ئامادەکردنی: ساڤۆ سەردار
شارستانیەتی #میزۆپۆتامیا# بە یەکێک لە شارستانیەتە دێرین و سەرەکیەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دائەنرێت کە ناوچەی سەرەکی نێوان دوو ڕووباری #دیجلە# و #فورات#ە، زیاتریش بە نێوان دوو ڕووبار ناسراوە، بە پێی ئەوەی هەر شارستانیەتێک خاوەنی تایبەتمەندی و خاڵی جیاکەرەوەی خۆیەتی لەگەڵ شارستانیەتەکانی دیکەدا، ئەوا میزۆپۆتامیاش خاوەنی هەندێک خەسڵەتە کە جودا کەرەوەیە، سۆمەریەکان ئەڵێن کەوا یەکەم شارستانیەتی بونیادنراو، تۆمارکراو، بە پێی پلان و خەسڵەت ئەوان بوون لە ماوەیی 4000 ساڵ پێش زایین، لەسەر ئەم جوگرافیایەدا ژیاون وە خەسڵەتی ئاویی ناوچەکەیان قۆستبێتەوە بۆ سود وەرگرتن لێی، کە دروستکردن و جێگرکردنی شارستانیەتەکە هۆیەکی گرنگی بۆ تایبەتمەندی ئاویی ناوچەکە ئەگەڕێتەوە کە دوو ڕوباری دیجلەو فوراتی لێ بوون، ژینگەی ئاویی بە خەسڵەتێکی گرنگی پاراستنیش دادەنرێت کە پشتیان پێ بەستووە بۆ دەستڕانەگەیشتنی دوژمن لەو ناوچەیەدا بە مانایەکی دیکە دیجلەو فورات لە ڕووی سەربازی و پاراستینیشەوە خزمەتیان بە شارستانیەتەکە کردووە.
لە میزۆپۆتامیادا بینا ئاینیەکان بە تایبەتمەندیەکی گرنگ دادەنرێن کە تیایدا بە چەند فۆڕم و شێوازێک نمایندەی خۆیان ئەکەن، یان بە شێوازی پەرستگان یاخود بە شێوەی زەقورەکان کە بۆ مەبەستی پەرستشی ئاینی بەکاردەبرێن کە بە دڵی شارەکان ناسراون، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش سەرباری هەندێک خەسڵەتی دیکەی وەکو موادی بەکارهێنان (ئینشائی) کە زیاتر خشتی قۆڕین و بەرد بوون بە پێی ئەوەی زیاتر ماددەی بەردەست و لۆکاڵی باو بوون لە ناوچەکەدا، کەچی بینا سەرەکیەکان خاڵی جیاکەرەوەن وەک لە مواددەکان، چونکە زەقورەکان جۆرێک لە بینای ئاینین کە بەو فۆڕم و نەخشەی دروستکردنە تەنها لەو شارستانیەتەدا هەبوون وە بوونە سیمبوڵی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا واتە ڕۆڵێکی ڕەمزیان هەیە، ئاین لە ناو شاستانیەتەکەدا بە شێوازێکی سەنتراڵ بوونی هەبووە بۆیە شوێنگەی ئایین واتە زەقورەکان دەبنە پنتێکی ئەساسی، زەقورەکان بە مانای باڵەخانەی بەرز دێن، نمونە زەقورەی (ئور) کە بەناوبانگترین زەقورەی ناو شارستانیەتەکەیە لەلایەن پاشا ئور نەمۆ دروستکراوە، دەکەوێتە عێراقەوە بەرزیەکەی 100 پێ بووە، کە ئەم ژمارەیە بۆ سەردەمێک کە تەنها دەستی کار کرێکارەکان بوون و هیچ تەکنەلۆژیا و کار ئاسانی کەرێک تیایدا نەبووە، لە سیاقی خۆیدا باڵەخانیەکی بەرز بووە.
خاڵی جیاکەرەوەی نێوان پەرستگاکان و زەقورەکان چین ؟
پەرستگاکان و زەقورەکان هەردووکیان بینای ئاینین کە بۆ پەرستشکردنی خواوەندەکان بەکارهاتوون، زەقورەکان بەشێکن لە پەرستگاکان واتە شوێنگەی بەشەکی پەرستگاکانن، واتە شوێنی دانانی خواوەندەکان و خزمەتکارانی خواوەندەکان، لە کاتێکدا پەرستگاکان بە ناوەندی ئابووری شارەکان دادەنران، شوێنگەی مانەوەی سەدان و هەزاران خەڵک و پەرستکاران بوون بە نموونە: کاهینەکان و خزمەتکارانی پەرستگاکە، دارتاشەکان.
زەوی پەرستاگانیش بە زەویەکی موقەدەس و پیرۆز دادەنران، بەشێک لە کاهینەکان گۆشتی پیرۆزیان بۆ خواوەندەکان ئامادە ئەکرد واتە قوربانیکردن بۆ خواوەندەکان بەشێک بووە لە عەقیدە و بیروباوەڕیان، هەر لەبەرئەمەش بووە لە دانانی نەخشە واتە خەریتەی ناو زەقورەکان شوێنی تایبەت بە قوربانیکردن هەبووەواتە لە ئاستی ئەندازیاریەوە حساب بۆ کراو بووە.
لە ساڵی 1980 سەددام حوسێن هەندێک ڕەهەندی ناو زەقورەی ئوری نۆژەن کردەوە، هەندێک فرۆکەی شەڕکەری جۆری (جێت)ی لێ نیشتەجێکردن لە پێناو ئەوەی کەوا هاوپەیمانان بەهۆی ئەم ئاسەوارە دێرینەوە هێرش نەکەنە سەر فرۆکەکان لەو ناوچەیەدا، واتە لە هەوڵیدا لە ڕێگەی قودسیەتی زەقورەکانەوە پارێزگاری لە حەشاردانی فرۆکەکانی بکات هەرچەند لە میانەی ئەو جەنگەدا زیانێکی قورس بەر زەقورەکان نەکەوتن بەڵام لە ئێستادا زەقورەی ئور لە ناوچەی ناسریەدا پارێزراوە.[1]