ئەشکەوتی دوو دەری، دەکەوێتە دامێنی چیای لیلۆن (#سمعان#) و لە 45 کیلۆمەتری باشووری شاری #عەفرین# و 5 کیلۆمەتر لە گوندی بورج ئەبدالو دوورە.
ئەم ئەشکەوتە قووڵییەکەی 60 مەتر و پانییەکەی نزیکەی 40 مەتر دەبێت، دوو دەرگای هەیە کە یەکیان بە پانیی هەشت مەتر و بەرزی پێنج مەتر بەرەو باکوور و ڕووی لە دۆڵێک دەکرێتەوە، دەرگاکەی تر بەرەو ئاسمان دەکرێتەوە و زیاتر وەک دووکەڵکێشێکی سرووشتی وایە.
ئەم ئەشکەوتە لە ساڵی 1978 دۆزراوەتەوە و بۆ یەکەم جار لە ساڵانی 1989-1990 بە شێوازی سەرەتایی کاری کنە و پشکنینی بۆ کراوە، بەڵام لە ساڵی 1993 بە شێوازی پسپۆریانە و جددی درێژە بە کارەکە درا و لە ئەنجامدا پاش 16 ساڵ کنە و پشکنین لە لایەن تیمێکی هاوبەشی سووری و یابانی، ئێسکەپەیکەری منداڵێکی دوو ساڵانەی #نیاندەرتاڵ# تێیدا دۆزرایەوە.
دووەم دۆزینەوەی گرنگی ئەم شوێنەوارە بۆ ساڵانی 1997-1998 دەگەڕێتەوە، لە چاڵێکی 70 بۆ 50 سانتیمەتریدا دووەم ئێسکەپەیکەری منداڵێکی نیاندەرتاڵ دۆزرایەوە، بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەم چاڵە وەک گۆڕێکە و بۆ ناشتنی منداڵەکە بەکارهاتووە، واتا مرۆڤی ئەو سەردەمە مرۆڤی هۆشیار بوونە و مردووەکانیان لە ژێر خاکدا ناشتووە.
مێژووی ئەم دوو ئێسکەپەیکەرە بۆ سەردەمی چاخی بەردینیی واتا بۆ 100 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە ئێستادا لە مۆزەخانەی حەلەب پارێزراون.
بە گوتەی شوێنەوارناسە بەشداربووەکانی ئەم هەڵکۆڵینە، بە هۆی بەرزی ئەشکەوتەکە لە ئاستی زەوی کە هۆکارێک بووە بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤە سەرەتاییەکان لە ئاژەڵی دڕندە و ڕووداوە سرووشتییەکان، هەروەها هەبوونی سەرچاوەی سرووشتی ئاو و خۆراک، ئەشکەوتی دوو دەری شوێنێکی گونجاو و لەبار بووە بۆ ژیانی مرۆڤە نیاندەرتاڵەکان کە لەو سەردەمە لە نێوان کیشوەرەکانی ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیا لە هاتوچۆدا بوونە.
ئەشکەوتی دوو دەری 450 مەتر لە ئاستی ئاوی دەریا بەرزە، شوێنی جوگرافی ئەم ئەشکەوتە لە شوێنە هەرە جوانەکانی عەفرینە و دەکەوێتە نێوان دۆڵی دوو دەری لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئاامدەکردنی: #سارا سەردار#
[1]