وەلید عومەر
وەک زانیارییەکی سەرەتایی, ئاشکرایە کە #میزۆپۆتامی#ا واتە وڵاتی (نێوان دوو ڕووبار) مەبەست دیجلەو فوراتە کە ئێران و تورکیاو عێراق و سعودیەی ئەمڕۆ دەگرێتەوە.
چوار شارستانییەتی گەورە لەو وڵاتەدا هەبوون کە ئەوانیش بابلی، سۆمەری، ئاشوری، ئەکەدی بوون.خاوەنی سەرهەڵدانی یەکەمین شارستانیەتی سەر گۆی زەوییە، ئەوەی کەئێستاش هەموو ئەو بابەت و نوسینانەی لەمەڕ مێژوو، هونەر، یاسا، ئاودێری، دەستپێکی دەستنووس و کشتوکاڵی و تەلارسازیەوە ئامادەدەکرێن، سەرچاوەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ مێژووی دێرینی مێزوپۆتامیا و بەتایبەت سەردەمی سۆمەرییەکان.
بنیاتنانی یەکەمین شارەکانی جیهان لە میزۆپۆتامیاوە دەستیپێکرد.ئێمە دەوڵەتشاری سەردەمی سۆمەر و ئاشور و هتد... بیستووە، کۆنترین پردمان بیستووە کە دەگەڕێتەوە بۆ چوارهەزارساڵ پێش زایین، لە کۆی گشتییشداقۆناغی میزۆپۆتامیا لە تەلارسازییدا دەهەزار بۆ شەش هەزار ساڵی پێش زایین دەگرێتەوە. دیارە تەلارسازی لە میزۆپۆتامیادا، بەستراوەتەوە بە شارستانییەتەوە و هەنگاوێک زیاتر مرۆڤ لە سرووشت دوورکەوتووەتەوە؛ بەتایبەت بەراورد بە قۆناغی پێشوو(نیۆلەتیک-چاخی بەردینی نوێ).تەلارسازی لەو قۆناغەدا، بەگشتی هەڵگری سیفەتێک بوو کە کەڵک بوو نەک جوانی. واتە پتر کارکردیبوون(being functional) بوو تا قشتی و جوانبوون(being pretty).
فۆرمەکانی بنیاتنان، بۆ ئەوە بوون کەڵکێکی واقیعییان هەبێت و مرۆڤ لە زیانەکانی دونیای دەرەوە بپارێزن، نەک تەرکیزەکە لەسەر ڕازاندنەوە و هونەرکاری بێت. زەقورە فۆرمێکی تاقانەی تەلارسازییە لەم قۆناغەدا.
زەقورەکان(ziggurat)، بونیادێکی پلەکانەدارە و لە هەرەم دەچێت بەڵام لای سەرووی سافە. زەقورەی ئور لە بەناوبانگترینە.کەرەستەکانی تەلاری میزۆپۆتامیاش بەگشتی بریتیین لە خشتی گڵ، گەچی گڵ، دار، خشتی سوورەوەکراو، مادەکانیش بەکۆ ناسک و ڕۆژگاربردەڵە بوون.
ڕەنگە مرۆڤ بتوانێت زۆر زانیاری لەسەر ئەم قۆناغە بگوازێتەوە و سەرچاوەکان زۆرن, بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە سەرنجی بدەینێ لە یەکەم بیرهاتنەوەی ڕاستەوخۆدا ئەم فۆرمە تەلارسازییە و ئەم قۆناغە شارستانییە چ وێنەیەک لە زەینماندا درووستدەکات؟
1. گەڕانەوەی ئێمە لەمڕۆدا بۆ ئەو جۆرە یادەوەرییە بیناسازییە، گەڕانەوەیەکی نەک هەر نۆستالیژی، بەڵکو خەون ئامێزیشە. واتە تەنیا شیوەنەبیر و ئەشکی یادەوەریی بۆ هەڵناڕێژین، بەڵکو شتێکە لەوێش تا فەنتازیای پێوە بکەین.
وەک بڵێی ئەو فۆرمە لە تەلار هەمیشە لەوێیە، کەمێک دەکەوێتە پێش مێژووەوە، پێش دەستپێککردنی شارستانییەت. نابێت ئەم خاڵە هزرییە، بە مانای حەرفیی کات و شارستانییەت وەربگیرێت، بەڵکو بیرۆکەیەکی زەینییە: زەقورەیەکی ئەودەم شتێک نیە ئەمڕۆ بتوانین تێیدا بژین و ئەزموونی بکەین، بەڵکو لە خەون و خەیاڵی ئێمەدا پێش ئەزموونی دەردەکەوێت.ئەو ناوەڕۆکەی ژیانی ئەمڕۆمانی تیایە، بەجۆرێکە لەو فۆرمە تەلارسازییەدا جێی نابێتەوە.
بەڵام بە باری پێچەوانەدا، دەتوانین شتانی ئەو ڕۆژگارە بێنینەوە بۆ ئەمڕۆمان و جێیەکیان بۆ هەڵکۆڵین- جێیەک کە واقیعی نیە بەڵکو فەنتازییە. هەموو سەردەمەکانی ڕابردوو، بە خۆیان و ناوەڕۆک و وردەکارییەکانیانەوە، قابیلی ئەوەن سەنتێز و تێهەڵکێش بەمڕۆمان بکرێن و جێبکرێنەوە.
ئەم سەنتێزکردنە هێند چڕە کە لە واقیعدا جێی نابێتەوە و ناچارین لە فەنتازیاماندا هەڵیبگرین. فەنتازیا, شوێنی هەموو ئەو شتە ڕەق و بەسەرچووانەشە کە وەک خەونێک دەردەکەون بۆمان. نمونەیەکی کەمێک جیاوازتر لەم باسە و هاوکات پەیوەست بەم باسەشەوە, بریتییە لە ڕەقهەڵاتنی فیگەری دانایەک یان فەیلەسوفێکی دێرین کە بۆ ئەمڕۆمان لەوە دەرچووە مرۆیەکی ئاسایی و ئەزموونی و ڕۆژانەیی بێت: ئەمڕۆ کە بیر لە فیساگۆرس یان ئەفلاتون دەکەینەوە، وا دەردەکەون ژیانێکی ڕۆژانەییان نەبووە، بیرکردنەوە لە وردەکاریی ژیانی ڕۆژانەیان کەمێک نامۆ و نەشاز دەردەکەوێت.
ئەوان لە فیگەرێکی بەبەردبووی سەروومرۆیی دەچن لە چاوی ئەمڕۆمانەوە.بۆیە لەمڕۆماندا، جێیەکی فەنتازییمان بۆ کردوونەتەوە و لە مرۆڤێکی زیندووی بەردەست زیاترن. ئەم خاڵە وادەکات هەستبکەین تەلارسازیی دێرین، تێکڕا شوێنێکە بۆ ئەوەی لە واقیعی ئەمڕۆمان هەڵبێین و بەشێوەیەکی خەیاڵی تێیاندا بژین.
2. ئەو جۆرە تەلارسازییە دێرینە، بیرخەرەوەی مانا و بەهایە. واتە ئەو شتە بە زەینی مرۆڤدا دێنێت کە هێشتا پەیوەندیی مرۆڤ بە سرووشت و ئاسمانەوە، پەیوەندییەکی دەوڵەمەندە. ژیان مانایەکی یەکانگیری هەیە و کۆمەڵێک بەهاش هەن تازە خەریکە دەکەونەڕێ و شارستانییەتیان لەسەر بنیاتدەنرێت (بە نوسین و دین و فەلسەفەوە تا دەگاتە نیشتەجێبوون و شار و یاسا و هتد).
لە تەلارسازیی ئەمڕۆدا، جۆرێک لە بێمانایی و کەوتنی بەها هەستپێدەکرێت، جۆرێک لە نیهیلیزم کە نامۆ بووە بەو ڕۆژگارە. ئەمڕۆ خەڵک لە زمانی ڕۆژانەدا کاتێک دەڵێت (فڵان شوێن هەر بینایە)، یان (بچم چی بکەم، بەس بینا دەبینیت) ئەوا مەبەستی لەم دیوە نیهیلیستییەی بیناسازییە.
بینا هەمیشە لە پەیوەندییشدایە بە مانا و بەهاوە. پێناسەکی سەردەمی گۆتیک یان میعماریی ئیسلامی، بیرخەرەوەی جۆرە پەیوەندییەکە بە مانا و بەهاوە، بەڵام باڵەخانەیەکی بەرز لەمڕۆدا لە میترۆپۆلێکدا دەشێت بیرخەرەوەی بێمانایی و بێبەهایی بێت لەنێوان مرۆڤ و جیهان یان مرۆڤ و شاردا.
پەرستگایەک یان خانەیەکی قوربانی گا لە میزۆپۆتامیادا، جۆرێک لە ڕێکخستنی مرۆیی و کۆمەڵایەتییش بوو کە مانایەکی یەکانگیر و بەهایەکی تۆکمەی دەخوڵقاند، بەڵام بینایەکی دەیان قات لەمڕۆدا یان بورجێکی ڕاقی هێندەی ترس و دڵەڕاوکێ جێدێڵێت ئەوەندە ئارامی درووستناکات. ئارامی بەرەنجامی لێکدانی مانا و بەهایە کە ئەمڕۆ تادێت مرۆڤ لەدەستیدەدات.
هەتا مزگەوتێکی ڕازاوە لەمڕۆدا و لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ناتوانێت بەرگەی ئەو عەدەمییەتە بگرێت کە لە هەموولاوە هەڵیکردووە. نیهیلیزم خۆی پووکانەوەی تەلاری مانا و بەهایە کە سەدان و هەزاران ساڵە لەڕێی کۆمەڵێک سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەلسەفییەوە خراوەتەڕوو، بەڵام زۆرێکیشیان لە ناوەوە کرمەڕێز بوون و ناتوانن هیوا و بەها و مانایەکی تۆکمە ببەخشنە مرۆڤ.
لە تەلارسازیی پێش زاییندا بەگشتی هێمنییەک بەرامبەر ئاسمان هەیە، بەڵام لەمڕۆدا تووڕەییەک لەو پەیوەندییەدا هەیە بیر لە ئاوەدانکردنەوەی هەسارەیەکی تر دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەم نیهیلیزمە زەمینییە هەڵبێین.[1]