مەلا لە ئیدیۆمی کوردەواریدا
ئه و منداڵەی لەتەمەنی حەوت ساڵییەوە دەچێتە بەر خوێندن لە حوجرەدا پێی دەوترێت (سوختیە)، دواتر قۆناغەکانی (فەقێ و موستەعید) دەبڕێت و لە ئاهەنگێکی خنجیلانەدا مۆڵەتی (مەلایەتی) وەردەگرێت، ئه و ماوەیەی بە نزیکەی (12) دوازدە ساڵ خوێندن، له و حوجرە بۆ ئه و حوجرە و له و گوند بۆ ئه و گوند و له و شار بۆ ئه و شار بە نەبونی و برسیەتی و بێ جل و بەرگی وەک شاعیری مەزنی کورد #حاجی قادری کۆیی# لە دێرە شیعرێکدا باسی ئه و نەبوونییەی خۆیی و فەقێکان دەکات و دەفەرموێت:
بە فیکرت دێ زەمانێ چووینە باڵەک
بەپێ خاوسی نەکەوشم بوو نە کاڵەک
لە پەیڕەوانی ئاینی ئیسلامدا بە (مەلا) دەوترێت: جێنشینی پەیامبەری ئیسلام، بۆیە جێگە و پێگەیان لە ناو میللەتدا هەیە و ڕێزیان لێگیراوە، هەرچەندە وشەکە لە زمانی عەرەبییەوە خزاوەتە ناو زمانی کوردییەوە، بەڵام جێی خۆی گرتووە و لە فەرهەنگی کوردەوارییدا، چەندین دەق و پەند و ئیدیۆم لەسەر مەلا هاتووە، دیارترینیان (پارەی خۆت بدە و مەلا لە مزگەوت دەربێنە) هەڵبەت شوێنی کارکردنی مەلا مزگەوتەکانە هەر لە پێش نوێژی و وتاری هەفتانەی هەینی و کاری ئاشتەوایی و وانە وتنەوەی حوجرەکان و...تاد، لەلای مەلاکاندا زۆر پیرۆزە و خوای گەورەش لە ئایەتەکانی قورئاندا باسی ئه و گرنگی و پیرۆزییەی کردووە، کەواتە: خواناس (مەلا) و شوێنی پیرۆز (مزگەوت) بووە به و ئیدیۆمە جوانە کە مەلاش مرۆڤە و وەکو هەموو مرۆڤەکانی تر دەکەوێتە ژێر کاریگەری خۆشی و لە زەتەکانی دونیا و پارە و سامان و سەرمایە لە خشتەی دەبات و بەهۆییەوە خیانەت لە بڕوادارییەکەی دەهێنێت بۆ ئەمە کورد وتویەتی: (پارەی خۆت بدە و مەلا لە مزگەوت دەربێنە یان #پارە بدەو مەلا لە مزگەوت دەرکە#).
لەبەر ئەوەی (مەلا) کەسێکی خوێندەوار بووە، هەندێکیان زاراوەی (دوازدە عیلم) یان بووە بە پاشگری مەلایەتییەکەیان پێان وتراوه: مەلای دوازدە عیلم، ئه و دوازدە زانستە لە زمانەوانی و ڕیزمان و ژیربێژی و ڕەوانبێژی و وێژە و گوڵستان و فەلەک و بیرکاری و پزیشکی (نەبەوی) و...تاد، بۆیە مەلا زۆر بە زانا دانراوە، بەڵام لێرە و لەوێ خەڵکانێک پەیدابوون، پرسیاری زۆر وردی پڕ گومانیان لەسەر بیروڕا و بڕوا (عەقیدە و ئیمان) لە مەلاکە دەکرد و به و جۆرە پرسیارانە وتراوە: مەلابەزێنی، ئەوەش بۆ هەموو ئه و بوارانە بەکاردەهێنرێت کە پرسیاری کێشمەکێش و یەکلا نەکەرەوە بۆ مامۆستا یان کەسی سەروو بەکاربهێنرێت پێی دەوترێت: مەلابەزێنی، هەر لەبەر زیرەکی و زۆرزانی مامۆستایانی ئایینیە وتراوە: مەلاش غەڵەتێ دەکات، زیرەکی مەلایان دەکەنە پاساو بۆ هەڵەکانی خۆیان.
لە یارییە کوردەوارییەکانیش لە دوو یارییدا وشەی (مەلا) بەکاردەهێنرێت، چونکە مەلایەکان ڕیز لێگیراون و یەکەم کەس پێش کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەڕۆن و فەرموو فەرموویان لێ دەکرێت، بۆیە بەکەسی یەکەم لە یاری کەلایانێ-هەڵماتانێ، کە کەلایەکە یان هەڵماتەکەی بهاویژێت دەوترێت: من بەگم یان مەلام واتە: یەکەم کەسم ئه و کارەی بکەم، بۆ یاری (کێل و بەردانێ) ش، بەهەمان شێوە بە یەکەم بەری قیتەوەکرا و لە پێشەوە دەوترێت: بەردی مەلا.
#مەلا خۆرکە بووە#، بە بەرووبومێکی نوێ و تازە گەیشتوو دەوترێت، ئەمەش بیروبۆچونی جیای لەسەرە هەندێک دەڵێن: ئەگەر بەرهەمێک بکەوێتە بازاڕەوە زۆر هەرزان بێت، دەوترێت: مەلاخۆرکەیە، یان دەوترێت: بە بەرووبومی حەڵاڵ دەوترێت، بیروبۆچونی ڕاستەقینەش ئەوەیە: کە مەلاکان لە گوندەکاندا زۆر ڕێز لێگیراو بوون، جوتیارەکان یەکەم نۆبەرەی بەرهەمەکانیان بۆ مەلاکان بردووە، ئەوە زۆرتر بە سەوزەی پایزان (توور) وتراوە کاتێک کە دوو پەلکەی تێ دەپەڕاند ئەگەر پرسیار لە جوتیارەکە بکرایە، توورەکە چۆنە؟ لەوەڵامدا دەیوت: مەلاخۆرکە بووە.
هەروەها کاتی شەبەق و سپێدە و کازیووەی بەرەبەیانیش پێی وتراوە: مەلابانگدانە، هەرکاتێک ئه و دەستەواژەیە بەکاربهێنرێت یەکسەر تێ دەگەیت کات سپێدە و بەرەبەیانە، بۆ ڕەچەڵەک و بنەچەناسی خانەوادەیەکیش دەوترێت: مەلازادە یان مەلازادەن.
مەلایەکان، سەرەدەرە لە شەرعی ئیسلام دەردەکەن و کاروبارەکانی شەرع ئەوان لێی شارەزان، بۆیە لە گرفتەکاندا دەوترێت: با بچینە لای شەرعی مەلایێ.
لە باس و خواسی ڕۆژانەی خەڵکدا، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، واچاکە دوورە پەرێز نەبێت و تێکەڵاو بە داب و نەریتەکانی کۆمەڵگا بێت وتراوە: بۆ لە دایکبوون مامانێکی باش و بۆ پرسەش مەلایەکی دەنگخۆش.
لێرە و لەوێ هەندێک لە مەلایەکان کەوتونەتە بەر تانە و تەشەری میللەت و چەندین ئیدیۆم و دەستەواژەی ناجۆر و ناڕیک ئاڕاستەیان کراوە وەک: مەلای بەمن و توو، واتە: ئه و مەلایە هیچ لە شەرع و مەلایەتی نازانێت، کەچی بەناچاری ئێمە کردوومانە بە مەلا، هەروەها دەوترێت: خواری مەکەوە مەلا، هەندێ لە مەلاکان شەرع بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن، ئینجا ئه و کەسەی درک به و بەلاڕێ دانە بکات دەڵێت: مەلا خواری مەکەوە، یان زۆربەی خەڵکی لەسەر زاران دەڵێن: مەلا شەرعی خوار دەکاتەوە بە پاساوی (شەرع بنی قۆلە).
هەندێک لە مەلایەکان تێکەڵی دونیا بوون و لە شایەری و چاوەشیەوە بوون بە تۆبەکار بەوانە دەڵێن: لە عەمرەکەم حەڵڵاوەوە بۆ قولوئەڵڵاهو ئەحەد، یان بۆ ئه و مەلایانەی خۆیان بە پیشەکەیانەوە کە مەلایەتییە شۆڕکردۆتەوە، دەوترێت: لە قولو ئەڵڵاهو ئەحەد بەرۆژووە، واتە: هیچی لێ نازانێت.
هەندێجار بێ ڕێزییەکە زیاد دەکات بۆ خێزان و منداڵ و کەسی پلەیەکی مەلاکان، وەک: ئیدیۆمی: دەڵێی مووی بەری مەلاژنە، یان لە تێکستی فۆلکڵۆریدا دەوترێت:
مەلا لەمزگەوت قورئان دەخوێنێ
کچەکەی لە کۆڵان کوڕ دەیگەوزێنێ
لەڕووی سیاسیشەوە لەباشوری کوردان بە هۆی دوو لەتبوونی سەرکرداتی شۆڕشی ئەیلول زاراوەی جەلالی و مەلایی هاتە کایەوە، ئێستا بە زاراوەی (مەلایی) یەکسەر دەزانرێت ئه و کەسە لە باڵی مەلا مستەفای بارزان ماوەتەوە و ڕێبازی ئەوی گرتووە.[1]