دەستگیریت لە عەمەلدا کە نەکا موڕشیدی پیر
دەستی تۆی گرتووە، پێی بەستوویی، مانەندی ئەسیر
ڕیشی وەک شیرە بەشیرت، ئەوە جەللادی ئەجەل
قۆڵی ماڵیوەتەوە، دەستی لە تۆ داوەتە شیر
ئەو دەمی هاتمە سەر شەکوە لە خزم و کەسی خۆم
ڕۆستەم و یوسفی گوڵپیرەهەنم کەوتەوە بیر
مار و ماسین دەبنە ئەژدەری سەحرا و نەهەنگ
دەست و پای بێسەروپای زاڵمە دەیکەن بە وەزیر
چوومە پارێزی، کە موژگان و برۆم دی لە کەمین
تیری من بوو بە کەمان، پشتی کەمانم بووە تیر
خەفییە نایەتە لای ئێمە لە تاریکی شەوا
ڕۆژی ڕووناکە دەترسێ لە عەوام و لە گزیر
حاجی وەک دڵ تۆ بە گرییە بە شوێنی مەکەوە
ئاسکێکە بە بەزین و بە هەرا نایەتە گیر! [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#