سەوادی پەردەیی زوڵمەت، سیاهیی نوسخەیی مووتە
شوعاعی ماهی دووهەفتە لە عەکسی پەرتەوی ڕووتە
نیگاهت گەر بە ئاهووی چین بدەم نیسبەت، درۆی مەحزە
خەتایە گەر بڵێم: موشکی خەتا هەمبۆیی گێسووتە
زیادیی غوسسەیە بۆ من تەفەڕڕوج مەوسیمی هیجران
فەزای دونیا بەبێ ڕووی تۆ، وەکوو سندووقی تابووتە
جیهان تاریکە بێ وەسڵت لە بەرچاوم وەکوو دەیجوور
سیاهیی مەردومی دیدەم لە نوقتەی خاڵی هیندووتە
لە سیدقی عیشقتا تاقم وەلێ موددێکە بێ وەسڵت
دڵی پڕ حەسرەتم دایم لەگەڵ هەمزادی غەم جووتە
شکاندت خاتری سالم لەسەر بۆسەی لەبی لەعلت
لە سایەی گریەوە ئێستا سروشکی ڕەنگی یاقووتە [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#