڵایەتیە جوانەی کوردستان لە ژێر هەڕەشەدایه و ئەمرۆ، یان سبەی گەر نێینەوە هۆش، من و تۆ و هەر ڕۆشنبیر و تاکێکی لیبڕاڵ و سیکۆلار و کۆمەڵی کراوە، هەموان باجەکەی زۆر بە قورسی دەدەین.
ماوەتەوە بڵێم:وەکو مەریوان وریا قانع دەڵێت:
ئەوەی چاوی هەبێت و ببینێت دەزانێت نەوەیەک لە داعشی نووستو لە کوردستاندا هەیە، ئەم نەوەیە هەرجارە و لە شوێنێکەوە شتێک لە عەقڵیەت و ئاکار و ڕوانینی ترسناکی خۆیان بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا و پەیوەندییە ئینسانییەکان، نیشانئەدەن.
لە ئایندەدا نموونەی ئەم جۆرە دیندارانە زیاتر و زیاتر دەبینین، هیوادارم نەگاتە ئەوەی بە شمشێرەوە بەسەر شەقمەکاندا بڕۆن و کێیان بە بێدین زانی سەریببڕن![1]