دیداری: ئەرسەلان مەحمود
ناوم ئەڤین عزیز بە (ڕێکپۆش عزیز) ناسراوم لە بواری ڕۆژنامەوانیدا، تا ساڵی 2001 لە سەنتەری ڕاگەیاندن و ڕوناکبیری ژنان بووم لە سلێمانی، ئەوکات ڕۆژنامەی ژیانەوە سەنتەر دەری دەکرد، من گۆشەیەکی تایبەتم هەبوو بە ناوی منی ژن هەروەها چەندین وتارو بابەتم و ڕیپۆرتاجم نوسیوه و ئامادە کردوە، نەک هەر بۆ ژیانەوە بەڵکو بۆ سەرجەم ڕۆژنامه و گۆڤارەکانی تریش، وە لە مانگی دووی 2001 لە سویدم و ئێستا خوێندکاری بەشی جەندەرم لە زانکۆی سۆدێرتۆن لەستۆکۆڵۆم.
پرووشە: لێکۆڵینەوە یان وتارێکی ئێوەم خوێندۆتەوە، زۆر جەخت لە گەرانەوەی کورد دەکەن بۆ ئاینی #ئێزدی#، ئەم هەمو پێداگرتنە بۆ؟ یان پێتان وایە دەکرێ لەسەر بناغەی ئەم دەقانە چ پرۆژەیەکی نەتەوەیی و سیاسی مەزنتر بنرێ بونیاد بنرێ لەوەی ئێستاکە کورد هەیەتی؟
ئەڤین عزیز: بێگومان پاراستن و ڕەچەڵەک و کەلتوری هەر گەلێک و ڕێگەنەدان بە تەفروتوناکردنیان لەلایەن زۆرداران و نەیارانیەوە خزمەتێکە بە ناسنامەی نەتەوەیمان لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ مەسەلەی سیاسی و بەرەوپێشچوونی مەسەلەی نەتەوەیمان، میتۆلۆژیای ئاینی گەلێک بریتیە لە کۆڵەکەیەک لە کۆڵەکانی کەلتوری ئه و گەله و دواجاریش کەلتور یەکێکە له و هۆکارانەی کە گەلێکی پێدەناسرێتەوە، هەموو نەتەوەیەک سەرباری کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونە نووێیەکانی جیهان بیر لە ئەزمونە مێژوویەکانی خۆیان دەکەنەوە، بەڵام ئێمەی کورد نەمان کردووه، بنەمای زۆربەی ناسیونالیزی دنیا لەسەر میتۆلۆژیا دروست بووە، کە ئەم میتۆلۆژیا و کەلەپوورانه لە ڕێی گەشەپێدانی زمانی ئه و نەتەوەیەوە بۆتە بەشێک لە بنەماکانی دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی ئه و وڵاتە. هەروەها زیندوو کردنەوەی میتۆلۆژیاو کەلەپوورو سمبولە مێژوویەکان بە شێوەیەکی گشتی بناغەیەکی سەرەکین بۆ گشت تیۆرەکانی ناسیونالیزم. لێرەدا دەکرێ بپرسین کە ئایا بەبێ ئاینی ئیسلام و جولەکە چۆن دەمانتوانی شوناسی دوو نەتەوەی وەک عەرەب و جوولەکە دیاری بکەین؟ ئایا بەبێ ئەم دوو ئاینە ئه و دوو نەتەوەیە بوونی دەبوو؟
ئاین هەمیشە وەک ناسنامەی زۆرێک لە نەتەوەکانی دنیایە، گەر سەرنج لە میتۆلۆژیای یۆنانیەکان بدەین، دەبینین کە ئەمە تایبەتمەندیەکە بۆ ناسینەوەی نەتەوەی یۆنان، یان ئاینی ڤیکینگەکان لە نوردێنNorden کە سوید یەکێکە له و وڵاتانە دوو مەسەلەی گرێدراوی یەکن، لە ئەوروپا ئاینی زەردەشتی بە میتۆلۆژیای ئێرانیەکان ناسراوە، ئاینی ئێزدیش بە میتۆلۆژی کورد ناسراوە. کەچی ئێمەی کورد خۆمان هیچ لەبارەیەوە نازانین، ئەوروپیەکان زیانیاری زیاتریان هەیە لەسەر ئێمەی کورد تا خۆمان وەک کورد من هەر لێرەش ئاشنایەتیم پەیدا کرد بە میتۆلۆژیای ئاینی کورد. هەرچەندە ئێران ئەمرۆ وڵاتێکی ئیسلامیە بەڵام هەرگیز شوێنەوارو بیروباوەرەکانی زەردەشتیان لەناو نەبرده و وەک ئەوەی کە ئێمەی کوردی نەزان کردومانە، کەعبەی ئێمە مەکە نیە بەڵکو لالشە، دەبێ ئێمە بۆ ڕەچەڵەکی بوونمان بگەرێینەوە کە بوونی کورد لە کوردستانی ئێستادا هاوکاتە لەگەڵ بوونی سۆمەریەکان لە ئێراقی ئێستادا، مانای بەر لەوەی نەتەوەی عەرەب و تورک هەبن ئێمەی کورد هەبووین.
من لە زیندوو کردنەوەی ئەم مەسەلەیە دوو ئامانجم هەیە، یەکێکیان کە ئەوەیە کە ئێمەش وەک نەتەوەکانی دی خاوەنی میتۆلۆژی خۆ بە خۆی خۆمانین و بۆ دەبێ ئەمرۆ ئاینی ئیسلامی عەرەبی ڕاستیەکی ڕەهای کۆمەڵگەکەمان بێ بە ڕادەیەک کە دەسەڵاتی سیاسی و یاسایمانی پێوە گرێ بدەین.؟ ئەوی تریشیان چۆن عەرەب و جولەکه ئاینەکەیان کردۆتە سەرچاوە بۆ دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی ئێمەش بە هەمان شێوە دەتوانێ ئه و ئاین و میتۆلۆژیە خۆمالیانەی خۆی وەک ڕەهەندێکی کەلتووری زیندوو بکاتەوە و بنەمایەکی سیاسی و کەلتوری نوێیی لەسەر دابنێ، بە تایبەتیش کە ئاینی ئێزدی بە تەواوی ئاینێکی سکولارە، چەند جێگەی داخە بۆ ئێمەی کورد بە چەندین ساڵ بەر لە ئەورۆپیەکانیش خاوەنی بیرۆکەی سکولاریزم بوین کەچی هەرگیز نەمان توانیوە لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسی و یاسایماندا سودی لێ وەربگرین، لە ئاینی ئێزدیدا دووو دەسەڵات هەیە یەکێکیان دەسەڵاتی ڕۆحانیە کە تایبەتە بە کاروباری ئاینی کە هەرگیز خۆی لە کاروباری سیاسی و یاسای وڵاتەوە وەرنادات، ئەویتریشیان سەرکردایەتی ئیداری و سیاسیە کە بە پێی ئەقڵی سەردەم دەبێ وڵات بروا بەرێوەت، ئه و دەسەڵاتە سیاسیەی کە ئەمرۆ ئێمە هەمانە زیاد لە پێویست گرێدراوی ئاینی عەرەبی ئیسلامیە، زیادە ڕووی نیە گەر بڵیم گەر کورد ئەم سامانە خۆماڵیەی خۆی بەکار بهێنایە لە مەسەلە سیاسیەکاندا من پێم وایە کورد لە مێژ بوو خاوەنی دەوڵەتی سەر بە خۆی خۆی دەبوو. چونکە کوردی ئێزدی تایبەتمەندی زۆری هەیە لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکا. خوا لە بنەرەتەوە کوردە ئیتر بۆ دەبێ بە عەرەبی قسەی لەگەل بکەین؟!
پروشە: ئەم دوو ئاراستەیەی کە ئێستا لە فێمێنیزمدا دەبینرێ کە یەکێکیان ئامانجی پاراستنی یەکێتی ڕەگەزی و وەک یەکێتیە لە مافدا و ئەوی تریشیان جەخت لە سەر بنەما ئافرەتیەکان دەکاتەوە و دەیەوێ و دەیەوێ کۆمەڵگە تەوەرەکەی ئافرەت بێ ئێوە سەبارەت به و باسە دەڵێن چی؟
ئەڤین عزیز: ڕاستە لە ناو فێمێنیزم دا دوو ئاراستەی وا هەن کە یەکێکێان فێمێنیستی جیاواز و ئەوی تریشیان فێمێنیزمی یەکسانە هەریەکێک لەمانە ڕوانگه و تیۆری خۆی لە پشتەوەیە. وە جێی ئاماژە پێدانیشە کە بۆ نمو نە فێمێنیزمی یەکسان زیاتر ئه و ڕوانگه و بۆچوون و فاکتەرانە لەبەر چاو دەگرێ کە لە کۆمەڵدا هەن سەبارەت بە چەوساندنەوەی ژنان بۆ نموونە مارکسیست فێمێنیستەکان کە سەر بە فێمێنیزمی یەکسانە سەرتاپای پلە دووی ژنان بە بەشداری ژن لە بەرهەم هێناندا دەبێنێتەوە لە کۆمەڵگایەکی بێ چیندا، یان ئەگەر ژن بەشدار بێ لە کاروباری گشتیدا وەک خوێندن و کار ئەوا ژن یەکسان دەبێ، وەک لیبرال فێمێنیستەکان ئاماژەی پێ دەکەن بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە وانیه و مێژوش ئەوەی سەلماندوە.
فێمێنیزمی یەکسان نایەوێ تەنانەت قسە لەسەر جیاوازیە بایۆلۆژیەکانی نێوان ژن و پیاو بکات کە لە ڕاستیدا ئەم جیاوازیانە بە هۆی هەندێ هۆکاری بابەتییەوە لە کۆمەڵگادا بوونەتە هۆی دروست بوونی هەموو ئه و ڕوانگە و بە هایانەی کە لە کۆمەڵدا هەن سەبارەت بە ژن و پیاو من لام وایە کێشەکە ئەوەیە لە لە بنەرەتەوە تیۆری سیاسەت و دەروون ناسی و زانست جیاوازیەکانی نێوان ژن و پیاوی قبوڵ نەکردوە بۆیە دەر ئەنجام ژن و پیاو لە کۆمەڵدا کەوتونەتە ناو پایوەندیەکی دروستکراوی دیکۆتۆمی dikotomi (دابەش بوونی ڕەگەزی پیاو بەسەر پیاوو ژندا، وەک ئەفسانەی دروست بوونی ئادەم و حەوا، کە ئادەم یەکەم جار دروست دەبێ و پاشان ژن لە پەراسوی چەپی ئەو، لە تیۆری سیاسی کلاسکیشدا بەهامان شێوە ژن دەکرێ بە کۆپیەک لە پیاو یان پیاوێکی ناتەواو) وا کە ئەمرۆ حاشا لە بوونی لەش بکرێ وەک ڕاستیەکی ڕەهایی ژیانی ئێمەی مرۆڤ. بەڵام ئەمرۆ لە فێمێنیزم دا مشتمری چەمکێکی تازە هەیە بەناوی Intersktionalitet ئەم چەمکە یارمەتی شتکردنەوەی کێشەکانی ناو کۆمەڵگا دەدات کە مرۆڤ دەبێ لە چەندین ڕوانگەوە بوونی کێشەیەک لە کۆمەڵگەدا ببینێ بۆ نمونە کێشەی ژنان تەنها مەسەلەی چینایەتی نیە یان تەنها کێشەیەکی ڕەگەزی یان سێکسی ڕووت نیە بەڵکو سەرجەم ڕەهەندە کانی ناو ئه و کۆمەڵگایەیە کە ژنی تێدا دەژی.
پرووشە : وێرای توندوتیژی و مەسەلەکانی دیکەی پەیوەست بە چەوساندنەوەی ئافرەتانەوە لە کوردستان زۆریش باس لە پێشکەوتنەکان له و بوارەدا دەکرێ، دەبینین بە دەیان ئافرەت لە پۆستی ئیداری و کارگێری و وەزیر و پەرلەمانتارن، ئێوە بەوە ڕازین؟
ئەڤین عزیز: بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە من ئاماژە دەکەم بە یەکێک له و قۆناغانەی کە داگیرکردنی ژنی پیا تێپەرێوە لە لایەن پیاوەوە کە بە فەلۆکراتیزم ناوزەد دەکرێت، (مانای بەسەروەر ڕاگرتنی چۆک یان گونی پیاو) ئەم قۆناغە پێش دەست پێکردنی پاتریالکال بوو مانای له و کاتەوە دەستی پێ کردوە، کە پیاو هەستی کردوە دەوری چیە لە منداڵ بووندا، له و کاتەوە چۆکی پیاو دەبێتە تەوەرێکی سەرەکی و سەرجەم مەسەلەکانی دیکەی لە دەور دەسورێنەوە بە بوونی ژنیشەوە، وە چۆکی پیاویش دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی چەوساندنەوەی ژنان لە ڕووی سونەتیەوە تۆ سەرنج بدەرە ئه و جنێوانەی کە ئەمرۆ پیاو لە کاتی شەردا بەیەکی دەدات لە کۆمەڵی ئێمەدا، هەموی بە لە چۆکی پیاوەوە دەست پێدەکات بۆ زێی ژن، یان لە ڕووی یاساییەوە هەبوونی فرە ژنی، قەدەغە بوونی لەبار بردنی منداڵی ناخواستە، لێدانی ژنان، نشوز کردنیان ئەمانە هەمووی پاشماوەی قۆناغی فەلۆکراتیزم و بنەرەتی یاساکانیەتی کە لە کۆمەڵی ئێمەدا ماوەتەوە. ئافرەت بێ پیاو لە کۆمەڵی ئێمەدا بوونی نیە، هەتا بەشداری هەبێ لە پۆستی وەزاری و پەرلەمانتاریدا چونکە هەموو پێناسەی بوونی ژنان لە کۆمەڵی ئێمەدا لەمەر چۆک یان گوونی پیاوە یان با بڵێم به و پێیەیە کە چەند لەگەل پیاو دەخەوێ، لەمەڕ ئافرەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا چوار واژە هەیه سەبارەت بە بوونی ئەویش ئەمانەن، کچ، ژن، قەیرەکچ، بێوەژن، کچ ئه و کەسەیە کە هێشتا لەگەل پیاو سێکسی نیە، ژن ئه و کەسەیە کە لە پرۆسەیەکی بەردەوامی سێکسدایە لەگەل پیاو، قەیرە کچ ئه و کەسەیە کەتەمەنی چۆتە سەرەوە بەڵام تا ئێستا پیاوی دەست نەکەوتووە لەگەڵی بخەوێ، بێوەژنیش ئەوەیە کە ئیتر پیاوەکەی نەماوە تا لەگەڵی بخەوێ.
دەکرێ لێرەدا تۆ بە من بڵێی ئه و ئافرەتە سەربەخۆیانە کێن کە بەشداریان هەیە لە پۆستە ئیدار و حکومیەکاندا؟ بۆیە سە ڕئەنجام ئەوەمان بۆ دەر دەکەوێ کە هەندێ لە ژنان لە پەرلەمانی کوردستان فرە ژنی بە سوکایەتی کردن بە خودی ژنان تێناگات، بەڵکو پاساو بۆ چالاکی گونی پیاوان دێننەوە له مەسەلەی سێکسدا خۆیان بەتەواوی دەکەنە ئاوەڵکردار objekt لە پرۆسەی سێکسدا نەک بکەر subjekt. کەواتە ئەمرۆ لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا تەوەری بیری ژنانیش لەدەوری بەرز ڕاگرتنی چۆکی پیاودا دەسورێتەوه دەینا دەرکردنی یاسایەکی لە جۆری فرە ژنی لە کۆمەڵگادا لەلایەن هەندێ لە ژنانەوە هێندە پاساوی بۆ نەدەهێنرایەوە تا ڕەوایەتی پێبدەن، گەر ئێمە بزوتنەوەی ڕاستە قینەی فێمێنیزممان هەبووایە دەبوو بە لۆری لاعابەی ئتۆماتیکی سێکسیان لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان هەڵبرشتایه، چونکە یەکێک لە پاساوەکانی ئەوان بۆ مەسەلەی فرە ژنی ئەوەیە کە ژمارەی ژن زیاترە لە پیاو لە کوردستان گەر پێوانەی ژن بە پێی گونی پیاو بێت ئەوا زۆر لەعابەی سێکسی ئۆتۆماتیکی هەیە کە زۆر له و پیاوانە باشترن بۆ ژن کە باوەریان بە فرە ژنی هەیه، ڕەنگە ژن لەرێی ئە و لەعابەیەوە باشتر بە پلەی ئۆرگاسم بکات تا ئه و پیاوەی ژن دەکاتە کۆیلەی خۆی و لەشێ بەکار دەهێنێ بۆ مەسەلەی سێکس. بۆیە دواجار لە وڵاتێکدا کە ژن خاوەنی لەشی خۆی نەبێ، ئەبێ چۆن ژنی وەزیر و پەرلەمانتارمان هەبێ، من نەک هەر بەمە ڕازی نیم من وەک ئافرەتێک بەڵکو سەد کورسی وا دەخەمە ژێر پێم که من لە پۆستێکی ئیداریا یان پەرلەمان بم بەڵام هەموو پێوانەی بوونی من وەک ئافرەت لەمەڕ یاساکانی فەلۆکراتیزم بێت.
پرووشە: ئایا ئێوە له و بروایەدان کە کلیلی هەموو پەیوەندیە ئینسانیەکان لە لەپەیوەندیە سێکسیەکاندا بدۆزینەوە؟ ئەوەی لە نێوان ئافرەت و پیاوێکدا ڕوودەدات دەکرێ وەک وێناو ئاوێنەکردنی کۆی پەیوەندیە ئینسانیەکان سەیر بکرێ؟
ئەڤین عزیز: دەتوانم بڵێم مەسەلەی سێکس تەوەرێکی گرنگی ژیانی مرۆڤە، کێشەکە ئەوەیە هەموو مرۆڤەکان خوازیاری مومارەسەی سێکس هەن بەڵام کاتێ کە دێیتە سەر قسە لەسەر کردنی بەشێوەیەکی کراوە لە کۆمەڵی ئێمەدا ئەوا ڕووبەرووی بە گژدا چوونەوە دەبیتەوە بە شتێکی تایبەتی دێننە ئاژمار، من خۆم وەک کەسێکی فێمێنیست زۆر باوەرم به و وتەیەی ڕادیکاڵ فێمینیستەکان هەیه کە دەڵێ ئەوەی تایبەتیە سیاسیە و پێدادەگرن لەسەر ئەوەی گەر بمانەوێ کۆمەڵگاکەمان یەکسان بێ دەبێ لە ژووری نوستنەکانەوە دەست بکەینه دیموکراتیسێراکردنی کۆمەڵگا. دەبێ ئێمە بزانین چی لەسەر سیسەمەکانی ژووری نوستن ڕوودەدات وە کێ بریاری ئەوە دەدات لەوێ کە سێکس چۆن بێت و کێش بریارەکان بەجێ دێنێ. چونکە ناکرێ مرۆڤەکان تەنها لەسەر سیسەمەکان یەکیان خۆشبووێ و لەوێ بەناو یەکسانی هەبێ بەڵام هەر کە لە ژۆری نوستن هاتنە دەر، پەیوەندیەکان شێوازێکی دیکە بە خۆوە بگرن.
ئەوەی کە لە کۆمەڵی ئێمەدا هەیە بە ناوی خۆشەویستیەوە ئامانج لێی تەنها سێکسە و ئامانجیش لە سێکس بەرهەمهێنانی منداڵە، بۆیە دواجار ژن له و پرۆسەیەدا تەنها کێلگەی تۆوی پیاوە هیچ خواست ئارەزویەکی لەبەر چاو ناگیرێ، زۆر جار لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕوانگەی پیاو لەسەر ژن ئەوەیە کە نا ی ژن بۆ سێکس لای پیاو بە بەڵێ بۆ سێکس لێکدەدرێتەوە، چونکە بێدەنگی بەردەوامی ژن لە مەسەلەی سێکسدا ئه و ڕوانگەیەی لای پیاو بەرهەم هێناوە کە ژن حەز بە سێکس دەکات بەڵام ڕووی نایەت قسە بکات بۆیە گەر ژن خوازیاری سێکس نەبێ، پیاو وای تێدەگات کە شەرم دەکات. دوای ئەوەش مەسەلەی سێکس پەیوەندیەکی مرۆیەیە و مەرج نیە لە نێوان ژن و پیاوێکدا بێ heterosexualitet. ئەمرۆ پەیوەندیە سێکسیەکانی نێوان ژن و ژن Lesbisk پیاو و پیاو homosexuell هێندەی مەسەلەی هێترۆ سێکسوالیتت گرنگە، وە یا ڕەنگە بۆ هەندێ کەس مەسەلەی سێکس تەنهاannoni لە ڕێی عادەی سریەوە بە ئۆرگاسم بگات، ڕەنگە ئەمە ڕاستیەکی ڕەهای کۆمەڵگەی ئێمە بێ کە مەسەلەی سێکس تەنها بە ژنێک و پیاوەێکەوە دەبەستن. کە ئەمە هێترۆنۆرماتی heteronorm پێ دەڵێن مانای هەموو مرۆڤەکانی کۆمەڵگە بە زۆر و ئیجباری پەیوەندیە سێکسیەکانیان دەبێ لە نێوان ژن و پیاوێکدا بێت کە لە ڕاستیدا ئەمە ڕوانگەیەکی دیکاتۆریانەیە لە مەسەلەی سێکسدا.
پرووشە: بەڵام دەشگوترێ نهێنی کەسێتی هەر کەسێک لە هەڵسوکەوتی سێکسی دا ئاشکرا دەبێ ؟
ئەڤین عزیز: من پێم وایە ئه و قسەیەی تۆ ڕاستیەکی زۆر تێدایە، بەڵام بۆ ئێمەی کورد زۆر زەحمەتە بزانین چی له و دیو درگای ژۆری نوستنەکانەوە ڕوودەدات لەبەر ئەوە ژن و پیاو بە ئاشکرا ناتوانن باس لە گرفتە سێکسیەکانیان بکەن بە شێوەیەکی کراوە لە کۆمەڵدا، تۆ باش دەزانی تەنها کەسێک کە لە کۆمەڵی ئێمەدا خوازیاری سێکس بێت پیاوه و ژن بە پێی ئه و نۆرمەی کۆمەڵگە خۆی لەم پرۆسەیە دەدزێتەوە یان ژن خوازیاری سێکس نیە لە کاتێکا ژنی ئەورۆپی گەر بە پلەی ئۆرگاسم نەگات لەگەڵ هاوسەر یان هاورێکەی جگە لەوەی کە ڕاوێژ بە پسپۆرانی سێکس و دکتۆرەکان دەکات بە دەیان لەعابەی سێکسیش تاقی دەکەنەوە بۆ ڕاهێنانی لەشی خۆی بۆ گەشتن بە پلەی ئۆرگاسم، کە بێگۆمان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پیاوەکەی یان هاورێکەی یارمەتی دەریەتی. کردنی عادەی سری بۆ ژنان زۆر باشە چونکە لایەنی سێکسیان بەهێز دەکات بەڵام بە پێچەوانەوە ئەمە بە شتێکی خراپ و گوناح لە کۆمەڵی ئێمەدا لێکدەدرێتەوە، تۆ دەزانی گەشتن بە پلەی ئۆرگاسم ئێستا بۆ مرۆڤ وەک دەرمان یان چارەسەر بەکار دەهێنرێ بەتایبەت ئه و ژنانەی کە بە ژانی منداڵ بوونەوەن لێرە دکتۆر پێشنیاری عادەی سریان پێدەدات چونکە هەم ڕەحمیان دەکرێتەوه و هەمیش ژەنەکانیان هێواش دەبێتەوە، یان ئه و کچانەی کە لە سوری مانگانەدان و ئازاریان هەیە کردنی عادەی سری ئازارەکەیان ناهێڵێ.
پرووشە: ئێوە لە دوا وتارتان لە دەنگەکان سەبارەت بە فرە ژنی واتێگەشتم کە بتانەوێ بڵێن پیاوی کورد غەریزە سێکسیەکانی بەتەواوی زاڵە بەسەر ئاوەزیدا، ئێوە ئه و گشتاندنە بە دەربرینێکی زۆر شمولی نازانن؟ باشە ئەگەر وایە هۆکارەکان چین؟
ئەڤین عزیز: نەخێر من نامەوێ ئەوە بڵێم، من لەویادا ئاماژە دەکەم بە بەشێک له و کۆرشەی کە لە زانکۆ خوێندومانە سەبارەت بە مێژووی سێکس و ڕەگەزو ڕوانگەی کەمە نەتەوایەتیەکان سەبارەت بەم مەسەلەیە، جێندەر تەنها بەشێکە کە تیشک دەخاتە سەر مەسەلەی ڕەگەز و سێکس و ڕوانگەی کەمە نەتەوایەتیەکان، من لەویادا ئاماژەیەک دەکەم به و تیۆریەی کە ڕۆژ ئاوایەکان هەیانە سەبارەت بە پیاوی لای ئێمه. کە هەمیشە پیاوی ڕۆژئاوای خۆی بە بنەمای هەموو پەیوەندیە مرۆیی و ئاوەزیەکان دادەنێ و پیاوانی ڕۆژهەڵاتیش باگراوەند و نائاوەزی دێننە ئاژمار، پیاوی ئەوروپی خۆی بە بکەر subjekt دادەنێ و پیاوی لای ئێمە بە objekt، پیاوی ئەوروپی خۆی بە بوونەوەرێکی کۆنترۆل بار دەزانێ.
بەڵام پیاوی لای ئێمە بە بونەوەرێکی بێکۆنترۆلی ئاژەل ئاسای غەریزی، وە لەویادا من پرسیارم ئەوەیە کە ئایا فرە ژنی یەکێک نیە له و بەڵگانە بۆ پیاوی ڕۆژئاوای کە پیاوی لای ئێمە تا کانارەکانی پلەی ئاژەڵیی و غەریزەی ببا؟ بێگۆمان با چونکە مەسەلەی فرە ژنی نا چێتە خانەی پەیوەندیە مرۆییە یەکسانەکان، بەڵکو ژیانێکی بەربەری غابەییە، کۆیلەداریە، پیاو یان ژن دەتوانن چەندین جار لایاک جیاببنەوە و دیسانەوە ژیانی پێکەوەیی دروست بکەنەوە بەڵام ناکرێ لە یەک کاتدا پیاو دوو ژنی هەبێ و هەر شەوە لای یەکێکیان بخەوێ، کەواتە ئه و پیاوانەی کە باوەریان بە فرە ژنی هەیە دەچنە خانەی ئه و بۆچونەی ڕۆژئاوایەکان کە بەتەواوی غەریزین و فریان بە سەر پەیوەندیە مرۆیەکانەوە نیە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ تیۆریەکی ڕاستەقینەی ڕەها ننیە، هەمووشتێ ڕێژەییە لە کوردیشدا پیاوی وامان هەیە کە مرۆیانە لە ژیان بروانێ و باوەری بە پەیوەندیە مرۆیەکان هەبێ بەڵام من زۆر ڕاشکاوانە پێت بڵێم ئه و پیاوەی باوەری بە کۆیلەکردنی ژنان و فرە ژنی هەبێ لای من دەچێتە خانەی ئاژەڵانەوە و لەویادا لەگەڵ ئه و تیۆریەی ڕۆژئاوایەکان کۆک دەبم سەبارەت بە جۆری ئەم پیاوانه. [1]