یەکێک لە دۆزراوە و دەستکەوتە گرنگەکانی مێژووی کورد، دۆزینەوەی 51 پارچە خشتی نەخشێنراوی سوورکراوەی #گردی قاڵایچی#یە کە میژوویان بۆ سەردەمی #ماناییەکان# دەگەڕێتەوە.
چیرۆکی دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەم خشتانە بۆ ئێران بۆ ساڵانی زوو دەگەڕێتەوە کە بەپێی زانیارییەک کە ڕۆژنامەی هونەر بڵاوی کردووەتەوە و باس لەوە دەکرێت زیاتر لە 40 ساڵ لەمەوبەر دزراوە و بە قاچاخ براوەتە دەرەوەی وڵات و سەرەنجام لەناو کۆگایەک لە سویسرا دۆزراونەتەوە و پێش ئەوەی کەسێکی ئێرانی کە خۆی بە خاوەنیان زانیوە بیفرۆشێت، دۆزراونەتەوە و گەڕێندرانەوە.
لە ئێستادا ئەم خشتانە لە ئێرانن و بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەمشەهری ئانلاین_ی ئێران، 51 خشتی نەخشێندراوی ئاسەواری تەپەی قەڵایچیی #بۆکان# کە هی سەردەمی ماناییەکانە و پێشینەکەی بۆ دوو هەزار و 700 ساڵی پێش زایین دەگەڕێتەوە، پاش ساڵانێک دۆزرایەوە و لە شاری تاران و بۆکان نمایش دەکرێن.
جان کرتیس، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆزەخانەی بەریتانیا کە هاوکات شوێنەوارەکانی ئێرانیشی لەبەردەستە، دەڵێت، دۆزرانەوە ئەو 51 خشتە نەخشێندراوە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناساندن و بایەخی شارستانیەتی سەردەمی ماناییەکان لە ناوچەی بۆکان هەیە.
تەپەی قەڵایچیی بۆکان، شوێنەوارێکی کۆن و دێرینە و هی سەردەمی ماناییەکانە کە وەک پایتەختی ئەم دەسەڵاتدارییە دەناسرێت.
ئەم گردە شوێنەوارییە گرنگە کە دەکەوێتە شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوەڕاستی دەیەی 1970 لە کاتی کێڵانی زەویوزار لەلایەن جووتیارێکەوە پارچە شوێنەوارییەکانی دۆزرانەوە، کە لەسەر خشتەکان نەخش و نیگاری وەک شێر، گای باڵدار بە شێوەی سەری مرۆڤ، باڵندەی ڕاو و نەخشی ئەفسانەیی و کەڵ و ئاژەڵانی دیکەیان لەسەر هەڵکۆڵراوە وکە زۆر جێگەی سەرنجن و ئەمەش دەری دەخات کە دانیشتوانی تەپەی قەڵایچیی بۆکان لە دوو هەزار و 700 ساڵ لەمەوبەرەوە کەسانێکی شارەزا و هونەرمەندی دەستڕەنگین بوون.
پێشانگە و پیشاندانی ئەو کۆمەڵە خشتە نەخشێندراوە سەرەتا لە مۆزەی حەقیقی لە بۆکان (ماڵی مامۆستا عەباس حەقیقی شاعیر لە بۆکان ئێستا کراوەتە مۆزەخانە) و پاشان لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئیران لە تاران پێشان دەدرێن.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]