هەمیسان ڕۆح لە تەن بێزارە ئەمشەو
لە دڵما باز خەیاڵی یارە ئەمشەو
لە چیهرەم شێوەیی عیبرەت زوهوورە،
برای یەکدڵ لە من ئەغیارە ئەمشەو
لە ئاهی سەرد یەخی بەست، ئەشکی گەرمم
موژەم یەک یەک دەڵێی بزمارە ئەمشەو
لە دەوری نوقتەیی خاڵی لەبی یار،
خەیاڵی دڵ دەڵێی پەڕگارە ئەمشەو
(ٲنا الّدلْبَرْ) دەڵێ دڵ وا لە سینەم
وەکوو مەنسوور سزای سەر دارە ئەمشەو
وەها بێ ئیختیار کەوتوومە شیوەن
لە ناڵینم ڕەفیق بێزارە ئەمشەو
بە بادی لەعلی لێوی ئاڵی دڵبەر
سروشکم شێوەیی گوڵنارە ئەمشەو
نیهالی شادمانیم ڕیشەکەن بوو
درەختی میحنەتم پڕبارە ئەمشەو
خەیاڵی نێشی موژگانی دڵارام
لە دڵما یەک بە یەک سووفارە ئەمشەو
تەبیبی دەردی من، یاران! خەبەر کەن،
بڵێن: (سالم) لە غەم بیمارە ئەمشەو [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#