هەجوی بلەی سەگەوان
فەڕەنگ و داسنیی و گەبری بەدخوو
نوسەیریی و ئەرووس و دەیلەم و جوو
بە حاڵی من نەبن هەرگیز ئەمانە
هەزار جار ئۆف برایم ئاغا لەدەست توو
قوڕومساغە ئەوەندە بەدسروشتە
بەدایم خوێڕییە وەک شبری سەر کوو
لە دەنگی جوڕڕەجوڕڕی سوێسکەکانی
دوو گوێی سووکم بەجارێ هەردوو کەڕ بوو
دەسا سەیر کەن لەبەر چینەی کەوی شین
کە عالەم گەردە هەر وەک تۆزی هۆردوو
کەوی لۆتی بە کەیفی خۆت بخوێنە
خوا وای کرد کە حاڵی من وەها بوو
ئیلاهی قارەمان قاڕەت نەمێنێ
چەقەڵ بدخوا سەر و سینە و پەل و پوو
برایم ئاغا لە قوڕ نیشێ سەراپا
وەکوو باب مردووان بۆت کا خودا ڕوو
قەجەر! ناوت بە چاوی خۆم ببینم
کە قوشچی بازی تێ بەردا بە قوو قوو
شەپۆلت زۆر کەوی چاک و پەسەندە
شەپۆل دا سا لە خوێنا ئەی خودا! زوو
کەوی دۆمت شەڕانی و کەوبەزێنە
ئیلاهی! دۆمەژن لێت نێ بە کاردوو
کەوەلاڵت مەزننە زۆر عەزیز بوو
شوکور بۆیە لە بەر بینی دەرات لوو
بەغەیرەز ئەم کەوانە باڕەکانیش
بە مردوویی لەدەوری تۆ بکەن بوو
خوداوەندا غەزەب بۆیان ببارێ
بە یەک شەو خاس و عامیان بن قەڵاچوو
کەو و سوێسکە و قەفەس دانێن لە لایێ
دەڵی زەرد و برایم ئاغاش بە مردوو
لەسەر من عەهد و شەرت و فەرز و قەرز بێ
ئەگەر حاڵی برایم ئاغا وەها بوو
بە سوورمەی شادیانە هەر دوو چاوم
وەهای ڕەش کەم وەکوو پەڕڕی پەرەستوو [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#