عیلاجی ئێشی دڵ ناکا بە سەد مەرهەم حەکیم ئەمشەو
لە زەخمی تیری موژگانت بە نەوعێ بەستەریم ئەمشەو
لە لەب نەقدی حەیاتم خوونبەهای یەک بووسە داناوە
ئەگەر یاری قەمەرتەلعەت قوبووڵ کا موشتەریم ئەمشەو
هەوای ئابی بەقای بۆسەت، شەرارەی مەزرەعەی عومرە
لە باغی زیندەگی بۆ نۆبەرەی وەسڵت بەریم ئەمشەو
خەتایە گەر هەوای عەتری گوڵ کەم تا حەیاتم بێ
ئەگەر بێنێ لە موشکین زوڵفی تۆ بۆیێ نەسیم ئەمشەو
هەتیتەی دڵ بکا گەر تەجروبەی قەددت بە باریکی
بەرابەر ئەو دەبێ مووی کاکوڵی هیندی زەخیم ئەمشەو
لە خاکی ئاستانەی دڵبەرا ئوفتادەم و شادم
دەگاتە تاقی کیسرا ڕیفعەتی جێگەی سەگیم ئەمشەو
سەحەر جێی سوجدە شاهید بێ لە ئەشکی سورخ و ڕووی زەردم
لە خاکی کۆیی تۆ ئالوودەیە مەرجان و سیم ئەمشەو
ئەگەرچی ئیحتیاجی ڕوو لە قاپی کەس مەکە سالم
بە ئوممێدی کەرەم ئیللا خوداوەندی کەریم ئەمشەو [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#