نووسەر
لە کتێبی: #قەڵای ڕاز#
بەرهەمی: #ژیلا حسێنی# (1964-1996)
چۆک بە چۆکم دانیشتووە و چاوە جوانەکانی تێ بڕیوم. بە سۆزەوە ئەڵێم:
-خۆشم ئەوێی...بڕوا بکە خۆشم ئەوێی.
-خۆشەویستی چۆن وا ئەبێ. دایمە وام بە تاسەتەوە. چاوەڕێی ئەوە ئەکەی، کەی سەرت بپەرژێ بێی بۆلام. هاح لەو خۆشەویستییە!؟
-ئاخر...
-ئاخر چی؟ بە سەد زبان بانگت ئەکەم. ئەتلاوێنم. کەس وەک من تۆ ناناسێ، خۆشتی ناوێ، کەس وەک من بە کارت نایە...
-ئەزانم...ئەزانم...ئەزانم. بەڵام چی بکەم. مێردم هەیە. مناڵم هەیە. مێردەکەم خۆش ئەوێ، مناڵەکەم وەکوو گیانی شیرین وایە. بۆ تێناگەی؟! لە هەمان کاتا تۆشم خۆش ئەوێ. خۆشەویستیت لە هەموو خانەکانی لەشما جێی گرتووە. بووە بە خوێن و لەنێو دەمارەکانما ئەژیت.هەرچی ئەکەم، ئەم دوو گیانی خۆشەویستی و ئەوینە لە دەروونما پێکەوە ناحەوێنەوە...ئێوە چیتان لە یەک داوە. بۆ وا سنگت چکۆلە بۆتەوە؟ خۆ ئەزانی خۆشم ئەوێی. ئیتر چییە؟ بۆ وا ئەکەی؟ بووی بە پەلکەزێڕینە و ئەمسەر ئەوسەری ئاسمانی ئەندێشەمت داپۆشیوە.
لە چاوە جوانەکانی مناڵەکەما ئەتبینم. لە مێهرەبانی و دڵسۆزی مێردەکەما...
وەفام بۆ ئەوان نەبێ، شایانی دڵداریی تۆیش نیم...ئای کاتێ چاوەڕێی هاتنەوەی مێردەکەم ئەکەم. هەر سیمای تۆ دێتە بەر چاوم. کە خۆمی بۆ ئەڕازێنمەوە، سیمات لە چوارچێوەی ئاوێنەکەمانا لە قاپ ئەگریت.
هێندە لەگەڵما ژیاوی، سەیرت ئەکەم خۆم ئەبینم. سەیری خۆم ئەکەم تۆ ئەبینم.
-منت ئەویست نەدەبا شووت بکردایە.خۆ دۆستێکی ڕاگوزاری و سەرزارەکی نەبووم. چەندەها شەو دەستم بەسەر قژتا هێنا، فرمێسکەکانم بۆ سڕیت...هەتا بەیان سەرم لەسەر کۆشی تۆ بوو. لەگەڵ ئازارەکانتا گریام. بەدەم شادیتەوە هاتم...
-خۆت خۆشەویستیی ئەوت تیا پەروەردە کردم. جوانیی تۆ ڕەنگی داوە، دنیای بۆ جوان کردم. وەڕەزیی تۆ وەڕەزی کردم.بزەی تۆ دڵی داخورپاندم و هەناسەی تۆ گڕی تێ بەردام. خۆشەویستیی تۆ فێری سووتانی کردم....
-ئەی کە وایە، بۆ هێندە بێوەفای...بۆچی دڵم ئەشکێنی.چەن جار ئەنێرم بە شوێنتا.هەرچەن چاوت لێ دائەگرم، چەپکە گوڵ و ئاوێنەت بۆ ئەنێرم، هەر وەڵامم نادەیەوە...؟
-چەپکە گوڵ؟ چەپکە گوڵەکانت بۆنی خۆتی لێ دێ، ئاوێنەکان وێنەی خۆتیان تیایە. خۆ تۆ دوور نیت من بێم بۆ لات. لە دەروونمای. لە هەناسەکانما ئەژیت. دڵداریی ڕاستەقینە سنوور ناناسێ. لە هەموو شتێکا ئەتبینم. لە بزەی منالەکەما، لە دەستە چکۆلەکانیا، لە چاوی مێردەکەما...کات درەنگە، خۆت کۆ کەوە، ئێستایە مێردەکەم بێتەوە، زوو بە...زوو بە.
-هێشتا تاسەم لێت نەشکاوە...
-منیش هەر وا، زوو بە... زوو بە...دڵنیا بە هەر کە ڕۆیشت ئاگادارت ئەکەمەوە...ها دەی زوو بە.
-ئاخر...
-سەلام خۆشەویستەکەم.
-سەلام، خۆشەویستیی تۆ؟! بڕوا ناکەم. هەمیسان چاوەکانت داییساون. قەت سەیری ئاوێنە ئەکەی؟ ژنێک چاوەڕێی مێردەکەی بکات، وەکوو تۆیە؟ چاوت لە منە، بیرت لای ئەو. دەستم ئەگری، لە یادی ئەودای. وەڕەز بووم....
-بۆ وا ئەڵێی، لە بەیانییەوە تا ئێستا خەریکی ماڵ خاوێن کردنەوە و گەسک لێدان و شیو کردنم. ئەو چێشتەی پێت خۆشە بۆم ساز کردووی. چاوم بۆ ڕشتووی. قژەکانم بۆ داهێناوی. بۆنی خۆشم لە خۆم داوە، کوڕەکەمان ژیر و تێر و خاوێنە. چیت لە گیانی من ئەوێ.
-خۆتم ئەوێ...خۆت...بۆ تێناگەی؟ خۆ من مندال نیم بەو شتانە بمخەڵەتێنی. بۆ لە یادی ناکەی، بەس نییە؟...هەرچی دێمەوە، بۆنی ئەو لەم ماڵە دێ. بە پەلە دایئەشاریت و وا ئەزانی هەموو شتێک بڕاوەتەوە، وەکوو کەوەکە سەرت کردووە بە بەفرەکەدا وا ئەزانی کەس ناتبینێ. چاوەکانت لە خۆت وەفادارترن.
ڕاستگۆترن.هێشتا وێنەی ئەویان تیایە... کە سەیری چاوەکانت ئەکەم، ئەو ئەبینم. کە بۆنی دەستەکانت ئەکەم، کە بۆنی قژەکانت ئەکەم...نا گیانەکەم خۆشەویستی وا نابێ. لەنێوان ئێمە و ئەودا یەکێکمان هەڵبژێرە. یان ئێمە، یان ئەو...
-نا، نا، قەت شتی وام پێ مەڵێ. بەزەییت پێما بێتەوە، خۆشم ئەوێ. پێشتر لە تۆش خۆشم ئەویست، لە گیانما خاشەی داکوتاوە، بێ ئەو هیچم. بڕوا بکە بەوەوە زیندووم. تۆ ژنی مردوو و بێهەستت بۆ چییە؟ هاوسەرە خۆشەویستەکەم، لێم ببورە. بەڵام ئەو فێری کردم تۆم خۆش بوێ. خۆشەویستیی ئەو، بۆ خۆشەویستیی ئەم دنیایە گۆشی کردم. ئەو ختووکەی دام و چاوەڕوانی و بزە و فرمێسک، مێرد و منداڵ، باوک و دایکی بۆ مانا کردم.
کە تۆ وەکوو هاوڕێی ژیان لەتەنیشت خۆمەوە ببینم، دڵدارانە خۆشم ئەوێی؛ بەڵام سەرەڕای هەموو باشییەکانت کە بووی بە لەمپەر، بووی بە پاسەوانی مەلی بیرم. ڕوانینم ڕەنگێکی تری ئەبێ. ماڵ و سامانەکەم وەکوو قەفەزێکی زێڕینی لێ دێ. حەز بە فڕین ئەکەم و چاوەکانی کوڕەکەمان، خۆشەویستیی تۆ، زنجیرێکە و لە دەست و پێم ئاڵاوە....
دار ناتوانێ باسی خاشەکانی نەکات. بۆ مەلی بێ باڵت دیوە، شەقژنی باڵی نەیەت و خەو بە فڕین و ئاسمانی ساماڵیشەوە نەبینێ؟ چۆن ئەتوانم دەسبەرداری ئەم عەشقە بم؟ تۆ هەتاوی سارد ئەناسی؟ لێوی خۆم گەست. نەک بۆ ئەوەی نەڵێم بۆچی؟ لە حەیفی ئەو وشە شاردراوانە بوو کە دایمە خەو بە گەرووی تەڕ و زبانی پاراوەوە ئەبینن. دەستەکانم لەتاو سەرما نەکردوە بە باخەڵما. دە واز بێنە. بۆچی؟ بۆ کوێ؟ تا کەی؟...تا کەی؟!
ئەو ڕۆژە دەستم دەربێنی سەرسام ئەبی، خۆرەتاوی ئەو عەشقە پیرۆزەی لە باخەڵما شاردوومەتەوە دەستم ئەکا بە گڕکانێکی تەقاوە. خۆت و پرسیار دائەپڵۆسێ. شادی و سامان دائەپڵۆسێ.
-شادی و سامان؟
شادیی من تۆی، سامانیشم تۆیت و کوڕەکەمان، ماڵەکەمان، بۆنی چێشتە خۆشەکانت، هیوای من چاوێکە تەنیا ئەوینی منی تیا بێت و بەس. من ئەمەوێ تۆ هیی من بیت و بەس. دڵداری یانی یەکدڵی. دڵێک دوو عەشقی تیا ناحاوێتەوە...نا.
-من قرچەقرچ ئەسووتێم و تۆ هاوار ئەکەی. من دڵۆپ دڵۆپ ئەتاوێمەوە، تۆ دەنگت دەردێ. خەو لە چاوی من تۆراوە، تۆ خەمباری. ئەمانە خۆی مانای خۆشەویستین. تێت ئەگەم. بەڵام بێ ئەو لە خۆم ناچم. تکایە تێم بگە. بە چاوی خۆت سەیری دنیای بیرەکانم مەکە. ڕێگای عەشقم بە گەزی خۆت مەپێوە، نا.
-من ناتوانم، نا. کە وایە بڕۆ بۆلای...ئێمە و ئەویان نەوتووە، خۆت ئەزانی؛ یان ئەملایی، یان ئەولایی.
-هاتیتەوە؟...
-ئای، ئەرێ خۆشەویستەکەم هاتمەوە... بەڵام ئەمجار بۆ ماڵاوایی. مێردەکەم وتوویە: یان ئەو، یان تۆ. ئەڵێ کوڕەکەمان دایکی ئەوێ، یاساکانی کۆمەڵگاکەشمان ئەزانی. دایکم بزانێ لەسەر تۆ وازم لێ هێناون، حەیام ئەبا. خۆشم بێ ئەوان ناژیم. کەس چاکم ناڵێ.جاری پێشوو دایکم ئەیوت: نەخەڵەتێی بڵێی لەسەر ئەو مێرد و ماڵەکەم بەجێئێڵم. حەیامان ئەبەی. بڵێ ماڵم ئەوێ، ماشینم ئەوێ، زێڕ و فەڕشم ئەوێ...
وتم دایە، خۆ ئەوە تاوانێکی گەورەترە. چاوە جوانەکانی کوڕەکەم بە پارە نافرۆشم. مێرد و سامانەکەم بە
ماڵ و ماشین ناگۆڕمەوە. وتی: خۆت ئەزانی. کە وایە داکەوە. ئیتر واز بێنە. ئەو لە دڵ دەرکە.
- ئێستاش ئەتەوێ لە دڵ دەرم کەی.
- نازانم، نازانم، نازانم....
- نیوەڕۆیە ئافرەت، ئافرەت ئەوە لە کوێی.
- وام لەیرە، لەبەر دەمتا ڕاوەستاوم.
- گاڵتە مەکە، بۆ ناتبینم. وای لە کوێ. برسیمە. کاتی گاڵتە نییە.
- گاڵتەی چی پیاو، لەبەر دەمتا ڕاوەستاوم. بۆ نامبینی؟ وا دیارە تۆ گاڵتە ئەکەی. ئەوە دەستم، ها دەستم بگرە.
- کوا، هیچ نابینم.
- ئەوە چاوم، سەیری کە، ئیتر ئەوی تیا نابینی.
چاوەکانیشت نابینم.
- ئەوە دڵم. خۆشەویستیی ئەوم تیا ناشت.
- هەست بە گەرماکەی جارانی تیا ناکەم....
نا...نا. من تۆم بەم شێوەیە قەت ناوێ. ناتناسم، نا.
هەر ئێستا خۆم ئەڕۆم بە شوێنیا و ئەیهێنمەوە.
-تۆراوە، بڕوا مەکە بێتەوە.
- نا نا، هەوڵی خۆم ئەدەم. خۆشم ئەوێی. نامەوێی بە مردوویی قەت بتبینم.
کوڕەکەمان دایکی زیندووی ئەوێ. من دڵی گەرمم خۆش ئەوێ....
بە پەلە ڕایکردە دەرەوە. لە یەکەمین دووکانی لای ماڵەکەوە دەفتەرێک و پێنووسێکی کڕی و هێنایەوە.
-ئەم دیارییانەم لێ وەربگرە. بیبە بۆلای بەڵکوو ئاشتی ببێتەوە.
سەرم هەڵێنا، منداڵەکەم پێئەکەنی. شوێن نیگاکەیم گرت. ئاشنا بوو...
لە سووچێکا ڕاوەستابوو. سەد ئەوەندەی جاران جوانتر وەکوو خۆرێ داییسابوو. لەنێو ئاوێنەکەدا پێئەکەنی.پەنجەرەکانی کردبووەوە...بەرامەی ژوورەکەی پڕ کرد. ڕامکرد بۆلای توند باوەشم پیا کرد و بووم بە داستانی دڵداری. دایکی عاشق، ژنی عاشق، نووسەرێکی عاشق عاشق.
#01-06-1993#
[1]