مەماتم حەیاتە، حەیاتم مەمات
کە لێم توند دەبێ ئەو دەمی ئیلتیفات
لەبی (نازەنین)ی بە خەتتی (جەلی)
لە (ئیران)ەوەی گرتووە تا هیرات
(عومر گونبەتی) لەززەتی داتەپی
(تەکتەڵوو)ی شکا زینی ئەسپی حەیات
تەماعم بۆ دونیا و عوقبا بخۆم
ئەمم چوو لە دەست و ئەوم بۆ نەهات
لە غوربەت بە شاهی لە بیر ناکرێ
زەمانی جوانی و یادی وڵات
لە (قوشخانە)وە تا دەمی (ئیچقەڵا)
لە (بایزاغە)وە تا مەحەللەی (قەڵات)
هەموو خزمی خۆمن دەزانم دەڵێن:
لە بێ حورمەتیمان بوو حاجی هەڵات! [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#