شەرحی ئەشعاری من ئێستاکە لە باڵایە هەموو
چونکە بەو نیسبەتە هەستاوە، چ باڵایە هەموو
دەردی گێسووتە کە سەرگەشتە بە دەورا دەگەڕێم
موویی تا موویی لە سەرما هەم و سەودایە هەموو
عیشق ئەگەر خەیمە بدا، مەشریق و مەغریب کەمە بۆی
لە دڵی تەنگی من ئەو خەیمەیە بەرپایە هەموو!
میهری زەڕڕەی دەهەنت داویە بە قەلبم پەرتەو
هەرچی ئەنداممە وەک زەڕڕە لە ڕەقسایە هەموو
بە سەدای گریەوە بێ، سەمعی قوبووڵت، بکڕە
ئەشکی ئالوودەیی من، لوئلوئی لالایە هەموو
هەرچی عومرم هەیە بێ تۆ سەکەراتییی مەوتە
هەرچی ڕۆژم هەیە بێ تۆ شەوی یەلدایە هەموو
ڕەنگ و بۆی دا بە ڕوخت ئاه و سروشکم، ئارێ
باد و بارانی بەهاری چەمەنئارایە هەموو!
جوز نەباتی لەبی تۆ، سازشی تەبعم نییە هیچ
قەندی میسری لە دەمم تەڵخییی سەفرایە هەموو
کە حەکیم حازیقە، (سالم) مەکە ئیزهاری مەرەز
خۆی بەسیرێکە کە بەم عالەمە بینایە هەموو [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#