خۆزگە دەمزانی لە تارانێ نەجاتم کەی دەبێ
کۆیی یارە مەشهەدم یا مەدفەنم هەر ڕەی دەبێ
تەییی ئەرزم بۆ نەکا تا ڕۆحی شاهی نەقشبەند
کەی بە پێی پڕ ئابڵەم وادیی فیراقت تەی دەبێ
هەر کەسێ زانیی لە سۆزی ناڵە حاڵی دەردی دڵ
مەتڵەبی نابێ هەموو حاڵی لە فەحوای نەی دەبێ
نێشی حەییەی زوڵفی لەیلا ڕاستە مەجنوونکوش بووە
خۆ گەزیدەی ماری وا قەت نامرێ هەر حەی دەبێ
عەیشی وەسڵم بردە سەر ئەندووهی هیجریش سەردەچێ
مەوسیمی ئوردیبیهیشتم دی دەمێکیش دەی دەبێ
بۆ تەلیسمی ڕوو برۆ شەمشێری ڕووتە ڕاست و چەپ
تا دەگاتە گەنجی حوسنت پەیکی فیکرم پەی دەبێ
گەر بە حوججەت بێ ڕوخم سابیت دەکا سیدقی زەمیر
مایلی سیبی ڕوخت ڕەنگی بە میسلی بەی دەبێ
من لە نەشئەی جامی لەعلت مەحشەریش نایێمە هۆش
جامی وا سالم لە دەورا قسمەتی جەم کەی دەبێ؟ [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#