ماهی سەرچاوەی حەیاتم کەوتە بەند و داوی شەست
پشتی دەستی خۆم لە حەیوانی و لە بێعاری نەگەست
کامە لوقمان کەوتە چەنگی پیری، قۆڵی بانەدا
کامە ڕۆستەم تووشی بوو، نەیخست و دەست و پێی نەبەست
هێندە سوورەت زۆر بووە، مەعنا لە بەینا ون بووە
ئێستەکێ بێ سوورەت و مەعنایە عەیبی بتپەرست
غەیری چاوی نووستوو و بێداری تۆ نەمدیتووە
بێ نەزەرکردن بەسیر و مەردومی هوشیار و مەست
زولفی بۆ دەفعی هوجوومی لەشکری سوڵتانی خەت
کەوتە خاک و سەرکەشی دانا وەکوو عەهدی (الست)!
با وجوودی نەوجەوانی خەتتی سەوزی دەرکەوێ
عەهد و پەیمانی نەبوو موو، بۆیە پشتی پێ نەبەست
داوەموویێکی بە دونیا و بە مافیها نەدەی
حاجی گەر ئەحبابەکی جانی بە جانیت کەوتە دەست! [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#