نووسین: هۆمەر محەمەد
بابەت: یاداشت
$یادەوەری کۆمەڵکوژی گوندی کورێمێ$
کورێمێ گوندێکی ناوچەی دۆسکی دەڤەری بادینانە، سەربە ناحێی مانگشیک و قەزای ئامێدییە لە پارێزگای دهۆک.
رۆژی 25ی ئابی 1988 قۆناغی هەشتەمی پەلاماری ئەنفال لە تەواوی ناوچەی بادیناندا بە چەکی کیمیایی دەستی پێکرد، ئەگەرچی ڕێژەیەکی زۆر کیمیایی بەکارهات و گەڵێک گوندی بادینان کەوتنە بەرهێرشی کیمیایی، بەڵام جگەلە گوندی برجینی لە هیچیاندا کۆمەڵکوژی نەخستەوە. کەچی ڕۆژانی دوایی لە گوندی کورێمێ کۆمەڵکوژییەک ڕویدا کە لەحەوت قۆناغی پیشتردا ڕوی نەدابوو، سەرباز هەر لەجێدا خەڵک بکوژن!
هاشم محەمەد ڕەشید دەربازبووی کۆمەڵکوژی کورێمێ
ڕۆژی 28ی ئاب خەڵکی گوندی کورێمێ و هەندێکی گوندی چەلکێ دوای هەوڵێکی شکستخواردو بۆ دەربازبوون و پەڕینەوە لەسنوری تورکیا بەناچاری گەڕانەوە بۆ گوندی کورێمێ و هەروا 200 مەترێک لەخوار گوندەکەیان لەناو شیوو دۆلەکاندا خۆیان شاردەوە. بەڵام لەگەڵ سپێدی بەیاندا هێرشی ئەنفالچیان (جەیش و جاش) گەیشتنە سەریان، پیاوانی گوندی کورێمی و ئەوانەی چەلکێ کەوتنە گفتوگۆو بیرورایان گۆڕییەوە، گەیشتنە ئەو بڕوایەی دەربازبوونیان مەحاڵە، بۆیە باشترین بژاردەیان ئەوە بوو خۆیان ڕادەست بکەن.. لەپێشەوە چەند پیرێکیان ئاڵای سپیان هەڵکردو چونە لای ئەفسەری فەرماندەی ئەو هێزەی گەیشتبوونە ناوچەکە. ئەفسەرەکە زۆر بەنەرمی پێشوازی لێکردبوون و ئەوەشی گوتبوو بڕۆن هەموو ئەوانە بێننەوە کە لەو شێوودۆلانەدا خۆیان شاردووەتەوە، لەسەر بەڵێنی شەرەفی خۆم و سەرۆکی فەرماندە بەڵێنتان پێدەدەم هێچی خەراپتان بۆ نەبێ..
کاتژمێر لەدەوربەری 8ی بەیانیدا تەواوی ئەو خەڵکەی خۆیان شاردبووەوە هاتن و خۆیان ڕادەستی سوپاو جاش کرد، سەرەتا زۆر بەنەرمی مامەڵەیان لەگەڵدا کردبوون و تەنانەت ئاوو جگەرەشیان پێدابوون، هەر بەو نەرمییە ژن و منداڵەکانیان لەپیاوەکان جیاکردبووەوە، 33 پیاویان بەریز بەتەنیشت یەکەوەوە دانابوو کەوا ژن ومنداڵەکانیان بەسەیارەی سەربازی ڕەوانەی ناحێی مانگێشک و قەڵای نزارکێ کرد.. هێشتا ژن ومنداڵەکان لەپاشی زیلەکاندا بوون کەبەرەو هەوراز ملی ڕێیان گرتبوو کە دەنگی تەقەو دوا هاواروناڵەی پیاوەکان تێکەڵ بەدەنگی ئیڤاکان بوون.. هەربەدەم ڕێگاوە ژن ومنداڵیش دایان هاوارو گریان و چاولەسەر دوکەڵ ومەرگی بەکۆمەڵی پیاوەکان لەچیاکە بەرەو مانگێشک ئاوابوون.
دوای ئەوەی ژن ومنداڵەکانیان ڕەوان کردبوو، هیشتا پیاوەکان لەچاوەروانیدابوون ئەگەرچی 10 سەرباز بەرامبەریان بەریز لەئامادەباشیدا بوون بەڵام دۆخەکە ئارام بوو، سەربازەکانی تر نەرم لەگەڵیاندا دەجولانەوە دوو ئەفسەر فەرماندەییان دەکردن کە هەردوکیان پلەیان ملازم بوو بەناوی (محمدو عباس) بەڵام ئەم چاوەروانیەش درێژەی نەکێشا هەر ئەوەندەی ملازم محمد لە پەیوەندییەکەی بووە کە بەهۆکی تۆکی لەگەڵ سەروخۆی قسەی دەکرد. جیهازەکەی داخستەوەو یەکسەر وتی ارمی ئیدی دونیا بەسەریاندا وێران بوو، ئەبابەکر هەرزوو لەریزەکە هەستاو ڕایکرد بەڵام 100 مەتر هەنگاوی ناوئەویشیان بەچەند فیشەکێک خست. هاشم دەڵێت هەتا ئەوکاتەش من هیچ فیشەکێکم بەرنەکەوتبوو بەڵام کە ئەفسەرەکە فەرمانی کرد (گوللەی بەزەیی)مان پێوە بنێن سەربازێک هاتە ناوتەرمەکانەوەو هەریەکەی فیشەکێکی پێوەناین لەوەدا فیشەکێکم بەرکەوتوو برینداربووم.
دەربازبووانی ئەو کۆمەڵکوژییە 6 کەس بوون من بەختی ئەوەم هەبوو کە 5 کەسیان بدوێنم و دیداری درێژیان لەگەڵدا ئەنجام بدەم، بەداخەوە ئێستا دوانیان لەژیاندانەماون و یەکێکیشان هەر بەسەر زیندووەو ئەوانی تریشیان هەریەکەیان بەنەخۆشی و ئاوارەیی گرفتێکی کۆمەڵایەییەوە دەناڵێنێ. دەربازبوانی ئەو کۆمەڵکوژییە (فەتاح عەبدولقادر – کەدوای ڕزگاری بوونی لەکۆمەڵکوژییەکە هەر ئەو ڕۆژ دەستگیرکرایەوەو ڕۆژانی دواتر لەقەڵای نزارکێ بەبەرچاوی ژن ومنداڵ وخزمەکانیەوە ئەمنەکان بەبلۆک شەهیدیان کرد.. ئەبابەکر عەلی سەعید بەنەخۆشی کۆرۆنا ساڵی 2020 کۆچی دوایی کرد، عەبدولقهار خەلیل چەندساڵێکە باری تەندروستی تێکچووە) هاشم محمەد ڕەشید لەژیاندا ماوە بەڵام هەردەڵێی بۆ مەینەتی ڕۆژگار ماوە، عەبدولکەریم نایف لەدهۆک دەژی و سدقی عەبدولقادر بەناهەندەی وڵاتی سویدە.
چیرۆکی ئەم دەربازبوانەو ئەوانەشی دواتر لەقەڵای نزارکێ دەربازبوون زۆر درێژو تراژیدیە، بۆیە لێرە دەرفەت نابێت، زۆریان لەبارەوە بڵێم.. تۆی خوێنەر دەتوانیت لەگۆڤارەکانی ئەنفالستاندا یاخود لە گەشتەکانی ئەنفالستاندا کە دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم کۆی کردوونەتەوەو چاپ وبڵاوی کردووەتەوە بیخوێنیتەوە.
لەسەردانەکانمدا بۆ بادینان گەلێک چیرۆک و بەسەرهاتم دەربارەی قوربانیەکانی تاوانی ئەنفال یاداشت کردووە، بەڵام ئەفسوس ژیان و ڕۆژگار هاوکار نەبوون زیاتری لەبارەوە بکۆڵمەوە دەنا ئەنفالی بادینان هێشتا ئاورێکی ئەوو تۆی لێنەدراوەتەوە تەنانەت ڕاپۆرتەکەی میدیل ئێست ۆچیش وەک پێویست گرنگی پێنەداوە. ئەگەرچی هەرئەوان بوونە هۆی ئەوەی ساڵی 1993 هەم ئەو چاڵانە هەڵدرانەوە کە لاشەی پیاوەکانی کورێمی تێدا داپۆشرابوون و هەم ئەوەی بورجینیش کە بەبۆمبارانی کیمیایی مردبوون.
سەبارەت بەو تیمەی کە گۆرەبەکۆمەڵەکەی کورێمێیان هەڵداوەتەوە لەسەردانێکمدا چاوم بەشایەتحاڵێک کەوت بەناوی فاخر مستەفا دوای ئەوەی چیرۆکی کۆمەڵکوژییەکەو ڕۆژانی قەلای نزارکێ و سەربازگەی سەلامییەی بۆ گێڕامەوە دەربارەی کاری تیمەکە خاڵێکی گرنگی باسکرد: وتی تیمی گۆرهەلدانەوە کارەکانیان زۆر بەوردی دەکرد. ڕۆژێک هەر بەناویەکدا دەهاتن و دەچون و مشتومریان بوو، ئێمەش هیچ لەزمانەکەیان تێنەدەگەیشتین.. دوایی تێگەیشتین کەپەنجەی یەکێک لەروفاتەکان ونە ئینجا کەسوکاری ئەو ڕوفاتە فریا کەوتووەو وتوویەتی ئەگەر ئەوە کێشەکەتان بێت ئاسانە چونکە پیاوەکە هەرخۆی بەزیندووی پەنجەیەکی نەبووەو بڕدراوەتەوە.
وێنەکان : گوندی کورێمێ – شوێنی کۆمەڵکوژییەکە. وێنەی یەکەم حاجی عوسمان ومن شوێنی گۆرەبەکۆمەڵەکەم بۆ دەدۆزیتەوە. وێنەی دووەم هاشم محەمەد ڕەشید باسی ناوچەکەم بۆ دەگێرێتەوە
[1]