سەرچاوە مێژووییەکان باس لە کۆمەڵێک کۆچی بەکۆمەڵ دەکەن لە نێوان هەزارەی سێیەم بۆ یەکەمی پێش زایین کە خەڵک لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەورووپاوە بەرەو کوردستانی کۆن هاتوون و لەوێ نیشتەجێ بوون، تەنانەت هەندێکیان توانییان دەسەڵاتداریی فراوان و بەهێز دروست بکەن. یەکێک لەو دەسەڵاتدارییانە، #هیتییەکان# بوون.
هیتییەکان، سەرەتا لە دەوروبەری ڕووباری هالیس (قزل ئیرماقی ئێستا) نیشتەجێ بووون (3000 ساڵ پێش زایین)، دواتر بەهۆی کۆچی بەکۆمەڵەوە بەرەو ناوچەکانی #ئانادۆڵ# هاتوون و بڵاو و نیشتەجێ بوون.
وەک سەرچاوە مێژووییەکان باس دەکەن، ناوی هیتییەکان لە کتێبی پیرۆزی تەوڕاتدا بە (حیسی) هاتووە، ڕیشەی ئەو زمانەی کە هیتییەکان قسەیان پێ کردووە، بۆ کۆمەڵە زمانەکانی هیندوئەورووپی دەگەڕێتەوە.
ئەوان پاش کۆچی بەکۆمەڵ لە ناوچەکانی #قەوقاز#ەوە بۆ ناوچەکانی ئەنادۆڵ، شاری (#گوڵتەبە#)ی ئەمڕۆیان درووست کرد و کردیانە پایتەختی خۆیان، دواتر پایتەختیان بۆ شاری (کۆشارا) گواستەوە، بەڵام لە سەردەمی پاشا (هاتووسیلی یەکەم 1650-1620 پێش زایین)، پایتەختیان بۆ شاری (هاتوسا، یان #بۆغازکوی#) ئێستا گواستەوە.
بەپێی تێپەڕینی کات شاری (هاتوسا) دەبێتە یەکێک لە گرنگترین شارەکانی هیتییەکان و ناوەندی دەسەڵات و هێزی سەربازی و سەنتەری ئایینییان، ئەم شارە 144 کیلۆمەتر لە #ئەنقەرە#ی تورکیاوە دوورە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]