دڵ هیلاکی نازتە با غەمزە تەدبیری نەکا
هەر دەبێ بمرێ مەگەر خەللاقی تەقدیری نەکا
ئەی قیامەت قامەتی تووبا قیامم هەستە تا
داعیەی بەرزی لە گوڵشەن سەروی کشمیری نەکا
من خەوی ئەو چاوە عەرزی ئیبنوسیرینم دەکرد
نوست و فەرمووی: هیچکەسێ تەفسیر و تەعبیری نەکا!
من لە سایەی ئەم دەرە ناڕۆم هەتا ڕۆژم نەیێ
با بە کەیفی خۆی بکا بەدکار و تەقسیری نەکا!
چونکە نرخی ماچی تۆی گۆڕی هەموو دەستەودوعان
خەتتی نەوخێزت وەکوو زولفت خودا پیری نەکا!
پێی بڵێ بادی سەبا غەم لێرە بێکەس کەوتووە
دڵ بوو غەمخواری ئەمانە، لەحزەیێ گیری نەکا!
ناحەقیی ئەو دەرحەقم، کەی دەیگرێ میزانی حەق؟
کاتبی ئەعمال ئەگەر بێت و تەڕەفگیری نەکا
غەیری دڵ ماوێژە کەس، تیرت لە ڕۆحی من کەوێ
تا بە جۆشی خوێنی حاجی سینە کەوگیری نەکا [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#