ناونیشان: پەیوەندی نێوان ڕاگەیاندن و پەروەردە
ئامادەکار: #ڕەئوف ئالانی#
پەیوەندی ئه و ڕایەڵە و پردو هێلەیە، کە چەند هۆکار دەبنە بەستنەوەی بابەت و تەوەرو خاڵی هاوبەش، بۆ ئەوەی ئامانجێک بەدیبێنێت.
پەروەردە ئه و پرۆسە گرنگەی ژیانە کە هەموو ئایندەی تێدا دەردەکەوێت و ژیانی کۆمەڵگە لەوێوە نەخشەڕێژدەکرێت.
هۆکارێکی گرنگی ئاراستەکردنی تاکەکانە بۆ ئامانجی گەورەی پەروەرده و فێرکردن.
دیارە ئەمەش بەئاسانی بەدینایەت، هەروەک چۆن ئەرستۆی فەیلەسوف دەڵێ : (ڕەگی پەروەردە تاڵە، بەڵام ئەنجامەکەی و بەرهەمەکەی شیرینە)لێرەدا ڕەگ واتە ئاراستەکردن و ماندوو بوون و کاتی پێویست بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی پەروەردە، بەرهەمەکەشی واتە ئامانج و ئایندەی گەش بۆ نیشتمان و گەل.
بۆ زانین و ئاشنا بوون بە ڕاگەیاندن، پێویستە پێناسەیەکی کورتیش بۆ ڕاگەیاندن بکەین، لەکورتترین پێناسەدا، بریتییە لە ڕایەڵی گرنگی پەیوەندی لەنێوان نێرەر(کەناڵ) و وەرگر(خەڵک)کە گەیاندنی هەواڵ و زانیارییە.
پێشتر ڕاگەیاندن بە دەسەڵاتی چوارەم، ناوزەد دەکرا، بەڵام لەئێستادا، بەهۆی کاریگەریەکانی بەسەر هەموو دەسەڵاتەکانی تردا، بە گرنگتر لێی دەڕوانرێت.
لەلایەکیتر ڕاگەیاندن دەبێتە ڕایەڵێکی گرنگ نەک هەر بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەیەک، بەڵکو هۆکارێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن و گەیاندنی پەیام بۆ کۆمەڵگەکانی تر، وەک (ولبرشرام)دەڵێ : ڕاگەیاندن ئه و ئامرازەیە کە لێکگەیشتن لەنێوان کۆمەڵگەکاندا مسۆگەر دەکات، ئەمەش پەیامی گرنگی مرۆڤایەتییە).
لەم ناساندنانەی هەردوو چەمکی پەروەرده و ڕاگەیاندن، چەند خاڵێکی هاوبەش و نزیکیەکی گەورە هەیە کە بۆتە پردی پەیوەندی نێوانیان، ئەوانیش ئەمانەن:(گەیاندن، ئاراستەکردن، خزمەتی مرۆڤایەتی...)
ڕۆڵ و کاریگەری و شێوازەکانی هەریەکێک له و دوو چەمکە(ڕگەیاندن، پەروەردە) بەپێی کات و شوێن و ئاستی گەشەی کۆمەڵایەتی، هەرکۆمەڵگەیەک، گۆڕانی بەسەردا دێت.
لەووڵاتە پێشکەوتوەکاندا، هەردوو بوارەکە، زۆر قۆناغی بڕیوە، واتە کراونەتە دامەزراوەی زانستی و یاسایی، لەوکاتەشدا کێشه و گرفت و ئاریشەکان کەمتر دەبن، کە ڕوو بدەن بە سانایی چارەسەر دەبن، بەڵام له و وڵات و شوێنانەی بەپێی یاساو بنەما ڕێکنەخراون، لەجیاتی ڕۆڵی باش ببینن، کێشه و گرفت بۆ کۆمەڵگە دروست دەکەن، ڕاگەیاندن لە جیهانی پێشکەوتوو بەیاسا ڕێکخراوە، وابەستەی دیسپلین و ئەتەکێتە، دەوڵەت و دامەزراوەکانی تایبەت به و کارە، چاودێری وردی دەکەن، بەتایبەت کاتێ ڕاگەیاندن، بکرێتە هۆکارێک بۆ تێکدانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەی مناڵ و خێزان، پەروەردەش وابەستەی فەلسەفە یەکی دیاریکراوی خۆیەتی و خراوەتە، خزمەتی تاک و خێزان و کۆمەڵگە.
لەکۆمەڵگە دواکەوتووەکان، هەردوو بوارەکە، وەک پێویست ئاراستەنەکراون، نەتوانراوە، بە یاساو ڕێنمایی گونجاو ئاراستە بکرێن، بۆیە زیانی زۆری لە ئامانجە گەورەکەداوە، کە ئاراستەیەکی ڕاست و دروستی زانستی و کۆمەڵایەتیە، لەهەرێمی کوردستاندا، پرۆسەی پەروەردە، بەهۆی بەستنەوەی بە یەکەیەکی گەورەی کارگێڕی ودامەزراوەیەکی حکومڕانی، کەوەزارەتی پەروەردەیە، ئاراستەکەی دەکرێ باشترو چاکتر بکرێت، هەموو ئه و سەرنج و ڕەخنه و بۆچوونانەی لەسەری هەیە، ساڵانە لە ددیبەت و کۆڕو کۆنفرانسەکاندا، ئاماژەیان بۆبکرێت و هەنگاوبنرێت بۆچاککردنیان، ئەوەی بۆتە نیگەرانی و دڵشاردی تائێستا وەک پێویست، ئه و هەموو سەرنج و ڕخنانە بەهەند وەرنەگیراون و کاریان لەسەر نەکراوە، بەهۆی شپرزەیی ئەم سێکتەرە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەبۆتە سێکتەرێک کە لێی بێ هیوا بین، بەڵام هێشتا ڕەخنه و سەرنجەکان زۆرن لەسەر ئەم پرسە گرنگەی ژیان.
لەگەڵ ئەوەشدا کە، هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی تایبەتمەند، جیاوازی لەگەڵ شوێنەکانی تری جیهان هەیە، بۆهەردوو چەمکەکە، بەوهۆیەی پەیوەندی لەگەڵ ناوەند، بەپێی بەندەکانی دەستور جێبەجێ نەکراون، گرفتی بۆ زۆر بوار دروستکردوە، لەوانە پەروەرده و ڕاگەیاندن، ئەوە خاڵی سەرەکی و بنەڕتییە، کە لەوێوە خاڵە لاوازو نەرێنیەکانی ئه و ڕایەڵ و پەیوەندیانەی نێوانیان، دەبینرێن.
لە دۆخێکی وادا، کە میدیا تاڕادەیەک سەربەخۆو دامەزراو نیە، چونکە میدیا تەنها خاوەندارێتیان بۆ لایەنە سیاسیەکان دەگەڕێتەوە، ئەوانیش بەپێی بەرنامه و پلان و ستراتیژی سیاسیان کاردەکەن، بۆیە له و کاتەدا، کە مەبەستیان نەبێت و لە خزمەتی ستراتیژی سیاسیان نەبێت، وەک پێویست کار لەسەر پەروەردە ناکەن، ئەگەر کاریش بکەن، تەواو و پڕ نابێت.
لەگەڵ ئەوەی کاری ڕاگەیاندن و میدیا بەباشی ڕێکنەخراوە، دەیان تۆڕی سەیرو سەمەرەی میدیا هەیە، کە وابەستەی ئیتیک و دیسپلینی ڕاگەیاندن نین، له و کاتەشدا گرفت و کێشەی گەورە بۆ پەروەردەی تاک و خێزان و کۆمەڵگە دروست دەکەن، لەناو کایەی ڕاگەیاندندا، زۆرجار لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن(بینراو، بیستراو، خوێنراو، سۆشیالمیدیا)هەواڵ و بەرنامه و ڕاپۆرت لەسەر سێکتەری پەروەردە، دەکرێن، کەئەمەش هەنگاوێکە بۆ پەیوەندی ئه و دوو چەمکە، بەڵام ئەوە ناکاتە ئەوەی کە وەک پێویست کار لەسەر پەروەردە کرابێت، لەلایەن ڕاگەیاندنەکانەوە. چونکە ئاماژەمان بۆ ستراتیژو خاوەنداریتیان کرد.
چیبکرێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی پەروەرده و ڕاگەیاندن ؟
ئه و بۆشاییەی کە هەیە لە نێوان، ڕاگەیاندن و پەروەردەدا، هۆکار گەلێک هەن، کە دەتوانرێت کاریان لەسەر بکرێت و چارەسەر بکرێن، یەکێک له و بۆشاییانە، نەبوونی میدیایەکی بەهێزی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەکاتی بوونی ئه و میدیایەدا کەلێن و بۆشاییەکە دەتوانرێ پڕبکرێتەوە، ئەگەر بە پلان و نەخشەی باش کار بکرێت، ڕاستە وەزارەتی پەروەردە، تەلەڤزیۆنێکی هەیە، کە کراوەتە ئاسمانی و چەند بەرنامەیەکی پەروەردەیی هەیە، دەکرێت، باشتربکرێت و بخرێتە خزمەتی پەروەردە، ئەویش بە دابینکردنی پێداویستیەکان و دانانی کارمەندی شارەزاو کارامە لە بوارەکانی میدیادا.
ئەم خاڵانە دەبنە فاکتەری بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان پەروەرده و ڕاگەیاندن :
1- گرنگیدان بە بڵاوکراوەی قوتابخانەو خوێندنگەکان و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆیان
2- سازدانی دیبەیت و کۆڕی تایبەت بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پەروەردەکان، بۆ قوڵکردنەوەی گیانی هاوکاری
3- داوەتنامەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنبکرێت، تا هەموو کۆڕوچالاکی و بەرنامە و سیمینارە پەروەردەییەکان پەخش بکەن،
4- دیداری ساڵانەی وەزارەت بۆ چۆنێتی هەڵسەنگاندنی بوارو چالاکیە ڕۆشنبیریەکانی سەرجەم پەروەردەکان و پەخشکردنی لە میدیاکاندا
5 -هەرپەروەردەیەک ساڵانە بۆهەروەرزێکی خوێندن لیژنەی تایبەت پێکبێنێت بۆ سازدانی پێشبڕکێی بوارە ئەدەبی و هونەری و وەرزشیەکان، براوەکان خەڵات بکرێن و لە میدیاکان هەموو چالاکیەکان پەخش بکرێن
6- خولی تایبەت بۆ ئەو مامۆستایانە بکرێتەوە، کە لە قوتابخانەکاندا سەرپەرشتی چالاکیەکان دەکەن
هەرچەندە بۆ چاککردن و ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان، پەروەرده و ڕاگەیاندن، زۆر ئەرک و کاری گرنگ پێویستیان بە پلانی گرنگی زانستی هەیە، بەڵام ناکرێ پشتگوێ بخرێن و بەگرنگ سەیرنەکرێن، چونکە ئەمجۆرە پەیوەندیانە دەبنە هەوێنی بەدیهاتنی کۆمەڵگەیەکی خۆشنوود و کامەران، کە ئازادی و دیمۆکراسی لەئاسۆی دەمکەل، چاوەڕوانی هەڵهاتنن، وەک خۆری کازیوه و سپێدە. [1]