هیلاکیی جانی بیمارانە ئەمشەو
سیەﮪ وەک توڕڕەیی یارانە ئەمشەو
لە چاو ئەشک و لە دڵ ئاهم بروون دێ
دەڵێی تۆفانی با و بۆرانە ئەمشەو
لە نوسخەی مووتە یا تەئسیری بەختم
جیهان یەکسەر وەکوو قەترانە ئەمشەو
لە گوێما دەنگی دەققولبابی دڵ دێ
خەیاڵی دڵبەرم میهمانە ئەمشەو
بینات نا عەهدەکەی زەححاکی تازی
لە توڕڕەت موو بە موو مارانە ئەمشەو
لە مەیلی سەرد و قەهری وەک سەموومت
لە باغی دڵ گەڵاڕێزانە ئەمشەو
لە گەرمیی دڵ گوڵی شادی وەریوە
شکۆفەی غەم لەنەو خەندانە ئەمشەو
شەبەیخوونی نیگەه قەلعەی دڵی گرت
بەجوز غەم هەر چی بێ تاڵانە ئەمشەو
بە ئوممێدی بەهاری وەسڵەکەی تۆ
لە هەوری دیدە هەر بارانە ئەمشەو
لەڕووی عەکسی خەیاڵی لەعلی لێوت
دوڕی ئەشکم وەکوو مەرجانە ئەمشەو
لەلای سالم ئەگەر ئەکلە و ئەگەر شورب
بەبێ تۆ دوور لە تۆ سندانە ئەمشەو [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#