ناونیشان: حەوت ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی ئازاری پشت لە کاتی شۆفێریدا
ئامادەکردن: #هەڤین کەمال شا محەمەد#
ئەو کەسەی کە بەدەست ئازاری پشتەوە دەناڵێنێت، کاتێک بۆ ماوەی کاتژمێرێک یان زیاتر شۆفێری دەکات، هەمیشە حاڵەتێکی بێزارکەر و ئازارێکی تووندی بۆ دروست دەبێت، بۆیە لێرەدا باس لە حەوت ڕێگا دەکەین بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارە، کەهیوادارم سودمەند بن لێیان:
1- لەگەڵ یەکەم خولەکی گەشتەکەت خۆت ئاسوودە بکە و ئەو شێوازی دانیشتنە وەربگرە کە ئازارت نادا چونکە هەندێک جار تەنها بێزاریەک لەوانەیە بگۆڕێت بۆ ئازارێکی تووند، بۆیە پێویستە ئەم خاڵانە جێبەجێبکەییت:
- گیرفانەکانت خاڵیبکەرەوە لە مۆبایەل و جزدانی پارە و هەر شتێکی تر، بۆ ئەوەی فشار نەچێتە سەر بڕبڕە و ماسولکەکان.
- بەڕێکی دابنیشە و هەوڵ بدە کە ئەژنۆکانت کەمێک لە ئێسکی حەوزت بەرزتر بێت و چەناگەشت بۆ دواوە بێت بۆ ئەوەی کێشی سەرت بەهاوسەنگی بەسەر بڕبڕەکانی ملتدا دابەش ببێت، پشتت با لەڕێکی کورسیەکەت بێت و دەتوانیت بالیفێکی بچووک لە پشتی خۆتەوە دابنێت بۆ پارێزگاری لە ئەو قەوسییە نۆرماڵەی پشتت، ئەگەر ئازاری کلێنچکەت هەبوو پێویستە دۆشەکەڵەی تایبەت کە ناوەکەی چاڵە بەکاربهێنیت.
- دووری خۆت بپارێزە لەگەڵ سوکانەکەدا، بۆ سەلامەتیت لە کیسی هەوا (ئەیر باگ)ی ئۆتۆمبێلەکەت لە کاتی ڕووداوێکی نەخوازراودا. بەپێی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی سەلامەتی شۆفێری ڕێگا دوورەکان بێت، دەبێت ئێسکی سنگت بە دووریی (دە ئینج) دووربیت لەسوکانی ئۆتۆمبێلەکەت، وە دەستەکانیشت لەسەر جێگای کاتژمێر سێ و نۆی سووکانەکە بێت، لەبری بەشی سەرەوەی سووکانەکە، نابێت بەشێوەیەکی زۆر دوور کورسیەکەت ڕێکخستبێت کە ناچار بیت بچەمێتەوە بۆ گەشتن بە سووکانەکە.
2- وابکە شۆفێرییەکەت نەرم و ڕێک بێت، ئەویش بە پشکنینی بڵانس و میزانیەی تایەکانت و هەروەها گۆڕینی تایەی خراپ بۆ کەمکردنەوەی هەڵبەز و دابەزی ئۆتۆمبێلەکەت کە زیان بە بڕبڕە و ماسولکەکانت دەدات، باشترە سەرنشینی ئۆتۆمبێلی ئاسایی بیت بۆ گەشتەکەت لەبری بیکاب و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر.
3- دانیشتن بە یەک شێواز ڕەقبوون و گرژی ماسولکەکانی پشت دروست دەکات، بۆیە باشترە دوای ماوەیەک جووڵە بکەیت، هەموو کەسێک پێویستە لە ماوەی دوو کاتژمێر شۆفێری یاخوود سەرنشینی، پانزە خولەک پشوو وەربگرێت و بێتە دەرێ و بجووڵێت، بۆ یەکێک کە خۆی لە بنەڕەتدا پشت ئێشەی لەگەڵدایە، پێویستە هەموو شەست یاخوود سی خولەکێک پشوویەک وەربگیرێت.
4- هەر کاتێک توانیت هەوڵبدە جووڵە بە جومگەکانت بکە و ماسولکەکانت سترێچینگ پێبکە و ڕایبکێشە، بۆ نموونە کاتێک لەبەردەم ترافیکێکدا وەستاویت یاخوود لەقەرەباڵغیدایت، دەتوانیت وەرزش بە مل و شانت بکەیت، شێوازی دانیشتنت بگۆرە، جووڵە بە قاچەکان و قوولەپێت بکە، کەئەمە هۆکارێکە بۆ چالاکبوونی سووڕی خوێن و ڕۆشتنی ئۆکسجین و خۆراک بۆ خانەکانی لەش.
5- پاکی سارد و گەرم بەکاربهێنە کاتێک دەزانیت کە لەوانەیە ئازارت بۆ دروست بێت، پاکی سارد یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردن دەدات، بۆیە گەر ئازاری جومگەت هەبوو دەتوانیت بەکاریبهێنیت و بیخەیتە فرێزەری ئۆتۆمبێلەکەت بۆ کاتی پێویست، یاخود لەهەر سوپەر مارکێتێک دەتوانیت کیسێک سەهۆڵ بکریت کە ئازارت هەبوو.
پاکی گەرم زۆر بەسوودە بۆ گرژی ماسولکە و چالاکردنی سووڕی خوێن و نەهێشتنی ئازاری پشت ومل، لە ئێستادا هیتەری تایبەت هەیە بۆ ناو ئۆتۆمبێل و هەندێک ئۆتۆمبێلیش لە کورسی شۆفێردا لەوانەیە هیتەر و گەرمی هەبێت. هەندێک پاکی گەرمی هەیە کە بە مایکرۆ وەیڤ گەرمدەکرێت و پێش گەشتەکە دەتوانرێت هەڵبگیرێت. نابێت پاکی سارد و گەرمیش لە پانزە خولەک زیاتر بەکاربهێنرێت، بۆیە باشترە کاتی پشووەکان بە کاربێت نەک کاتی شۆفێری چونکە ئەگەری بیرچوونەوە هەیە و لەوانەیە سووتان دروست بکات.
6- پشتیوانی پشتت بکە بە قاچەکانت، ئەویش بە دانانی قاچەکانت لە بەرزییەکی گونجاو و لەسەر ڕوویەکی جێگیر و بەهێز، وە پێویستە ئەژنۆکانت بەگۆشەیەکی وەستاو واتە نەوەد پلە بێت.
7- هەوڵبدە خۆت مەشغووڵ بکە بەشتێکی ترەوە بۆ لە بیربردنەوەی ئازارەکەت، بۆ نموونە ئەگەر سەرنشین بوویت ئەوا دەتوانیت بەخوێندنەوە یاخوود تەماشاکردنی ڤیدێۆیەک یاخوود میدیتەیشن بە موسیکێک خۆت سەرقاڵ بکەیت، ئەگەر شۆفێر بوویت دەتوانیت گویێ لە گۆرانی یاخوود مۆسیقا بگریت.
$تێبینی:$ ئەگەر دەزانیت شۆفێری بۆ ماوەیەکی زۆر ئازارت بۆ دروست دەکات، ئەوا پێویستە پێش دەستپێکردن بە گەشتەکە ئازارشکێنێک بەکاربهێنیت، بۆ نموونە ئازار شکێنە دژەهەوکردنە ناستیرۆیدەکان، بەڵام باشترە لەژێر چاودێری پزیشکەکەتدا بێت بۆ دوور کەوتنەوە لە کاریگەریە لاوەکییەکانی. [1]