ئا: بارام سوبحی
ماوەی سەدەیەک زیاترە سەرکرده و سیاسەتمەدارانی کورد بۆ وەرگرتنی مافی چارەنوس لەدەرگای ئەمریکا دەدەن، بەڵام بەردەوام ئەمریکا یەک وەڵامی هەبوە: ئێمە لەگەڵ یەکپارچەپی ئه و دەوڵەتانەین کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، سیایەتمەدارێکی کوردیش دەڵێت: ئەمریکا قەد وەکو نەتەوەیەک حیسابی بۆ کورد نەکردوە.
کتێبی کوردو کوردستان لەبەڵگەنامە نهێنیەکانی ئەمریکادا، لەئامادەکردنی پرۆفیسۆر لوقمان محۆو وەرگێڕانی وریا ڕەحمانیە، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژهەڵات لەدوتوێی چوار بەرگدا بڵاویکردۆتەوە. د. محۆ کوردی لوبنانه و ئێستا مامۆستای بەشی زانستە سیاسیەکانە لەزانکۆی ئیندیانا لەئەمریکا.
ئەم کتێبە چوار بەرگیە کە زیاتر لەهەزار لاپەڕەیە، باس لەبارودۆخی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان دەکات، تیایدا بەوردی هەڵوێستی بەرژەوەندیخوازانەی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوه و بەرگری، لەگەڵ هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی دەیان ئەندامی ئەنجومەنەکانی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا دەرهەق بەکێشەی کورد خراوەتەڕو.
پەیوەندییەکانی کوردو ئەمریکا
لەپێشەکی ئەم کتێبەدا، پرۆفیسۆر مایکڵ گەنتەر ڕونیکردۆتەوە، پەیوەندییەکانی کوردو ئەمریکا بەچوار قۆناغدا ڕۆیشتون. قۆناغی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕاگەیاندنی ڕاگەیەنراوە چواردەخاڵیەکەی ودرۆ وڵسنی سەرۆکی ئەمریکا، کە لەخاڵی (12) بەڵێنی خودموختاری بەنەتەوەکانی سنوری ئیمپراتۆری عوسمانی دا، بەڵام ئەم بەڵێنەی لەهەمبەر کورد نەبردە سەرو کورد کرایە قوربانی بەرژەوەندی زلهێزانی ئەوکات.
قۆناغی دوەم دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردو، کاتێک مەلا مستەفای بارزانی ڕێبەری شۆڕشی ئەیلول، لەڕێگەی شای ئێرانەوە توانی فشار بخاتە سەر ئەمریکا، تاوەکو کۆمەکی بزاڤی چەکداری کورد بکرێت، بەڵام لەساڵی (1975) و لەدەرەنجامی ڕێکەوتنامەی جەزائیر، ئەمریکا کوردی کردەوە قۆچی قوربانی.
بەبۆچونی گەنتەر، قۆناغی سێیەم لەدوای ڕاپەڕین و کۆڕەوی بەهاری (1991) دەست پێدەکات، کە ئەمریکا ناوچەی ئارامی بۆ کوردەکانی عێراق دروستکرد، قۆناغی چوارەمیش دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسە لەساڵی (2003)، کە بەفەرمی کوردستان بوە هەرێمێکی فیدراڵ لەعێراقدا.
گەنتەر، ڕاشکاوانە دەنوسێت: کێشەی کورد پێگەیەکی ئەوتۆی لەئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاو ڕەوتی بەدیموکراسیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە... لەڕاستیدا ئێستاش ئەمریکا هیچ ستراتیژیەتێکی تۆکمەی بۆ کورد وەکو نەتەوەیەک نییە، چونکە ئه و وڵاتانە کە کورد تیایاندا دەژی (تورکیا، عێراق، ئێران، سوریا) بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا گرنگترن... ئەمریکا بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی لەسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مافی مرۆڤ، ئەوەی قبوڵ کردوە کە بەرپرسیارە بەرانبەر ئەوەی کوردەکان تاڕادەیەک بپارێزێت... ئەمریکا دژی سەربەخۆیی کوردەکانی عێراقە، چونکە هەستدەکات دەبێتە هۆی لەناوچونی عێراق و ناسەقامگیربونی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.
هیواکانی چۆمسکی و سەرنجەکانی د.مەحمود
سیاسەتمەداری کورد، د.مەحمود عوسمان کە لەساڵانی حەفتاکاندا بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا، بەنوێنەرایەتی بارزانی چۆتە ئەمریکا، لەپێشەکی ئەم کتێبەدا نوسیویەتی: حکومەتی ئەمریکا قەد وەکو نەتەوەیەک حیسابی بۆ کورد نەکردوە، بەردەوام دژایەتی کوردەکانی تورکیای کردوە، قەد گرنگی بەکوردەکانی ئێران و سوریا نەداوە...ئەمریکا قەد نەیویستوە تێکەڵاوی کێشەی کورد بێت، هەمیشه و ئێستاش هەر بەکێشەیەکی ناوخۆیی دەزانێت.
یەکێکی دیکە له و کەسانەی پێشەکی بۆ ئەم کتێبە نوسیوە، بیرمەندی ئەمریکی نوام چۆمسکیە، دەڵێت: مەسەلەی کورد بەگشتی و کوردەکانی تورکیا بەتایبەتی، یەکێ له و مەسەلانەیە کە جێگەی لەدڵمدایە.. هیوادارم کوردستانێکی خودموختار دابمەزرێت کە هەمو کوردەکانی ناوچەکە کە دەیان ملیۆن کەس دەبن، تێیدا بگەن بەمافی خۆ بەڕێوەبردن و سەربەخۆیی کولتوری خۆیان بەدەستبهێنن.
ئامادەکاری کتێبەکەش دەڵێت: کوردەکان قەد فێری ئەوە نەبونە خۆیان نەکەن بەداردەستی بەرژەوەندی زلهێزەکان، بەردەوام بەحوکمی جیۆپۆلەتیکەکەیان بونەتە قوربانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی.
کورد لەتەمموزەوە بۆ ئەیلول
بەشی یەکەمی بەرگی یەکەمی کتێبەکە، تایبەتە بەبەڵگەنامەکانی ئەمریکا لەبارەی دۆخی عێراق و بزوتنەوەی نەتەوەیی کوردستانی عێراق لەماوەی ساڵانی (1958 - 1972). لەم بەشەدا زیاتر لەچل بەڵگەنامە لەبارەی سەرەتای شۆڕشی چواردەی تەمموزو دۆخی سیاسی ئەوکاته و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتان و هەڵسەنگاندنی ئەمریکا بۆ سەرکردەکانی شۆڕش و پەیوەندییەکانی ئەمریکا کراوە.
لە بروسکەیەکی باڵێوزخانەی ئەمریکا لەعێراق کە لە(14/ تەمموز/1958) ڕەوانەی وەزارەتی دەرەوە کراوە، لەبارەی سەرکردەکانی شۆڕشی چواردەی تەمموزەوە دەڵێت: ئەم دەوڵەتە بەداخەوە پیاوی بەئەزمونی تێدانییە، کە بتوانێ کاری هەستیاری بەڕێوەبردنی دەوڵەت ڕاپەڕێنێت.
لەبەڵگەنامەیەکی دیکەدا کە مێژوەکەی بۆ (20/9/1962) دەگەڕێتەوە، باس لەوەدەکات بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی لەبەغدا بەئاگاداری بارزانی، بەنهێنی سەردانی باڵیوزخانەی ئەمریکای کردوه و داوای پشتیوانی ئەمریکاو پارەی بۆ شۆڕشەکەیان کردوە. ئه و بەرپرسە وتویەتی: نامانەوێت هەمو پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سۆڤیەت بڕوخێنین، هەتا دڵنیا نەبین ئەمریکا پشتیوانی لەشۆڕشەکەمان دەکات. هەروەها وتویەتی: داوای هاوکاریمان لەکوەیت کردوە بەڵام لەسەر داوای بەریتانیا ڕەتیانکردۆتەوە هاوکاریمان بکەن. لەلایەن خۆیەوە ئیسرائیل پێشنیاری کردوە یارمەتی کوردەکان بدات لەئەورویا، بەڵام ئێمە ڕەتمانکردۆتەوە لەترسی ئەوەی ئیسرائیل ئه و زانیاریانە ئاشکرا بکات و زیان بەناوبانگی بزوتنەوەی کوردی لەناو وڵاتانی عەرەبی بکەوێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبروسکەیەکدا لە(2/5/1963) ڕایدەگەیەنێت: ئەمریکا کێشەی کورد بەمەسەلەیەکی بەتەواوی ناوخۆیی عێراق دەزانێت، نایەوێت هیچ دەورێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی تێدا ببینێت. لەبروسکەیەکی دیکەدا، وەزارەت لە(5/4/1963) ئاشکرای دەکات: ئەمریکا دەرک بەئامانجە ڕەواکانی کورد دەکات لەناو دەوڵەتی عێراقدا و هاوخەمی ئەم ئامانجانەیە، بەم بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەوە نادات ئەم هاوخەمیە کاربکاتە سەر ئاوەژوبونی پەیوەندییە زۆر نزیکەکانمان لەگەڵ ڕژێمی نوێی عێراق.
دوای ئەوەی بەعسیەکان دەسەڵاتی عێراق بەدەستەوە دەگرن، جۆن فۆستەر کارمەندی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لەیاداشتێکدا بۆ یارمەتیدەری تایبەتی سەرۆک کۆمار، لە(22/7/1968)، دەنوسێت: ئەگەر ناچاربین لەگەڵ دەوڵەتی عێراق مامەڵە بکەین، دەوڵەتێکی بەعسی باشترین دەوڵەتێکە کە دەتوانین چاوەڕوانی بین.
کورد لەئەنجومەنەکانی ئەمریکا
بەشی دوەمی بەرگی یەکەم تایبەتە بەلێدوان و وتەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا، دەربارەی کێشەی کورد لەماوەی ساڵانی (1973- 2000). لەم بەشەدا (25) لێدوانی ئه و کەسانەی تێدایە لەبارەی پێدانی چەکی کیمیایی لەلایەن سۆڤیەتەوە بەعێراق و ترسی کورد لەوبارەیەوە، تێکهەڵچونەکانی نێوان کوردو حکومەتی عێراق، دۆخی کورد لەشەڕی ئێران و عێراقدا، پەلاماری کیمیایی بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان بەتایبەتی کیمیابارانی هەڵەبجە. دواتر شەڕی کوەیت و ئاوارەبونی کورد.
نوێنەری ویلایەتی نیویۆرک مستەر کۆچ لە(17/4/1975) دەڵێت: کوردەکان ئەوەندە جورئەت و جەسارەتیان هەیە داکۆکی لەئازادی خۆیان بکەن.. چەندە شەرمە بۆ شارستانیەت ئەوانەی کە دەست نابەن بۆ تیرۆریزم توشی کارەسات دەبن، بەڵام ئەوانەی کە دەستی بۆ ئەبەن بەفەرمی دەناسرێن.
کوەیت و کۆڕەو، خاڵی وەرچەرخان
لەبەرگی دوەمی کتێبەکەدا، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا، ستایشی هەڵوێستی وڵاتەکەیان دەکەن کە کوەیتی ڕزگار کردوە، بەڵام بەتوندی ڕەخنە لەوەدەگرن کە ئەمریکا پشتی کردۆتە ڕاپەڕینی کوردان و شیعەکانی عێراق، ئەمە جگەلەوەی لەکاتی کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستاندا، ئەمریکا وەکو پێویست بەهانای کوردانەوە نەهاتوە.
لەوبارەیەوە ئەندامی ئەنجومەنی پیران لیهەی دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت نەبی بەقوربانی سەدام حسەین، دەبێ بیری نەوتت هەبێت، دەبێ کوێتی بیت نەک کورد. لە(9/4/1991) جۆزیف لیبرمانی ئەندامی ئەنجومەنی پیران دەڵێت: شتێک کە ئێمە لەسەدام فێربوین ئەوەیە سەدام ڕێز لەهیچ شتێک ناگرێت، مەگەر ئەوە کە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لێ بکەیت، یان هەر بەکردەوە هێزی سەربازی لەدژی بەکاربهێنیت.
لە (11/4/1991) ئەندامی ئەنجومەنی پیران دیکۆنسینی: لە(15/2) لەبنکەی سیستمی موشەکی ڕایتۆن، سەرۆک بۆش داوای لەسوپاو خەڵکی عێراق کرد کۆنترۆڵی شتەکان بگرنە دەست و سەدام حوسەینی دیکتاتۆر ناچار بکەن بچێتە لاوە، بەڵام کاتێک خەڵکی عێراق وەڵامی داواکارییەکەی ئەویان دایەوە، سەرۆک بۆش وەک سەرۆک ڕۆناڵد ڕەیگان لەکۆپتەرێک هاتەدەرو وەک کەڕەکان دەستی گرت بەگوێیەوه و وتی بەڵێ، نابیسم چی دەڵێن... هەروەها دەڵێت: لەکاتێکدا کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە ڕازیبون بەیارمەتیدانی ئاوارەکان، بەداخەوە دەوڵەتی تورکیا نەیهێشت ئه و یارمەتیه و یارمەتییە نێونەتەوەییەکانی دیکە لەنێوان ئاوارەکاندا دابەش بکرێت.
لە (11/4/1991) لڤینی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: حکومەتی ئەمریکا بەبۆنەی نیگەرانییەکانی عەرەبستانی سعودی، ڕاپەڕیوانی باکورو باشوری عێراقی بەتەنها هێشتەوه و ئەوان بونە قوربانی سەدام.
پارلەمان و حکومەتی کوردی
بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکانی بەرگی دوەم، تایبەتە بەیەکەم هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لەساڵی (1992). لە(21/گوڵان/1992) بیلبرەی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: بۆ یەکەمجار لەمێژوی گەلی کورد هەڵبژاردنێکی ئازاد لەکوردستان بەڕێوەچو. ئەم هەڵبژاردنە ئه و ڕاستیەی سەلماند کوردەکان دەتوانن ئیدارەیەکی چڕوپڕ لەچوارچێوەی ناوچەیەکی خاوەن ئۆتۆنۆمی بەڕێوەببەن، کە تێیدا کوردەکان لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی دیکتاتۆری دڕندەی عێراق سەدام حوسەین خۆیان بپارێزن.
بەشێکی دیکەی ئەم کتێبە تایبەتە بەباسی شەڕی ناوخۆو هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ناوبژی و پاشان بەدرێژی باس لەروداوی (31/ئاب/1996) کراوە. پاشان باس لەوە کراوە کە چەند ئەندامێکی هەردو ئەنجومەن هەوڵیانداوه و داوای دادگایکردنی سەدامیان لەدادگایەکی نێودەوڵەتی کردوە.
لە (14/11/1997) پرۆتەری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: ئه و دەوڵەتانە تیرۆریستن کە کوردەکان سەرکوت دەکەن، ئه و دەوڵەتانە تیرۆریستن کە مافە سەرەتاییەکانی کوردەکان زەوت دەکەن و لەناو کۆمەڵگای خۆیاندا ڕێزیان لێناگرن، هەر ڕۆژ خۆیان و منداڵەکانیان دەکوژن و هەوڵدەدەن کوردەکان لەکۆمەڵگای خۆیاندا دەربکەن، تیرۆریستی ڕاستەقینە ئەم دەوڵەتانەن.
کاتێک لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لە(16/4/1991) لەجۆرج بۆشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا دەپرسن: کوردەکان دەڵێن کوردستانێکی سەربەخۆیان دەوێت، بۆ دەبێ کوردەکان ئەم کوردستانە سەربەخۆیانە نەبێ ؟ لەوەڵامدا دەڵێت: ئامانجی ئەمریکا ئەوە نەبوە عێراق پارچە پارچه و ناسەقامگیربێت، ئەمە هەڵوێستی ئێمه و هێزە هاوپەیمانەکانمانە.
شای ئێران و قازی محەمەد
بەشێکی زۆری بەڵگەنامەکانی بەرگی سێیەم، تایبەتە بەکوردستانی تورکیاو ئێران لەبەڵگەنامە نهێنەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا. کە تیایدا باس لەبارودۆخی ئێران و ڕۆڵی سۆڤیەت لەئێراندا دەکات. لەبروسکەیەکی نهێنی باڵێوزی ئەمریکا لەئێران کە لە(8/11/1946) بۆ وەزارەتی دەرەوەی ناردوە دەڵێت: قازی محەمەد بەتوندی دژی کۆمۆنیزمە و لەسۆڤیەت دڵساردە، چونکە سۆڤیەت ئه و پێداویستیانەی بۆ دابین نەکردوە کە بەڵێنی پێدابو.
لەبەڵگەنامەیەکی دیکە ئاماژە بەوەکراوە، کاتێک شای ئێران لەگەڵ ئایزنهاوەری سەرۆکی ئەمریکا لە(30/6/1958)، کۆبۆتەوە، ڕایگەیاندوە: ئەگەر کەسێک بتوانێ ئێران کۆنترۆڵ بکات، دەتوانێ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنترۆڵ بکات.
کوردو ئایندەی تورکیا
هەر لەم بەرگەدا، باس لەکوردستانی تورکیاو ئێران لەئەجێندای کۆنگرێسدا کراوە. تیایدا وتەی ئەندامانی کۆنگرێس لەبارەی ڕەوشی کوردان له و وڵاتانە لەماوەی ساڵانی (1979 – 1996) خراوەتەڕو. بەشی زۆری لێدوانەکانیش، دەربڕینی نیگەرانیە لەکۆمەکە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ تورکیاو پشتگوێخستنی ڕەوشی مافی کوردان له و وڵاتە، ئەمە جگەلە بەندکردنی هەر چوار پارلەمانتاری کورد لەیلا زاناو خەتیب دیجله و ئورهان دۆغان و سەلیم ساداک، سەرباری لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی عێراق.
لەوبارەیەوە ستینی هۆیەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە(20/1/1995) دەڵێت: تورکیا پێنج قاتی ئه و پارەیەی کە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەی ئاوی گاپ خەرج دەکات، بۆ شەڕ لەگەڵ پەکەکە خەرجی دەکات... هەروەها دەڵێت: هەتا کاتێک ڕێبەرانی تورک دەنگی گوللە کپ نەکەن و بەشوێن ڕێگاچارەی ئاشتیخوازانەدا نەگەڕێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، ناتوانین هیچ هیوایەکمان بەئاشتی، خۆشبەختی یا دیموکراسی لەتورکیادا هەبێ. ئەم پێشبینیە دڵتەنکەرە بۆ داهاتوی تورکیا، کە دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکایە و هیچ تاکێک لەوڵاتی ئێمە خۆشحاڵ ناکات.
لە (25/1/1996) کۆیستۆڤەر سمیت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: لەسەدەی ڕابردودا 28 ڕاپەڕینی کورد لەتورکیا ڕویداوە، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردودا هێزەکانی ئاسایش زیاتر لە(2650) گوندیان لەباشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا چۆڵ یا کاولکردوه و زیاتر لەسێ ملیۆن کەسیان ئاوارەکردوە. هەروەها دەڵێت: ئەگەر ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا پێشبخەین، سیاسەتمەدارانی ئێمە نابێت درێژە به و سیاسەتە بدەن کە مافی مرۆڤ بکەن بەقوربانی بەرژەوەندییە ئابوری و ستراتیژییەکان.
ئازادکردنی زاناو ڕفاندنی ئۆجەلان
لەبەرگی چوارەمدا، هەوڵەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا بۆ ئازادکردنی لەیلا زاناو هاوەڵەکانی بەوردی باسکراوە، ڕوداوی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لەلایەن هەواڵگری تورکیا بەهاوکاری هەواڵگری ئەمریکا بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکانی گرتۆتەوە.
خاتو ئیلیزابیت فۆرس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە(8/11/1998)، دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا لەلەیلا زانا دەترسێت، وادەزانێت دەتوانێت بۆ هەمیشە پێش لەڕێگای لەیلا زانا بگرێت، چۆن نەیانتوانی پێش لەڕێگای نیڵسۆن ماندیلا بگرن، ئاوەهاش ناتوانن پێش لەڕێگای لەیلا زاناش بگرن.[1]