ناونیشان: جیاوازی لەنێوان 31ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەردا
لە کتێبی (#لە کوردایەتییەوە بۆ دابەشکردنی کوردستان#)
نووسەر د. #فایەق گوڵپی#
ئەوەی یەکێتیی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا کردی، لە شێوەدا لە 31ی ئابی 1996 پارتیی دەچوو، بەڵام لە ناوەڕۆک و ئەنجامدا ئەو دوو ڕوداوە جیاوازییان هەیە.
1- لە 31ی ئابدا یەکێتیی تەنگی بە پارتیی هەڵچنیبوو، دەیویست بە هاوکاریی سوپای پاسدارانی ئێران پشتی پارتیی بگرێت و لە حەوزەی شەقڵاوە و حەریردا بیخنکێنێت.
پارتیی داوای هاوکاریی سەربازیی لە حکومەتی عێراق کرد، ئەو حکومەتەی ئەنفال و کیمیابارانی دژی گەلی کورد ئەنجامدابوو.
لە 16ی ئۆکتۆبەردا پارتیی و هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتیی، تەنگیان بە باڵی بنەماڵەی مام جەلال و عێراقییەکان هەڵچنیبوو، یەکێتیی داوای هاوکاریی لە هێزە چەکدارەکانی حکومەتی عێراق کرد، بۆ ئەوەی پارتیی لە #کەرکووک# دەرپەڕێنێت، هیێزی چەکداریی ئەو حکومەتەی کۆنترۆڵی کەرکووکی کرد، هێزی ئەو حکومەتە بوو کە ڕژێمی ئەنفالی ڕوخاند. ئەو حکومەتە یەکێتیی و پارتیی و حیزبە عێراقییەکانی دوای سەدام پێکیانهینا، سەرۆکی عێراقی فیدراڵ کورد بوو، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کورد بوو، چەندیین وەزیری کورد لەو حکومەتەی عێراقدا پۆستیان هەبوو. چەندیین فەرماندەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیی کە بەشداریی هێرشەکەیانکرد کورد بوون.
2- 31ی ئاب دژی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە بۆ پاراستنی گەلی کورد دەرکرابوو، دژی سیاسەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان بوو کە دوژمنی ڕژێمی سەدام بوون. 16ی ئۆکتۆبەر دژی دەستووری عێراق و بڕیاری 688 نەبوو، دژی سیاسەتی ئەمریکا و هاوپەیمانی دژی داعش نەبوو، ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ سوپای عێراق و حەشدی شەعبیی هەڵکرد هەتا دەست بەسەر سنووری مادەی 140 دەستووری عێراقدا بگرنەوە.
3- لە 31ی ئابدا سوپای عێراق بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە هەولێر مایەوە، دوای ئەوە چۆڵیکرد و ڕادەستی پارتیی کرد، یەکێتیی لە هەولێر پاشەکشەیکرد و پارتیی کۆنترۆڵی هەولێری کردەوە.
یەکێتیی لە هەولێر دەرکرا و دەسەڵاتی لەو دەڤەرە نەما. لەو کاتەوە پارتیی دەستی بەسەر هەولێردا گرتووەتەوە. لە 16ی ئۆکتۆبەردا یەکێتیی لە کەرکووک دەرکرا، سوپای عێراق لە کەرکووک مایەوە، حکومەتی عێراقی فیدراڵیی دەستی بەسەر کەرکووکدا گرتەوە، حکومەتی عێراق کەرکووکی ڕادەستی یەکێتی نەکردەوە، یەکێتیی کەرکووکی لەدەستچوو.
4- لە ڕووی ئەنجامەوە 31ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەر بۆ یەکێتیی وەکو یەک بوون، لەبەرئەوەی لە هەردوو پرۆسەکەدا یەکێتیی هەولێر و کەرکووکی لەدەستچوو، بەڵام پارتیی لە هەردوو شەڕەکەدا وەکو حیزب قازانجیکرد، هەولێری دەستکەوتەوە، ڕکابەرەکەیشی لە کەرکووک دەرکرا.
5- دوای 31ی ئاب مەسعود بەرزانیی سەرۆکی پارتیی، لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا بەرپرسارێتیی بانگکردنی سوپای عێراقی لەئەستۆگرت، هۆکاری ئەو هەنگاوەی ڕونکردەوە. دوای 16ی ئۆکتۆبەر هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتیی دەڵین ئەگەر لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبییدا شەڕمان بکردایە، خەڵکی کەرکووک زیانێکی گەورەی دەکرد و کۆمەڵکوژ دەکرا. [1]