#سوداد ڕەسووڵ#
یادەوەریی تێپەڕبوونی دە ساڵ بە سەر هەوڵێک بۆ پاراستنی زمانی کوردی، کە کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و نووسەر و شاعیری ناسراوی کورد، گرۆ(دەستە)یەکیان پێک هێنا بە ناوی گرۆی پێشدەستی بۆ پاراستنی زمانی
کوردی بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە، کە ئەم بەیاننامەیە لە لایەن ڕۆشنبیرانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا، نزیک بە پێنج سەد نووسەر و مامۆستا و مامۆستای زانکۆ و شاعیر و ڕۆشنبیر پشتگیرییان کرد و لە ڕێی ئیمێلەوە ئیمزایان بۆ نارد. ناوی ئەو کەسانەی ئیمزایان کردووە لە پۆستەکە بڵاو کراوەتەوە.
گرۆی پێشدەستییەکە ئەم نووسەرانە بوون:
ئاسۆ گەرمیانی، ئەحمەد باوەڕ، ئەحمەدی قازی، ئەمجەد شاکەلی، ئەمیر قازی، بەختیار ئەمین، بەدران ئەحمەد حەبیب، پشکۆ نەجمەدین، جووتیار تۆفیق هەورامی، خەبات عارف، ڕزگار شێخانی، ڕەفیق سابیر، سوداد ڕەسووڵ، سەلام ناوخۆش، شێخ عومەر غەریب (میر ئاکرەیی)، شێرکۆ بێکەس، عاسی ڕەباتی، فەرهاد شاکەلی، فەریدوون ئەرشەدی، فەهمی کاکەیی، پ. د. فوئاد حەمەخورشید، کاوە ئەمین، لەتیف هەڵمەت، مامۆستا عومەر عەسری، محەمەد موهتەدی، موحسین جوامێر، ناسری ڕەزازی، نەریمان خۆشناو.
لە بەیاننامەکە تیشک خراوەتە سەر دوو کۆنفرانسی زمانی کوردی کە لە ساڵی 2012 بەستران، یەکێکیان لە دیاربەکر و ئەوەی دی لە هەولێر، هەر دوو کۆنفرانسیش ئامانجیان گۆڕینی ئەلفوبێی کوردی (هەموارکراو لەسەر پیتی عەرەبی) بوو بۆ ئەلفوبێی لاتینی، کە ئەم گۆڕینە لای ئێمە هەڕەشەیەکی جددی بوو بۆ سەر زمان و شارستانیەتی کورد، چونکە ئەم گۆڕینە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەزموون و گەنجینەی هزری و مەعریفی کورد کە بە درێژایی مێژوو لە قاڵبی ئەم ئەلفوبێیە گەشەی کردووە و بە دەست هاتووە.
ئەم بەیاننامەیە لەگەڵ لیستی ناوی ئیمزاکردووان بۆ هەموو گۆڤار و ڕۆژنامەکان و ماڵپەڕە کوردییەکان نێردرا، بە داخەوە ڕۆژنامەکانی سەر بە دەسەڵات وەک برایەتی و خەبات و کوردستانی نوێ و هەموو ئەو ڕۆژنامانەی دی کە لە لایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانەوە دەردەچوون، بڵاو نەکرایەوە، چونکە ئەوان لە پشت ئەو دوو کۆنفرانسە بوون و هەڵبەت دژ بە داواکارییەکانی ئەم بەیاننامەیەش بوون.
ئەم بەیاننامەیە هەرچەندە لە لایەن دەسەڵاتەوە بایەخی پێ نەدرا، بەڵام بۆ کاتی خۆی دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، پشتگیرییەکی بەرفراوانی لە نێو ڕۆشنبیرانی کورد بە دەست هێنا، هەروەها کۆمەڵێک وتار و توێژینەوە سەبارەت بە مەسەلەی زمانی ستاندارد و پرسی گۆڕینی ئەلفوبێی بڵاو کرانەوە، ڕۆلێکی کاریگەریشی هەبوو لەسەر هۆشیارکردنەوەی ڕۆشنبیران بۆ پرسی زمان و پاراستنی، بەتایبەت کە پاراستنی ئەم ئەلفوبێیە پاراستنی زمانی کوردییە لەم دوو بەشەی کوردستان (باشوور و ڕۆژهەڵات).
ئێمە پێمان وابوو کورد لە باشوور هەرگیز نابێ بەو ڕێگایەدا هەنگاو هەڵگرێت کە پێشتر خوالێخۆشبوو جەلادەت بەدرخان بە ئامانجێکی سیاسی بۆ زاری کوردیی باکوور (زاری کورمانجی) ئەلفوبێی هەزار ساڵەی کوردی بۆ لاتینی گۆڕی، کە بەم گۆڕینەش ئەمڕۆ کوردی لە ڕووی زمان و شارستانی و کولتوورییەوە لە یەک دابڕیوە؛ باکوور ئاگای لە باشوور نییە، بە ڕادەیەک بەدەگمەن کەسێک لە باکوور دەدۆزییەوە ئاگای لەم هەموو کتێبە هەبێت کە لە باشوور چاپ و بڵاو دەکرێنەوە، تەنانەت ئاگایان لەو بڵاوکراوانەش نییە کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە ئەستەنبوڵ بە کوردی و بە ئەلفوبێی عەرەبی بڵاو بوونەوە. ئەم دابڕانە بەهۆی ئەلفوبێوە، دابڕانێکی قووڵی فەرهەنگی لە نێو کورد دروست کردووە کە لە دابەشبوونی جوگرافی و سیاسی قووڵترە.
ئەلفوبێ تەنیا ئامرازە بۆ نووسین، نابێ بۆ ئامانجێکی سیاسی بەکار بێت و پێمان وا بێ بە گۆرینی ئەلفوبێ بۆ لاتینی کورد لە ڕووی شارستانییەوە پێش دەکەوێ و لە ئەوروپا نزیک دەبێتەوە. ئەزموونی میللەتان لەگەڵ ئەلفوبێ ئەم ڕاستییەی ئاشکرا کردووە کە هیچ گەلێک بەهۆی ئەلفوبێوە پێش نەکەوتووە، پێشکەوتنی گەلان بە گۆڕان و پێشکەوتنی هزری و مەعریفییە بە گۆڕینی ئەلفوبێ نییە. یابان و کۆریا و چین و ڕووسیا لە وڵاتە پێشەنگەکانی پێشکەوتنی زانستی و پیشەسازین، چەند ئەلفوبێیەک بەکار دێنن لاتینی نین، کەواتە ئەلفوبێ هیچ پەیوەندی بە پێشکەوتنەوە نییە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە کورد گەلێکی ڕۆژهەڵاتییە و هەموو کولتوور و شارستانیەتی لە نێو چوارچێوەی ئەو فەرهەنگە ڕۆژهەڵاتییە و ئەم ئەلفوبێیە گەشەی کردووە، هەر بۆیە ئەلفوبێی کوردی هەموارکراو لەسەر پیتی عەرەبی بۆ نووسینی کوردی پێکهێنەرێکی گرنگی شارستانیەتی کوردە، ئاوێنەیەکی باڵانمایە کە هەموو زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردی لە نێو ئەم ئەلفوبێیە خۆی نمایش کردووە و دەکات، ئەم ئەلفوبێیە کورد بە ڕابردوو و ئێستای دەبەستێتەوە، بۆیە هەرگیز ڕاست نییە ئەلفوبێیەک بەم هەموو گەنجینە دەوڵەمەندە فەرهەنگییە بە بیانووی ناڕەوا و دوور لە هەموو بنەمایەکی زانستی بگۆڕدرێ بۆ لاتینی.
ئەم گرۆیە پێی وا بوو، ئەگەر پرسی یەکێتیی نووسین و ئەلفوبێ لای کوردی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان گرنگ بێت، ئەگەر بیانەوێ کورد لە داهاتوو ببێت بە خاوەن یەک ئەلفوبێی یەکگرتوو، پێویستە لە ئێستاوە هەوڵ بدرێ هەنگاو بە هەنگاو بگەڕێنەوە بۆ هەمان ئەلفوبێی مێژوویی و گونجاوی سیستەمی دەنگسازیی زمانی کوردی و واز لە لاتینی بێنن، ئەگەر هەر ناتوانن وازی لێ بێنن، پێویستە لەپاڵ ئەلفوبێی لاتینی بایەخێکی سەرەکی بەو ئەلفوبێ کوردییە بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن لەم هەموو ئەدەبیاتە دەوڵەمەندە کە لە باشوور بەم ئەلفوبێیە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە، سوودمەند بن؛ فەرامۆشکردنی ئەم ئەلفوبێیە، فەرامۆشکردنی لە 90٪ گەنجینەی نووسراوی زمان و ئەدەبیات و فەرهەنگی کوردییە، بۆیە کارێکی زۆر نابەجێ و نازانستییە ئێمە بەم هەموو گەنجینە نووسراوە، بچینە سەر ئەلفوبێیەکی لاتینی کە شتێکی وای پێ نەنووسراوە، هەرگیز ڕەوا نییە ڕەنجی هەوڵ و خەباتی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بە کوردیی ناوەندی و بەم ئەلفوبێیە بە با بدرێ و هەمووی بێنرخ بکرێ. بۆیە گرۆی پێشدەستی پێی وا بوو، ئەم جۆرە گۆڕینە بۆ ئەلفوبێ بۆ کوردیی ناوەندی لە دەستدانێکی فەرهەنگی زۆر گەورەیە بۆ کورد، بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە زمان و یەکێتیی نەتەوەی کورد ناکات.
شیاوی گوتنە، هەندێک کەس کە لەو کاتە دژی بەیاننامەکە بوون، دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە ئەم بەیاننامەیە بۆ دژایەتی کوردیی باکوور(کورمانجی) نووسراوە، بەڵام ئەگەر بەوردی سەرنجی دەقی بەیننامەکە بدرێ، کە هاوپێچ کراوە، شتێکی وای تێدا نییە، تەنیا ئاماژە بەوە دراوە کە حکومەتی هەرێم پێویستە پاراستنی ئەم ئەلفوبێیە و ئەم زمانە کوردییە بکات بە پلانی زمان بۆ باشووری کوردستان.
لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا سێ کەس لە ئەندامانی گرۆی پێشدەستی ماڵئاواییان لێ کردین: شێرکۆ بێکەس، ئەحمەدی قازی، سەلام ناوخۆش. درود بۆ گیانی پاکی ئەم نەمرانە کە بە هەڵوێستی بوێرانەیان بۆ زمانی کوردی، مێژوویەکی پرشنگداریان بۆ خۆیان تۆمار کرد.[1]