ناونیشان : ئایا ئەمجارە ڕووسیا سەرچۆپییەکە لە سعودیە وەردەگرێتەوە؟
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
جیهان تا ساڵی 1973 حەوت کۆمپانیا ئەمریکییەکەی ناسراو بە (حەوت خوشکەکە) تاقە مەرجەع و بڕیاردەر بوون بۆ دانانی نرخی نەوت، بەڵام لەوە بە دوا ڕێکخراوی ئۆپیک بە گوڕ هاتۆتە مەیدان و بە هۆی خاوەندارێتی 80%ی یەدەکی نەوتی جیهان و 40% بەرهەمی جیهانی توانیوێتی ببێتە خاوەن قسە و بڕیار لە سەپاندنی نرخی نەوتدا، لە ناو ڕێکخراوەکەدا شانشینی سعودیە بە هۆی ئەوەی سێیەکی نەوتی ئۆپیک لە لای خۆیانەوە بەرهەم دەهێنرێت ببوە دەم سپی ناو ڕێکخراوەکە.
جیهان لە ماوەی نزیکەی پەنجا ساڵی تەمەنی دا (1973-2020) پێنج جار دارووخانی نرخی نەوتی بەخۆوە بینیوە:-
1- لە ساڵی 1986 نرخی نەوت لە 37 دۆلارەوە دابەزی بۆ 10 دۆلار.
2- ساڵی 1997 نرخی نەوت لە 23 دۆلارەوە گەیشتە 11 دۆلار.
3- ساڵی 2008 نرخی نەوت لە 147 دۆلارەوە دابەزی بۆ 30 دۆلار.
4- ساڵی 2014-2016 نرخی نەوت لە 105 دۆلارەوە گەیشتە 20 دۆلار.
5- لە ئازاری 2020 نرخی نەوت لە 70 دۆلارەوە دابەزییە 23 دۆلار.
ئەگەر بە وردی بە بنج و بناوانی هەموو ئەم دابەزینانە بچینەوە تێبینی دەکەین کە سعودیە هەموو کاتێک بەرهەمی نەوتی بە ڕادەیەک بەرز دەکردەوە کە خواست لەسەری کەم بێتەوە و نرخەکەی دووچاری داتەپین بکات، هەموو جارەکانیش فاکتەری جیۆسیاسی ڕۆڵی باڵای گێڕاوە، ئەمریکا بۆ گوشار خستنە سەر نەیارەکانی لە ڕوسیا و ئێران و چین و فەنزەویلا ئەم ڕیگەیەی گرتۆتە بەر تا لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە ڕۆڵیان لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوه و گۆڕەپانەکەیان پێ چۆڵ بکات. هەموو جارەکانیش دوای پڕکردنی گەنجینە ستراتیجیەکەیان لە نەوتی هەرزان بۆ چارەسەری دۆخەکە سعودیە پێشنیاری کۆبوونەوەی ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیکی کردووە تا دواجار بە کەمکردنەوەی بەرهەم هێنان جارێکی تر نرخی نەوتیان ڕوو لەسەر خستن کردۆتەوە.
بەڵام ئەم دابەزینەی ئەم جارەی نرخی نەوت پێناچێت ڕێگەی سارێژ کردنەوەی وەک ئەوانەی پێشو بێت چونکە ئەم جارە ڕووسیا زۆر بە تەوژم هاتۆتە مەیدان و دەیەوێت چیتر ڕێگەچارەی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لای سعودیە نەبێت بڕیاری کۆتایی لای کرملن بێت نەوەک ڕیاز، ئەوەتا ئەم جارە بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت لە ئەمریکا هاواریان لێ هەستاوه و سەرۆک ترامپ و کۆنگرسیان هێناوەتە سەر خەت، لە لایەکەوە کۆنگریسمانەکان هەڕەشە لە سعودیە دەکەن و لە لایەکی ترەوە ترامپ بەردەوام لە کۆنتاکتایە لەگەڵ ڕوسیا تا بەرهەمی نەوت کەم بکەنەوە نرخی نەوت جارێکی تر بەرز بێتەوە بەڵام کرملن سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان و وڵاتانی تری بەرهەم هێنەری نەوتی لە دەرەوەی ئۆپیک بەشداری بکەن لە کەمکردنەوەی بەرهەمیان نەوەک ئەرکەکە تەنها لە ئەستۆی ڕوسیا و وڵاتانی ئۆپیک بێت. ئەمجارەیان سعودیە ئەوەندەی گوشاری دەخرێتە سەر ئەوەندە ڕۆڵی دەم سپی ناگێڕێ بۆیە ئاماژەکان پێمان دەڵێت خەریکە ڕوسیا سەرچۆپییەکە لە سعودیە وەردەگرێتەوە. [1]