خەوندز
کورتە چیرۆک
#گۆران سەباح#
ڕاگەش پێنج سەعات دەخەوێت و سەعاتێک واگایە. ئەوانی تریش.
ڕاوێژکار و پزیشکەیلی دەوڵەت کۆکن لەسەر ئەوەی کێشەکە پەتای نووستنە. لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و تەنانەت گوندە هەرە دوورەکانیش، خەڵک سەریان لە بالیف نابێتەوە.
ڕاگەش لە ئامادەییی کوردستان، فیزیا بە پۆلی یازدە و دوازدە دەڵێتەوە. ئەوە مانگێکە نەچووەتە قوتابخانە. ئالوودەی خەوە.
وەک هەر شەش ملیۆنەکەی تر، هەر سەر بە بالیف بکات، ڕاگەش ئەم خەونە دەبینێت: لەسەر گردێکی زورگەکانی پشت مۆنیومێنتی شەهیدان، خانووێکی داری بچووکی هەیە. کارەبا و ئاوی بەردەوام. قوتابخانەیەکی حکوومی پاک و پێشکەوتوو بۆ هەردوو منداڵەکەی. دڵخۆشی بەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەی تایبەت نین. خۆی و خێزانی بە میتڕۆ دەچنە دەوام. مووچەیەکی چاک و گرێنتی. هەر شوێنێک ڕووی تێ دەکات، لەبەر سەوزایی و هەوای پاک خەنی دەبێت. خەڵکی دەوروبەری هێمن، کتێب بەدەست، زەردەخەنە لەسەر لێو. ئێواران لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی بە پاسکیل بە نێو دارستاندا دەچنە دەربەندی گۆمەسپان، تا خۆر ئاوا دەبێت لە کەنار دەریای گۆمەسپان کاتێکی خۆش و ئارام بەسەر دەبەن. کە تاریکیش داهات، هەر بە پاسکیل دەگەڕێنەوە. ڕێ ڕووناک، بێ چآڵ و ئاوەدان.
پزیشکەیلی دەوڵەت هەر وا دەگەڕێن بەدوای چارەیەک بۆ پەتای نووستن. پێڕا ناگەن، چار سەعات واگان، ئەویش لەسەر یەک نا.
ڕاگەش هەر وا خەون دەبینێت: بە میتڕۆ دەچنە کتێبخانەی گشتی لە باداوە. ئەو تازەترین ڕۆمانی نەریمان کاکەسوور دەهێنێت، کارتەکەی لە شاشەیەک دەدات و کاتی گەڕاندنەوەی کتێبەکە هەڵدەبژێرێت. خێزانەکەی ڕۆمانێکی هێلین عەبدولجەبار دەهێنێت. منداڵەکانیشی ڕۆمانی (بەکتریا)ی گۆران سەباح دەهێنن، زنجیرەی چواردە، ڕۆمانێکی وێنەییە. کتێبخانەکە (پاک، بێدەنگ، بۆنخۆش، موزیکێکی هێواشی توانا حەمە عەلی) جمەی دێ لە خەڵک. دەچن لە قاتی شەشەم لە سووچێک لای پەنجەرەیەکی گەورە دادەنیشن. بەردەمیان دەریاچەیەکە بە سنۆبەر، توو، چنار و سەوزایی دەورە دراوە.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، پەتاکە لە شەونخوونی خەمخۆرانی دەوڵەتەوە هاتووە، هێندە لە خەمی هاوڵاتییاندان، خەویان کەمە، بۆیە ڤایرۆسەکە لە حەسرەتی ئەوانەوە هاتووە.
لە خەونەکەیدا، ڕاگەش لە قوتابخانە باسی گەشتەکەی کەشتی ڤۆیاگەڕ دەکات بۆ پۆلی دوازدە و دەڵێ، لە 25/8/1989، کەشتییەکە سەردانی هەسارەی نیپتۆن دەکات. ئەم هەسارەیە هەمووی بەفرە، با پێکەوە سەیری ئەم ڤیدیۆیە بکەین.
ڕاگەش و قوتابییەکانی ئارگ لەچاو دەکەن. هەموویان لە ڕێی ئارگەوە دەچنە ناو گەشتەکە و لەسەر هەسارەی نیپتۆن دادەبەزن. دەبینن بەفر بەس سپی نییە. بەفری ڕەش، سەوز، شین، زەرد، پرتەقالی و سووریش هەیە. پەلکەزێڕینەی بەفر. لەگەڵ سەرنشینانی کەشتییەکە دەکەنە شەڕە بەفر.
پەتای نووستن هەر وا لە ژێر لێکۆڵینەوە و توێژینەوەدایە. لەسەر بنچینەی داتاکان، بۆچوونی جیا جیا هەن: هەندێ پێیان وایە چارەسەر ئەوەیە خەمخۆرانی خەڵک پشتگوێ بخەن. هەندێکیش دەڵێن دەبێ خەمخۆرانی دەوڵەت دەرزی دژە دڵسۆزییان لێ بدرێت تا چی تر بە دڵسۆزی کار نەکەن.
ڕاگەش بەردەوامە لە خەونەکەی: خۆی و قوتابییەکانی شەڕە بەفرەکە جێ دەهێڵن و بە دوای بۆنێکی خۆش دەکەون. بخور. دوای سەت هەنگاو، دەکەونە ناو زەنەکی بەفر و نغرۆ دەبن. خۆیان لە ماڵێکی بەفرینە دەبیننەوە. لەوێ بۆ یەکەم جار بوونەوەرێکی خەڵکی نیپتۆن دەبینن: باڵای مەترێکە، شەش قاچ و شەش دەستی هەیە، سپی سپییە، سەری چەنگاڵێکی شەش تەلییە. پێنج تەلیان چاوە، تەلێکیشیان تیژ تیژە.
ساپکا. بوونەوەرەکە سڵاو دەکات.
فاکتیلا، فاکتیلا. ڕاگەش داوای لێبوردن دەکات.
پا زاکتێر لابیشا مافیرا.
(واتە: من تەمەنێکە چاوەڕێی ئێوە دەکەم).
تەلە تیژەکەی سەری لە مێشکی ڕاگەش دەچەقێنێت، خەونەکانی دەبات.
ڕاگەش لە خەو ڕادەپەڕێت. ئەوانی تریش. غار دەداتە دەرێ. ماڵیان هەر لە کەسنەزانە، بۆنی چڵکاو ڕۆژە ڕێیەک دەڕوات. کارەبا فیزی کردییە، جیرانەکەیان تەنکەرێک ئاوی کڕییە، هاوار دەکات، پێکە کاکە پێکە.
ڕاگەش غار دەداتەوە ژوورێ. ژن و منداڵەکانی لە ئارەقەدا گەوزاون، ژنەکەی پێی دەڵێ بۆ کارەباکەی لێ نەداوە. دوای هەڵدانەوەی سرکێتەکە، دێ سەر بە بالیفدا دەکات، هەرچەندی دەکات خەوی لێ ناکەوێتەوە.[1]