ڕێی نەجاتی موشکیلە هەر کەس ببێ دەسگیری تۆ
فەرموو وا گەردنکەچم حازر لەبەر شەمشیری تۆ
زوڵفی تاتات تا ئیحاتەی گەردنی داوی، بووە
باری ئەهلی کوللی عالەم جوملە گەردەنگیری تۆ
مەردومەک خوێنڕێژی ئەشکن وەک موژەت خوێنڕێژی دڵ
مەردومی ئاویش دەبن وەک مەردومان تەسخیری تۆ
ماری زەححاکن یەکایەک مووت بە مەحبووسانی زار
وەه چ سەعبە بەندبەندی سیلسلەی زەنجیری تۆ
دەنگی خەمیازەی دڵم دەبیەم لە شەوقی خەنجەرت
ئینتیزاری کوژتنم، تاکەی دەبێ تەئخیری تۆ؟
بۆ خەیاڵی نەقشی تۆ مانی لەمن کەودەنترە
ڕەنگی خامەی کردگارە سەنعەتی تەسویری تۆ
زەخمی تیشنەم گەر لە تیغت دەفعەیێ ئاوت نەدا
عیللەتی بەختی بەدم بوو نەک لەبەر تەقسیری تۆ
هەر کە سانی تیپی موژگان دێ بە ڕەسمی قەبز و بەست
طرفة العَينێ دەبێ سەد موڵکی دڵ تەسخیری تۆ
تێکشکا پشتی خەمی سالم لە دووریی قامەتت
ڕاستە دەشکێنێ کەمان وەختی جودایی تیری تۆ [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#